بۆچی مرۆڤ ده‌توانێ به‌و هه‌موو رووانه‌وه نمایش بكات، له‌به‌رچی ئه‌و دنیایه وه‌ك درامایه‌ك تێگه‌یشتووه‌و به‌پێی گرته‌كان ده‌یهه‌وێت رۆڵ ببینێ، حیكمه‌تى ئه‌و هه‌موو هه‌ڵبه‌زو دابه‌زه چیه كه ماوه‌یه‌ك خۆى لێده‌بێته كۆلكه فه‌قێ‌و به‌رماڵه‌كه‌ى له بن باڵه، كه‌چی تاوێكى تر ده‌بێته (ریچارد دۆكنێز)و سه‌ری زوبان‌و بنى زمانى ده‌بێته تیۆرییه‌كه‌ى داروین بۆ گه‌شه‌سه‌ندنى مرۆڤ‌و په‌یابوونى ژیان، ئه‌وه چ مه‌ته‌ڵێكى پوچه بۆ ره‌چه‌ڵه‌ك‌و جوگرافیاى هه‌موو ئه‌وانى دیكه ده‌تریقێته‌وه‌و مۆری موختارانه‌ى (لادێی) لێده‌داو چاوێكیشی له‌سه‌ر تاپۆ ره‌شه‌كه‌ى باوكیه‌تى، چونكه له كوێره دێیه‌ك ره‌زی میراتى بۆ جێماوه.
چه‌ند مه‌خلوقێكى غه‌ریبن، لێیان گه‌ڕێی سه‌دان كۆمێنت له‌باره‌ى تێكچوونى شیرازه‌ى خێزان‌و لاڕێبوونى به‌ها كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان ده‌نووسن، كه‌چی به‌دیار لایڤێكى پۆرنستارێكى كورده‌وه واقیان وڕ ده‌مێنێ، كه داخۆ كاتژمێر سفری كردنه‌وه‌ى قۆپچه‌ی كراسه‌كه‌ى كه‌ینێیه، هه‌ر به‌ڕاستیش سه‌مه‌ره‌ن، ته‌نها چاوتروكانێكیان به‌سه بۆ ئه‌وه‌ى لێك لێك ماسكه‌كه‌یان بگۆڕن.
ئه‌مجۆره له سایكلۆژیا‌و سروشته نه‌گریسه، به‌رده‌وام قسه‌ى هه‌یه بۆ ووتن، زۆر خۆى به مێژوو گیڤ ده‌كاته‌وه‌و شان‌و باڵى خۆى لێ بۆته (هه‌رقل)ـ سه‌ره‌داوى هه‌ر چیرۆكێكى بۆ بكه‌یته‌وه، ئه‌ویش له چیرۆكێكى هاوشێوه‌دا پاڵه‌وان بووه، له هه‌ر بابه‌تێكدا ئه‌و رۆژگارێك تێیدا سه‌رمه‌شق‌و ئه‌ندازیاربووه، له‌به‌رده‌م مایكى (روداو) ئه‌وه‌ستێ‌و كونج‌و كه‌له‌به‌ره‌كانى ئابوریی سه‌ربه‌خۆ وه‌ك ده‌ستكه‌وتى نیشتمانیی ده‌گێڕێته‌وه، چه‌ند مه‌ترێك ئه‌ولاتر دڵى (ئێن ئار تی) ناشكێنێ‌و به‌شان‌و باڵى به‌نزینه داشكێنراوه‌كه‌دا هه‌ڵده‌ڵێ، ئه‌گه‌ر لوتى بته‌قێ به مایكه‌كه‌ى (كه‌ى ئێن ئێن)دا، ده‌بێته رێبوارێكى سه‌رڕاستى شه‌قام‌و داستانه‌كانى حه‌ڤده‌ى شوبات بیر دێنێته‌وه، خۆ ئه‌گه‌ر (كوردسات)یش لوتف بنوێنێ‌و بیدوێنێ، بێ چه‌ندو چوون راستكردنه‌وه‌ى رێڕه‌و وه‌ك ده‌ستكه‌وتێكى نه‌ته‌وه‌یی وێنا ده‌كات، ئێمه نه‌وه‌یه‌كین له‌به‌رده‌م ئه‌و جۆره جه‌نه‌ڕاڵانه، ئه‌و تایپه له به‌شه‌ر كه وه‌ك هه‌زار پێی خشۆك، هه‌زار روویان هه‌یه‌و له‌كوێ بای به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌وان هه‌بێت، شه‌نى خۆبچوككردنه‌وه ده‌كه‌ن.
له‌ناو شه‌یتانخانه‌ى سۆشیال میدیا، هه‌میشه چانسی ده‌ركه‌وتنى ئه‌و جۆره له به‌شه‌ر زۆره، رێگاكانى به پاڵه‌وانبوونى ئه‌و بوكه‌ڵه میدیاییانه ئاسان‌و بێ گرفته، زوو زوو به لایڤێكى پوچ یان دیدارێكى هه‌زیل ده‌بنه براندى گه‌مژه‌یی‌و له پارك‌و شوێنه گشتییه‌كان له‌به‌ر وێنه به‌ركه‌س ناكه‌ون، له‌سه‌ر ئایین قسه ده‌كه‌ن‌و له فتوا ئیشیان بۆ (د. یوسف قه‌ره‌زاوی)ش نه‌هێشتۆته‌وه، كه دێنه سه‌ر ئابووری‌و بازرگانى (ماڵتۆس) به‌شاگرد وه‌رناگرن، كه قسه‌و باس دێته سه‌ر په‌رله‌مان‌و گوتاربێژی وا له‌خۆیان حاڵی بوون (شیشرۆن)ن، كه دێنه سه‌ر باسی سیاسه‌ت (ماكیاڤیلی) به نه‌خوێنده‌وار ده‌زانن، كه‌چی ئه‌و جه‌نه‌ڕاڵه هه‌زار رووانه، كه ده‌كه‌ونه ته‌ڵه‌كه‌وه‌و شه‌كرێكى زیاده ده‌شكێنن، هه‌ر زوو له‌ژێر تایتڵى (وامزانى رادیۆیه) ریسی خه‌یاڵپڵاویان ده‌بێته‌وه خوری‌و قوڕو قه‌پ لێی داده‌نیشن.