دواین هەواڵ

کوردستان‌

 28/11/2021

حکومەتی هەرێم: چەندینجار حکومەتی عێراقمان لەسەر مەترسی ئەو ناوچانە ئاگادارکردۆتەوە

هەرێم نیوز
حکومەتی هەرێم، دوای هێرشەکانی شەوی ڕابردووی داعش بۆ سەر هێزی پێشمەرگە لە سنوری کوڵەجۆ، پەیامێکی بڵاوکردەوە و ڕایدەگەیەنێت، چەندین جار حکومەتی عێراقمان لەبارەی مەترسیی بۆشایی ئەمنی لەو ناوچانە ئاگادار کردۆتەوە، دەشڵێت: پێویستە بەزوترین کات سەنتەری هەماهەنگی نێوان پێشمەرگە و عێراق کارابکرێتەوە.

جوتیار عادل، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ یەکشەممە، لەڕاگەینەراوێکدا بڵاویکردەوە، لە ناوچەی تەپی تەڵانی سنووری کوڵەجۆ، بۆمبێکی چێندراوى تیرۆرستانی داعش بە ئۆتۆمبێلێکی ھێزی پێشمەرگەدا تەقییەوە، و بەو هۆیەوە پێنج پێشمەرگە شەهید بوون و چوار دیکەش بریندار بوون.

دەشڵێت: حکومەتی هەرێمی کوردستان چەندین جار حکومەتی فیدڕاڵی ئاگادارکردۆتەوە لەو بۆشاییە ئەمنییە کە لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمدا هەیە کە بەھۆیەوە ئەو رێکخراوە تیرۆرستییە توانیویەتی ئەو دەرفەتە بقۆزێتەوە و لەو ناوچانە خۆی رێکبخاتەوە و ، ببێتە ھەڕەشە بۆسەر دانیشتوانی ناوچەکە.

جوتیار عادل، ئەوەشی خستەڕو، حکومەتی هەرێمی کوردستان جەخت لەسەر هەرچی زووی کارا کردنەوەی سەنتەری هاوبەشی ئەمنی نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق دەکاتەوە.

ئاماژەشی بەوەکرد، لێرەوە پرسە و سەرەخۆشى خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی شەهیدە سەربەرزەکان دەکەین و هیواى زوو چاکبوونەوەش بۆ پێشمەرگە بریندارەکان دەخوازین.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP