دواین هەواڵ

هەمەرەنگ‌

 21/12/2021

ئەو ڕێگایانەی پێویستە دایک بەکاریان بهێنێت لە پەروەردەکردنی منداڵەکەیدا :


هەڵبەت ڕۆڵی دایک و باوک لە پەروەردەکردنی منداڵدا تەواوکارییە ، ناتوانین بە ڕەهایی بەلای هیچ یەکێکیاندا بیشکێنینەوە ، بەڵام بە پێی ( قۆناغ و کات ) ڕێژەکە دەگۆڕێت لە نێوان باوک و دایک دا ، چونکە بابەتەکە پەروەردەکردنە کە ئەمەش کاریگەری دەروونی و عەقڵی و جەستەیی لەسەر خوودی منداڵ دەبێت . زانا سیمۆنز دەڵێت : ( پێویستە منداڵ ۲۰ ساڵ بەر لە لەدایک بوونی پەروەردە بکرێت ، ئەویش بە پەروەردەکردنی دایکی ) بۆیە ڕۆڵی دایک لە بونیادنان و گەشەپێدانی سەرجەم لایەنەکانی گەشەی منداڵ ڕۆڵێکی زۆر هەستیار وکاریگەرە ، لەم ڕوانگەیەوە پێویستە دایکان ئەم ڕێگایانە لەبیرنەکەن ، هەتاکو منداڵێکی تەندروست گۆش بکەن لە ئامێزی خێزانەکەیاندا :

۱ ــ پێویستە دایک کاتێکی دیاریکراو دابنێت کە بە تەنها و بەرامبەر لەگەڵ منداڵەکەی دابنیشێت ، بۆ ڕاستکردنەوەی هەڵەکانی .

۲ ــ دانانی سندوقێک بۆ هەڵگرتنی یارییەکانی لە کاتی سەرپێچیدا وەک سزایەک .

۳ ــ قەرەبووکردنەوەی ئەو کاتانەی لاساری تیاداکردووە یان بە بەهانەیەکەوە گریاوە بە ئەنجامدانی کارێکی بەسوود لە لایەن منداڵەکەوە .

٤ ــ فێری بکە بە دەست بەجێ پۆزش بهێنێتەوە لەسەر هەڵەکانی و داوای لێبووردن بکات .

٥ ــ یاری مەکە بە ڕۆڵی دادگەریت لەنێوان منداڵەکانت ، وە پێیان ڕابگەیەنە کە خۆیان ڕێگە چارە بدۆزنەوە .

٦ ــ دوورکەوتنەوە لە چوونە ژێر کاریگەری خواستەکانی منداڵ بە گریان و هاوارکردن ، لەبەرئەوەی بەم کارەی یان ئەو باوەڕ بە تۆ دەهێنێت ، یان تۆ باوەڕ بەو دەهێنیت .

سۆران ڕەسوڵ ، پسپۆڕی پەروەردەی منداڵان



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP