دواین هەواڵ

کوردستان‌

 29/11/2021

فەرید ئەسەسەرد: ئەگەر پارتی داوای پۆستی سەرۆک کۆمار بکات ئێمەش داوای پۆستی سەرۆکی هەرێم دەکەین

هەرێم نیوز
سكرتێری ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی ڕایدەگەیەنێت،  یەکێتی وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق بە شایستەی خۆی دەزانێت، دەشڵێت:  ئەگەر پارتی دیموکراتی کوردستانیش داوای ئەو پۆستە بکات، "ئێمەش داوای پۆستی سەرۆكی هەرێم و پۆستی تر دەكەین".

فەرید ئەسەسەرد، سكرتێری ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەربارەی گفتووگۆكانی پێكهێنانی حكومەتی نوێی لەعێراق بە میدیای حزبەکەی ڕاگەیاندوە، "یەكێتیی وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆك كۆمار بەشایستەی خۆی دەزانێت و لەئەگەری داواكردنی ئەو پۆستە لەلایەن پارتیەوە ، ئێمەش داوای پۆستی سەرۆكی هەرێم و پۆستی تر دەكەین ، بەڵام هێشتا بەڕەسمی ئەو بابەتە یەكلایی نەكراوەتەوە".

ئەوەشی خستەڕو، یەکێتی باوەری وایە جێبەجێکردنی داواکارییەکانی کورد لە بە‌غدا لە بابەتی پۆستەکان گرنگترە، بۆیە لە بنەرەتدا نابێت پۆستەکان ببێتە هۆی ناکۆکی نێوان لایەنەکانی هەرێمی کوردستان. 

بەپێی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنی 10ی تشرینی یەکەم پارتی دیموکراتی کوردستان 33 کورسی پەرلەمانی عێراقی بەدەستهێناوە و لەبەرامبەردا یەکێتی نیشتیمانی کوردستان 16 کورسی بەدەستهێناوە، یەکێتی لەم کاتەدا سەرەڕای کێشەکانی ناوخۆیی بەڵام هەوڵەکانی چڕکردوەتەوە بۆ وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆک کۆمار، هاوکات پارتی دیموکراتی کوردستانیش خواستی وەرگرتنی ئەو پۆستەی هەیە بەڵام دەیەوێت ئەمجارە کورد بەیەک هەڵوێستی بەرەو بەغدا بچێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP