دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 پێش 1 هەفتە

یه‌كه‌م هه‌نگاوی قۆناغێكی نوێ له‌ عێراق ده‌ستیپێكرد

 هه‌رێم نیوز

دوای سێ مانگ له‌ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن، ئێواره‌ی‌ ئه‌مڕۆ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران عێراق كۆبوه‌وه‌و سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نه‌كه‌و هه‌ردو جێگره‌كه‌ی‌ هه‌ڵبژێردران.

هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ به‌پێی رێكه‌وتنێكی سیاسی پێشوه‌خت بو له‌ نێوان سه‌درییه‌كان و سوننه‌و پارتی دیموكراتی كوردستان.

له‌ پرۆسه‌ی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌دا محه‌مه‌د حه‌لبوسی، به‌سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌ن هه‌ڵبژێردراو حاكم زاملی له‌ ره‌وتی سه‌در به‌ جێگری یه‌كه‌م و شاخه‌وان عه‌بدوڵا، له‌ پارتی دیموكراتی كوردستان به‌ جێگری دوه‌م هه‌ڵبژێردرا.

له‌ پرۆسه‌ی‌ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌ن، مه‌حمود مه‌شهه‌دانی ركه‌به‌ری حه‌لبوسی ده‌كرد، به‌ڵام ئه‌ندامی ده‌نگدانه‌كه‌، 200 بۆ حه‌لبوسی و 14 بۆ مه‌شهه‌دانی بو.

دواتر له‌ پرۆسه‌ی‌ هه‌ڵبژاردنی حاكم زاملی، بۆ جێگری یه‌كه‌م، حه‌مید شبلاوی له‌ لیستی ئیمتیداد ركه‌به‌ری كرد، به‌ڵام ئه‌نجامه‌كه‌ به‌ 182 ده‌نگ بۆ زاملی یه‌كلابوه‌وه‌.

له‌ پرۆسه‌ی‌ هه‌ڵبژاردنی جێگری دوه‌م، سروه‌ عه‌بدولواحید، له‌ لیستی نه‌وه‌ی نوێ ركه‌به‌ری شاخه‌وانی كرد، به‌ڵام ئه‌نجامه‌كه‌ به‌ 180 ده‌نگ بۆ شاخه‌وان و 33 ده‌نگ بۆ سروه‌ یه‌كلابوه‌وه‌.

له‌ دوای‌ كۆتاییهاتنی پرۆسه‌كه‌، محه‌مه‌د حه‌لبوسی، له‌ هۆڵی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران ده‌رگای خۆپاڵاوتنی بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆمار له‌ماوه‌ی‌ 15 رۆژدا كرده‌وه‌.

به‌پێی نه‌ریتی سیاسی عێراق، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق بۆ سوننه‌یه‌و جێگری یه‌كه‌می بۆ شیعه‌و جێگره‌كه‌ی‌ تریش بۆ كورده‌.

له‌ هەڵبژاردنی 10-10-2021، رەوتی سەدر بە 73 كورسی به‌ ده‌ستهێناو بو به‌ به‌ گه‌وره‌ترین كوتله‌ی‌ ئه‌نجومه‌ن، پارتی دیمه‌كراتی كوردستانیش خاوه‌نی 31 كورسییه‌و سوننه‌كانیش 67 كورسییان هه‌یه‌.

ره‌وتی سه‌در ته‌ئكید له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌، كه‌ حكومه‌تێكی زۆرینه‌ی‌ نیشتمانی پێكدێنێت، به‌ڵام لایه‌نه‌كانی تری شیعه‌ كه‌ سه‌روی 54 كورسییان هه‌یه‌، داوا ده‌كه‌ن حكومه‌ته‌كه‌ ته‌وافوقی بێت.

موقته‌دا سه‌در، سه‌رۆكی ره‌وتی سه‌در، له‌ دوای هه‌ڵبژاردنی ده‌سته‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران، له‌ تویتێكدا وتی: "ھەڵبژاردنی سەرۆکی ئه‌نجومه‌ن و هه‌ردو جێگره‌كه‌ی‌، یەکەمین مژدەی پێکھێنانی حکومەتی زۆرینەی نیشتیمانییە... پیرۆزبای لەگەلی عێراق دەکەم بۆ ھەنگاوی یەکەم و دانانی ئەم خشتی‌ یەکه‌مە بۆ دروستکردنی عێراقێکی سەربەخۆی ناپاشکۆ، ناتائیفی، نانەژادی، ناگەنده‌ڵی، سوپاس بۆخوا بۆ ئەم نیعمەتە."

چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی شیعه‌كانیش كه‌ هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ بایكۆتی دانیشتنه‌كانیان كرد، له‌ راگه‌یه‌نراوێكدا ته‌ئكیدیاوه‌ له‌وه‌كرده‌وه‌، دان به‌ پرۆسه‌ی‌ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌راندا نانێن، به‌هۆی ئه‌وه‌ی‌ مه‌حمود مه‌شهه‌دانی وه‌ك سه‌رۆكی به‌ ته‌مه‌ن پرۆسه‌كه‌ی‌ به‌ڕێوه‌ نه‌بردوه‌.

مه‌حمود مه‌شهه‌دانی، له‌سه‌ره‌تای دانیشتنه‌كه‌ی‌ ئه‌مڕۆدا دانیشتنه‌كه‌ی‌ به‌ڕێوه‌برد، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی‌ دانیشتنه‌كه‌ی‌ به‌ كراوه‌یی هێشته‌وه‌، گرژی دروستبو، باس له‌وه‌ ده‌كرێت له‌لایه‌ن په‌رله‌مانتارێكه‌وه‌ هێرشی كرابێته‌ سه‌ر و به‌وهۆیه‌وه‌ گوزرایه‌وه‌ بۆ نه‌خۆشخانه‌و له‌لایه‌ن په‌رله‌مانتارێكی تری به‌ ته‌مه‌نه‌وه‌ به‌ناوی خالید ده‌ڕاجی دانیشتنه‌كه‌ به‌ڕێوه‌برا.

له‌ مانگی تشرینی دوه‌می 2019، له‌به‌غداو شاره‌كانی تر خۆپیشاندان دژ به‌ حكومه‌ت و كه‌می خزمه‌تگوزاری سه‌ریهه‌ڵدا، پاش به‌رده‌زامبونی ناڕه‌زاییه‌كان كوژرانی زیاتر له‌ 800 خۆپیشانده‌ر و برینداربونی نزیكه‌ی‌ 10 هه‌زار خۆپیشانده‌ر، سه‌ره‌نجام حكومه‌ته‌كه‌ی‌ عادل عه‌بدولمه‌هدی ده‌ستی له‌كاركێشایه‌وه‌و ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌ختیش یه‌كێك بو له‌ مه‌رجه‌كانی‌ خۆپیشانده‌ران، كه‌ سه‌ره‌نجام له‌ 10-10-2021 به‌دیهێنرا.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP