دواین هەواڵ

کۆمەڵایەتی‌

 02/01/2022

پەیڤێک بۆ ساڵی ٢٠٢٢

ئازاد بەرزنجی
ئەگەر ساڵەکان بەتەنها کەڵەکەکردنی ژمارەیی بن بۆ سەر تەمەنمان، کەواتە چیمان کردووە بە چی؟

ئەگەر لە کۆتایی هەر ساڵێکدا بەخۆداچوونەوەیەک بۆ خۆمان و ژیانمان نەکەین و دیوە ئەرێنی و نەرێنییەکانی بیرکردنەوە و ڕەفتارمان نەبینین، کەواتە جیاوازیی نێوان ساڵەکان چییە؟

ئەگەر ساڵ بە سال کار لەسەر خۆمان و دەروونی خۆمان و هزری خۆمان نەکەین، بەمەبەستی هەنگاونان بەرەو ژیانێکی باڵا و بەرەو بەها ئینسانییە قووڵەکان و بەرەو بەرکەماڵی، ئیدی دەبێ بەهای ساڵەکانی تەمەنمان چی بێت؟

ئەگەر ئاوڕێک لەو ساڵانە نەدەینەوە، تا بزانین چیمان ئەنجام داوە، کار و بەرهەمەکانمان بۆ ژیان و بۆ ئینسانەکانی دی چی بوون، ئیتر هاتن و تێپەڕینی ساڵ چ مانایەکی هەیە؟

ئەگەر لە کۆتایی هەموو ساڵێکدا پێداچوونەوەیەک بۆ ڕووداوە تایبەتی و گشتییەکانی ژیانمان نەکەین و لە خۆمان نەپرسین ئێمەیش تا چەند لە ئاستی ڕووداو و کارەساتەکانی ئەو ساڵەدا بەرپرسیارێتیمان بەردەکەوێ و هەڵسەنگاندنیان بۆ نەکەین و نەیانکەین بە پێودانێک بۆ ساڵانی دواتر، کەواتە پێگەی "مرۆڤبوون"مان چییە؟

لە کاتێکدا ساڵانێکە، ساڵ دوای ساڵ پێودانی ئەخلاقی نامێنێت و ئەوراقەکان پتر تێکەڵ دەبن و بە جۆرێک کە لێکجیاکردنەوەیان زەحمەتە و ئەوەی مرۆڤێکی جیددی و خەمخۆر بە دە ساڵ بنیاتی دەنێت، نمایشکارێک و مۆدێلێکی شۆ (Show) و لێبووکێکی هەرزانفرۆش لە چاوترووکانێکدا و بە پەلەپیتکەیەک دەیڕووخێنێت و دەیان ساڵی تری دەوێت تا بنیات بنرێتەوە، ئیتر پیرۆزبایی لە کام سەرکەوتنانەی ژیانمان بکەین لە سەری ساڵەکاندا؟

من بەش بە حاڵی خۆم و وەک ئەو پەندەی دەڵێت "دیاریی شوان یا نانە یا هەڵەکۆک"، لە کۆتایی هەر ساڵێکدا ئەوەی کەمێک تەسەللام دەداتەوە ئەوەیە کە توانیبێتم بەرهەمێکی تازە بخەمە بەرچاوی هاوڕێیان و خوێنەران، هەر ئەمەیش پێوەرمە بۆ ساڵەکانی تەمەن.

ئەوە بوو لە ساڵی ٢٠٢١ دا توانیم کۆبەرهەمی "جوبران خەلیل جوبران" وەربگێڕم، کە بۆ یەکەمجارە کۆبەرهەمی ئەو داهێنەرە گەورەیە بکرێ بە کوردی.

بۆ ساڵی (٢٠٢٢) چەند پرۆژەیەکم هەیە، کە هیوادارم بتوانم ئەنجامیان بدەم، یەکێک لەوانە کتێبی "هەمانبێت یان هەبین "To Have or To Be "یە، کە کتێبێکی گرنگی بیرمەندی گەورە "ئەریک فرۆم"ە و دوا کتێبی ژیانێتی و کە ، بە بڕوای من خوێندنەوەی ئەم کتێبە و تەواوی کتێبەکانی فرۆم پێداویستییەکی هەنووکەییە بۆ ئینسانی کورد تا زیاتر لە ڕەهەندە مرۆییەکانی خۆی و کۆمەڵگای بەرخۆری هاوچەرخ بگات.

بەڵام لە یادیشم ناچێت، وەکو پار و پێرار، ئەم چەپکە وتە بەهادار و مانادارەی سۆفیی مەزن ":جەلالەدینی ڕۆمی" پێشکەش بە تەواوی ئازیزان بکەم و تەمەننای ساڵێکی پڕ لە وزە و بەختەوەری و ئاسودەیی بۆ یەک بە یەکیان بکەم.

هەڵبژاردەیەک لە وتەکانی مەولانا جەلالەدینی ڕۆمی

1- بەتەنها کاتێ کە بەڕۆح کارێک ئەنجام ئەدەیت، هەست بەو ڕووبارە سازگارە دەکەیت کە لە ناختدا هەڵدەقوڵێت... ئەوەش خۆشنوودیی تەواوەتییە.

2- ژیان ڕێگایەکە تایبەتە بە خۆت. دەشێ کەسێک بۆ ماوەیەک هاوەڵی ئەم ڕێگایەت بێت، بەڵام دواجار دەبێ ئەو ڕێگایە بەتەنیا هەر خۆت بیبڕیت.

3- هەموو شتەکان وەختێ لێکدەدرێنەوە، ڕوون دەبنەوە، کەچی عیشق ئەو دەمە ڕوونترە کە هیچ لێکدانەوەیەک هەڵناگرێ.

4- سوپاسگوزار بە بۆ هەموو ئەو شتانەی لە ژیاندا پێیاندا تێدەپەڕیت، لەبەر ئەوەی هەریەکێک لەو شتانە "ئاماژەیەکە لە خوداوە بۆ تۆ".

5- خودا ئازاری خولقاندووە تا لە میانییەوە دژەکەی دەرکەوێ کە بەختەوەرییە، چونکە شتەکان لە میانی دژەکانیانەوە دەردەکەون. لەبەرئەوەی دژێکیش نییە بۆ خودا، بۆیە هەر بە پەنهانی دەمێنێتەوە.

6- مەگری بۆ شتێک کە لە دەستت داوە، هەر شتێک کە لە دەستی دەدەیت زۆری پێ ناچێت بە دەستی دێنیتەوە، بەڵام لە شێوەیەکی تردا... بەتەنها ورد ببەرەوە دەبینیت کە وایە.

7- بە دەنگی بەرز مەدوێ ، چونکە ئەوە بارانە دەبێتە مایەی ڕووانی گوڵ، نەک هەورەگرمە.

8- ڕەنگە شتە سادەکان تایبەتترین شت بن، بەڵام هەموو چاوێک توانای بینینیانی نییە.

9- برینەکانمان ئەو درزانەن کە ڕووناکییان لێوە دێتە ناوەوە، بۆیە من سوپاسگوزاری هەموو برینەکانمم.

10- کاتێ جوانی لەناو دڵی خۆتدا دەدۆزیتەوە، لەناو هەموو دڵەکانی تریشدا دەیدۆزیتەوە.

11- وەختێ دەتەوێ بەدوای زێدی ڕۆحدا بگەڕێیت، ئەوا خۆت ڕۆحیت، وەختێکیش دەتەوێ بەدوای پارچەیەک ناندا بگەڕێیت، ئەوا خۆت نانیت. کاتێکیش دەرک بەم بیرۆکە وردە دەکەیت، لەوە تێدەگەیت کە هەموو ئەو شتانەی بەدوایاندا دەگەڕێیت، خۆتن.

12- عاشق نازانێ نائومێدی چییە، دڵێکیش کە شەیدا بوو، هیچ شتێک بۆی ئەستەم نییە.

13- تەنها بە دڵ دەتوانیت بەر ئاسمان بکەویت.

14- شوورەییە بتەوێ ببیت بە کەسێکی تر و ڕوخسار و جوانییە تایبەتەکەی خۆت نەبینیت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP