دواین هەواڵ

هەمەرەنگ‌

 20/12/2021

سبەی ئێوارە دیاردەی وەرگەڕانی زستانە ڕوودەدات

هەرێم نیوز
بەپێی لێكدانەوە فەلەكییەكان، رۆژی سێشەممە، 2021.12.21 كاتژمێر 07:00 ی ئێوارە بە كاتی هەولێر، دیاردەی  (وەرگەڕانی زستانە Winter Solstice  ) روودەدات، واتە یەكەم رۆژی وەرزی زستان لەنیوەگۆی باكووری هەسارەكەمان دەستپێدەكات، وە ئەو رۆژەش درێژترین شەوی تیادایە كە ماوەكەی دەگاتە 14 كاتژمێرو 7 خولەك و ماوەی رۆژیش كورترین ئاست تۆمار دەكات كە دەگاتە 9 كاتژمێرو 53 خولەك و ماوەی وەرزی زستانیش بە گشتی 88 رۆژو 23 كاتژمێرو 34 خولەك دەبێت.

 
هەر لەو رۆژەدا، وە بەپێی لاریی گۆشەیی خولانەوەی تەوەریی زەوی لەسەر خولگەكەیدا، تیشكی خۆر ستوونی دەبێت لەسەر (خولگەی گیسك) لەنیوەگۆی باشووری زەوی، هەربۆیە تیشكی خۆر زیاتر بەرەو نیوەگۆی باشووری زەوی دەكشێ تا دەگاتە ئاستی 23 پلەو 26 خولەك بەرەو باشوور، كە ئەمەش واتای كشانێكی زۆر دەنوێنێ لە تیشكی خور لە نیوەگۆی باكوور بەرەو باشوور، ئەوكاتە بۆ دانیشتوانی نیوەگۆی باشووری زەوی، دەستپێكی وەرزی هاوینە، واتە (وەرگەڕانی هاوینە Summer Solstice  ) دەبێت.

كەواتە هۆكاری درێژبوونەوەی ماوەی شەو و رۆژو دابەزینی پلەكانی گەرما لە نیوەگۆی باكووری زەوی هۆكارەكەی بۆ لاربوونەوەی تیشكی خۆرە، نەوەك دووركەوتنەوەو نزیكبونەوەی زەوی لە خۆر، چونكە لە راستیدا وەرگەڕانی زستانە لە نیوگۆی باكووری زەویدا كاتێك روودەدات كە هەسارەكەمان لە نزیكترین خاڵدایە لە گەڵ خۆر، كە بۆ ئەمساڵ دەگاتە 147 ملیۆن و 99 هەزارو 760 كم، وە ئەمەش پێچەوانەی تەواوی بیروبۆچۆنی زۆربەی زۆری هاوڵاتیانە، بە تایبەتی ئەوانەی زانیاریان سنوودارو كەمە لە بواری فەلەكناسیدا!

لە هەمان كاتدا، وە بەو پێیەی ئەو ناوچانەی دەكەونە نێو بازنەی جەمسەریی باكوور لە هێڵە پانییە بەرزەكان، خۆر یەگجار زۆر زیاتر لە ئاسمانیان دوور دەكەوێتەوە تا وایلێدێت بۆماوەی 6 مانگ لەو ناوچانەدا نابینرێت!، بەڵام بە پێچەوانەوە، لە ناوچەكانی نێو بازنەی جەمسەریی باشووردا خۆر بۆماوەی 6 مانگ هەڵدێت و لە كاتی ئاوابوونیدا لەسەر ئاسۆی رۆژئاوا دەبێ و پاشان بۆ باكووری رۆژئاواو ئینجا باكوور و پاشان بۆ باكووری رۆژهەڵات و ئینجا دووبارە لە رۆژهەڵاتدا بەرز دەبێتەوە ناوەڕاستی ئاسمان.

جێگای ئاماژەپێدانە كەوا تەواوی دیاردەكانی هەڵگەڕانەوەی زستانە لە نیوەگۆی باكوور لە 20 – 21 – یان 22 ی كانوونی یەكەمی هەموو ساڵێكدا روودەدات، بەڵام یەگجار زۆر بە دەگمەنی لە 23 ی كانوونی یەكەمدا روودەدات، بۆیە، دوایین هەڵگەڕانەوەی زستانە لە 23 ی كانوونی یەكەمی 1903 روویداو لە 23 ی كانونی یەكەمی 2303 دا دووبارە دەبێتەوە، واتە دوای 283 ساڵی دیكە.
ئا: ئەژی چەتۆ حەسەن، بەرپرسی بەشی راگەیاندن لەبەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێم.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP