دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 پێش 2 هەفتە

دوه‌م ساڵیادی كوژرانی قاسمی سوله‌یمانی سه‌قامگیری عێراق تێكده‌دات

هه‌رێم نیوز

له‌ دوه‌مین ساڵیادی كوژرانی قاسمی سلێمانی‌، فه‌رمانده‌ی‌ فه‌یله‌قی قودسی ئێرانی 3-1-2022، هێرش و په‌لاماری گروپه‌ چه‌كداره‌كانی شیعه‌ بۆ سه‌ر كاروانی ئۆتۆمۆبێله‌كانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی و بنكه‌ی‌ سه‌ربازی عه‌ین ئه‌سه‌د، كه‌ ئه‌و ژماره‌ راوێژكاره‌ی‌ تێدا ماوه‌ی‌ بڕیاره‌ مه‌شق به‌ سوپای عێراق بكه‌ن به‌رده‌وام رویان له‌ زیادبونه‌وه‌.

زۆربه‌ی‌ هێرشه‌كان كه‌ ئه‌نجامده‌درێن، له‌ رێگه‌ی‌ فڕۆكه‌ی‌ بێ فڕۆكه‌وانه‌وه‌یه‌، له‌ نوێترین پێشهاتیشدا رۆژی چوارشه‌ممه‌ 5-1-2022 ئه‌و هێرشانه‌ی‌ به‌ "هه‌ڵسوكه‌وتی تێكده‌رانه‌" دایه‌ قه‌ڵه‌م.

كازمی وتی، هێرشكردنه‌ سه‌ر سه‌ربازخانه‌ عێراقییه‌كان، "هه‌ڵسوكه‌وتێكی تێكده‌رانه‌یه‌و سه‌قامگیری و ئاسایش تێكده‌دات".

له‌ دانیشتنی حكومه‌تی عێراق كه‌ له‌ شاری نه‌جه‌ف به‌ڕێوه‌چو، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق رایگه‌یاند: به‌داخه‌وه‌ هه‌ندێكی هه‌ڵسوكه‌وتی تێكده‌رانه‌ ده‌بینین له‌ رۆژه‌كانی سه‌ره‌تای ساڵی نوێوه‌، چه‌ندین موشه‌ك به‌ ئاراسته‌ی‌ سه‌ربازگه‌ عێراقییه‌كان ته‌قێنراون، ئه‌مه‌ بێگومان كه‌شی ئاسایش و سه‌قامگیری ده‌شێوێنێت."

ته‌ئكیدیشی له‌وه‌كرده‌وه‌، كه‌ "رۆڵی شه‌ڕكردنی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و هێزه‌كانی‌ هاوپه‌یمانی ته‌واوبوه‌، سه‌ربازگه‌كان له‌لایه‌ن سوپای عێراقه‌وه‌ وه‌رگیراون، له‌ ئێستادا ژماره‌یه‌ك راوێژكار ماون له‌گه‌ڵ هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی عێراقدا كارده‌كه‌ن."

حسێن عه‌لاوی، راوێژكاری مسته‌فا كازمی بۆ كاروباری ئه‌منی ده‌ڵێت: "ئه‌و هێرشانه‌ ده‌ریده‌خات چه‌ند لایه‌نێك ده‌یانه‌وێت دۆسییه‌كان تێكه‌ڵ بكه‌ن، چه‌ند لایه‌نێكی چه‌كداریش هه‌یه‌ ده‌یه‌وێت وڵات هه‌میشه‌ له‌ ململانێی به‌رده‌وامدا بێت." ته‌نها رۆژی چوارشه‌ممه‌، 6 هێرشی فڕۆكه‌ی‌ بێ فڕۆكه‌وان بۆ سه‌ر بنكه‌كانی عه‌ین ئه‌سه‌دو فیكتۆریا له‌ نزیك فڕۆكه‌خانه‌ی‌ به‌غدا ئه‌نجامدراون، گروپێكی شیعه‌ش به‌ناوی "قاصم الجبارین" به‌رپرسیارییه‌تی خۆی له‌ هێرشی درۆنه‌كان و چه‌ند هێرشێكی تر راگه‌یاند كه‌ به‌ بۆمبی چێنراو له‌ شاره‌كانی بابل و موسه‌نا كرابوه‌ سه‌ر كاروانی لۆجستی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی.

پنتاگۆن: مافی به‌رگریكردن له‌ خۆمان هه‌یه‌ رۆژی چوارشه‌ممه‌ 5-1-2022 جۆن كیربی، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌مه‌ریكا رایگه‌یاند، هه‌ڕه‌شه‌ی‌ گروپه‌كانی سه‌ر به‌ ئێران له‌ ئه‌مه‌ریكا له‌ ناو عێراق و سوریا به‌ جدی وه‌رده‌گرن و مافی ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ به‌رگری له‌ خۆیان بكات.

سه‌باره‌ت به‌و هێرشانه‌ی‌ هاوكات له‌گه‌ڵ دوه‌مین ساڵیادی كوژرانی قاسمی سوله‌یمانی ده‌كرێته‌ سه‌ر هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌مه‌ریكا پنتاگۆن وتی: "ئه‌و هێرشانه‌ هاوشێوه‌ی‌ ئه‌و هێرشانه‌یه‌ كه‌ له‌ رابوردودا گروپه‌كانی‌ سه‌ر به‌ ئێران له‌ عێراق و سوریا ئه‌نجامیان ده‌دا."

جگه‌ له‌ عێراق، له‌ سوریاش گروپه‌كانی سه‌ر به‌ ئێران له‌ دێره‌زور هێرشیانكردوه‌ته‌ سه‌ر هێزه‌كانی‌ ئه‌مه‌ریكا، له‌ به‌رامبه‌ریشدا له‌ 24 سه‌عاتی رابوردو، ئه‌مه‌ریكا دو بنكه‌ی‌ گروپه‌كانی سه‌ر به‌ ئێرانی له‌ سوریا بۆردومانكردوه‌.

جۆن كیربی ته‌ئكیدی له‌وه‌شكردوه‌ته‌وه‌، ئه‌وان هه‌میشه‌ هه‌ست به‌ نیگه‌رانی ده‌كه‌ن له‌ هێرشكردنه‌ سه‌ر هێزه‌كانیان له‌ عێراق و ئه‌و نیگه‌رانیه‌شیان نوێ نیه‌. له‌باره‌ی‌ ئه‌و هێزانه‌شه‌وه‌ كه‌ وه‌ك راوێژكار له‌ عێراقدا هه‌ن، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌مه‌ریكا وتویه‌تی، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی‌ ئه‌و هێزانه‌ راوێژكارین، به‌ڵام مافی به‌رگریكردن له‌ خۆیان هه‌یه‌.

تۆڵه‌ی‌ سلێمانی به‌ ده‌رچون له‌ عێراق سەرباری ئەوەی‌ بەشێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام به‌رپرسانی‌ عێراقی ته‌ئكید له‌سه‌ر چونه‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ هێزه‌ بیانییه‌كان ده‌كه‌نه‌وه‌، به‌ڵام گروپه‌ چه‌كداره‌ شیعه‌كان كه‌ ناوی "موقاوه‌مه‌"یان له‌ خۆیان ناوه‌، ته‌ئكید له‌وه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ چونه‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ئه‌و هێزانه‌ راستی تێدا نییه‌و بڕیاریانداوه‌ ده‌ست ناپارێزن له‌ به‌ ئامانجگرتنی هێزه‌كانی‌ هاوپه‌یمانی تا دوا سه‌ربازی ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق ناچار ده‌كه‌ن بچێته‌ ده‌ره‌وه‌.

سه‌ركرده‌كانی گروپه‌ چه‌كداره‌ نزیكه‌كان له‌ ئێران، له‌ ساڵیادی كوژرانی قاسمی سلێمانی‌ و ئه‌بو مه‌هدی موهه‌ندیس، كه‌ 3-1-2022 به‌ڕێوه‌چو به‌ ئێستاشه‌وه‌ به‌رده‌وامییان پێداوه‌، ته‌ئكید له‌وه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ ته‌نها به‌ ده‌رچونی هێزه‌ بیانییه‌كان تۆڵه‌ی‌ ئه‌و دو كه‌سه‌ ده‌كرێته‌وه‌.

له‌ ساڵی 2014دا دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ داعش چه‌ند ناوچه‌یه‌كی عێراقی داگیركرد، هێزه‌كانی‌ هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی كه‌ 80 وڵات له‌ خۆ ده‌گرێت هاتنه‌ ناو عێراقه‌وه‌.

له‌ سێی كانونی دوه‌می 2020، كاتێك قاسمی سلێمانی و ئه‌بو مه‌هدی موهه‌ندیس له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكاوه‌ له‌ فڕۆكه‌خانه‌ی‌ به‌غدا كوژران، له‌لایه‌ن فراكسیۆنه‌ شیعه‌كانه‌وه‌ لە ئەنجومەنی نوێنەران كه‌ زۆرینه‌ی ئه‌نجومه‌نه‌كه‌یان پێكدەهێنا، به‌بێ ره‌چاوكردنی خواستی كوردو سوننه‌، دو رۆژ پاش روداوەکە بڕیاری ده‌ركردنی هێزه‌ بیانییه‌كانیان له‌ عێراق ده‌ركردو مەبەستی سەرەکیشیان ئەمەریکا بو.

پاش چوار گه‌ڕی دانوستان له‌ نێوان حكومه‌تی عێراق و واشنتن، له‌ 26ی‌ ته‌موزی‌ 2021 گه‌شتنه‌ ئه‌و رێكه‌وتنه‌ی له‌ كۆتایی ئه‌م مانگه‌دا هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی كۆتایی به‌ ئه‌ركی شه‌ڕكردن له‌ عێراقدا بهێنن و ئه‌ركیان بۆ راوێژكاری و مه‌شقكردن به‌ هێزه‌ عێراقییه‌كان بگۆڕدرێت.

گروپه‌ شیعه‌كان و ته‌ئكید له‌وه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌، پێویسته‌ به‌ هه‌مو شێوه‌یه‌ك هێزه‌كانی‌ ئه‌مه‌ریكا له‌ خاكی عێراقدا نه‌مێنن و قبوڵیشیان نیه‌ به‌ناوی‌ راوێژكاره‌وه‌ هیچ ئه‌مه‌ریكییه‌ك له‌ عێراقدا بمێێنێته‌وه‌.

ئه‌مه‌ریكا 2500 سه‌ربازی له‌ عێراقدایه‌ له‌ 10-12-2021 ژه‌نه‌راڵ فرانك ماكێنزی، فه‌رمانده‌ی فه‌رمانده‌یی ناوه‌ندی ئه‌مه‌ریكا له‌ دیدارێكی رۆژنامه‌وانی له‌گه‌ڵ ئاسۆشێتدپرێس، رایگه‌یاند، كۆتاییهاتنی ئه‌ركی شه‌ڕكردنی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا به‌مانای‌ كۆتاییهاتنی بونی سه‌ربازی ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق نایه‌ت و وتی "ئێمه‌ ده‌مێنینه‌وه‌."

رونیشیكردوه‌ته‌وه‌، كه‌ 2500 سه‌ربازی ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق ده‌مێنێته‌وه‌و پێشبینیشیكردوه‌ له‌لایه‌ن ئه‌و میلیشیانه‌ی‌ له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه‌ پشتیوانییان لێده‌كرێت، هێرشه‌كان دژ به‌ هێزه‌كانیان په‌ره‌بسه‌نێت و وتی "داواكاری میلیشیاكان له‌ عێراق ئه‌وه‌یه‌ هه‌مو هێزه‌كانی‌ ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق بچنه‌ ده‌ره‌وه‌، به‌ڵام هه‌رگیز شتی وا رونادات."



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP