دواین هەواڵ

کۆمەڵایەتی‌

 28/11/2021

فرەپەیوەندی سێکسی

 د.لاڤە دارا علی - پسپۆری نەخۆشی یە دەروونی یەکان

لەفەرهەنگی کوردی زۆر دەستەواژە بەکاردێت وەک فرەژنی، فرەپیاوی، فرە پەیوەندی سێکسی بەڵام تاکو ئێستا ووشەیەکی پڕاوپڕ بۆ (promiscuity) ئینگلیزی دانەهاتووە.

ئێمە لێرەدا فرەپەیوەندی سێکسی بەکاردەهێنن. لەڕاستیدا پێناسەی فرەپەیوەندی سێکسی بەپێی کلتورو کۆمەڵگاکان جیاوازە بەڵام ئەوەی لەسەری کۆکن بریتییەلە نەک تەنها فرەپەیوەندی بەڵکو ئەنجامدانی کردەسێکسییەکان بەشێوەیەکی جیانەکراو واتە هیچ تایبەتمەندییەک نییە بۆ هەڵبژاردنی کەسی بەرامبەر.

لەهەردووڕەگەزدا بوونی هەیە بەڵام بەهۆی لێکدانەوەی کۆمەڵگا لەنێو پیاواندا زیاتر بەشانازییەوە باس دەکرێت و هاندەدرێت بەڵام بەپێچەوانەوە لەنێو ژنان وەک لەش فرۆشی ناوزەند دەکرێت.لەبەرگرنگی لێکەوتە کۆمەڵایەتییەکانی وەک داڕمانی خێزان، بڵاوبوونەوەی نەخۆشی، ژن کوشتن،....هتد.

پێمان باش بوو هەندێک لەهاندەرە سایکۆلۆجییەکانی پشت ئەم ڕەفتارانە بخەینە ڕوو. تێبینی/ لەم بابەتە باس لەو فرەپەیوەندییە ناکەین کەمەبەست لێی بەدەست هێنانی پارەو پێگەیە. باوترین هۆکارەکانی سایکۆلۆجیستەکان کۆکن لەسەری بریتییەلە:

١.پەرتەوازەی خێزان و نەخستنە ڕووی خۆشەویستی و سۆز بۆ منداڵەکان . هەربۆیە لەتەمەنی هەرزەکاری و پێگەشتوویدا هەڵدەستن بەگەڕان و دروستکردنی پەیوەندی وەک هەوڵێک بۆ پڕکردنەوەی ئەو کەلێنەی منداڵی بێگومان بەیەک یان دوو پەیوەندیش پڕنابێتەوە.

٢.بوونی هەندێک نەخۆشی دەروونی وەک پەشێوی مەزاج، تەنگەژەی کەسێتی، بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر....هتد.

٣.هەستکردن بەکەمی ، شێواوی وێنەی خود( کەکەسێک لەناخەوە خۆی دەبینێ )هۆکارە بۆ ئەم فرەپەیوەندیە ،بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی متمانە بەخود.

٤.زۆربەی ئەم کەسانە خاوەن بەهرە یان توانایەکی تایبەت نین تاکو وەک کەسێکی سەرکەوتوو دیاربن لەکۆمەڵگا هەر بۆیە وەک ڕێگایەک بۆ ڕاکێشانی سەرنج و دەرکەوتن بەکاردەهێنرێت.

٥.هەستکردن بەتەنیایی وبەتاڵی، نەمانی ماناو بەهاکانی ژیان هۆکارێکی ترە.

٦.وەک ڕێگایەک بۆ دەرخستنی کۆنتڕۆڵ و هێز بەکاردەهێنرێت لەهەردووڕەگەزدا بۆ بەدەستهێنانی هەستکردن بەخۆشی و نەشوە.

٧.نەبوونی سەرپەرشتی و لێپێچینەوە بەتایبەتی لەتەمەنی هەرزەکاریدا . ٨. کاریگەری گوازراوە دەمارییەکان(دۆپامین، سیرۆتۆنین...هتد) هەندێک لە هۆرمۆنەکانی وەک ئۆکسیتۆسین و تێستۆستیرۆن...هتد.

٨. هەندێکجار وەک خویەک دەردەکەوێت و دوورکەوتنە لێی گرانە کە پێی دەوترێت (ئالوودەبوون بە سێکس).

٩.شێوازی پەروەردەکرن و لاسایی کردنەوە. سۆشیاڵ میدیاو ڕاگەیاندنەکان ڕۆڵێکی گەورە دەبینن لەوێناکردنی ئەوکەسایەتیانە وەک پاڵەوان و لێهاتوو کەدەبێتەمایەی لاسایی کردنەوە بەتایبەتی لەلایەن هەرزەکارانەوە.

١٠.دەست درێژی و گێچەڵکردنی سێکسی لەتەمەنی منداڵی یان هەرزەکاری، بەهەمان شێوە هەندێک بارودۆخی کۆمەڵایەتی. لەکاتی ئێستادا ئەم بابەتە بەرۆکی کۆمەڵگاکەمانی گرتوە و چەندین خێزان هەڵوەشاوەتەوە بەهۆی فرەپەیوەندی، داواکارین لە باوان زیاتر بەرپرسیارێتی هەڵگرن و پەروەردەو سەرپەرشتی منداڵەکانیان بەهەند وەرگرن تاکو ڕێگری لەوگرێ دەروونیانە بکرێت کەلەداهاتوودا هۆکارە بۆ فرە پەیوەندی سێکسی.

 



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP