دواین هەواڵ

جیهان‌

 28/11/2021

ئەمریکا: خۆپیشاندانی ئێران ئاشتیانەیە بەڵام بەتوندی وەڵام دەدرێتەوە

هەرێم نیوز
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا "نیگەرانیی زۆری" وڵاتەکەی لە ئاست "سەرکوتکردنی تووند"ی خۆپێشاندەرانی ئێران دەربڕی و رایگەیاند، خۆپیشاندانەکانی شاری ئیسفەهان ئاشتییانەن، بەڵام بەتووندی وەڵام دەدرێنەوە.

 نێد پرایس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە تویتەر نووسیویەتی: "ویلایەتە یەکگرتووەکان ئەمریکا لە سەرکوتکردنی تووندی خۆپێشاندەرانی ئیسفەهان نیگەرانە؛ خۆپێشاندەرانی ئەسفهان بەشێوەیەکی ئاشتییانە خۆپیشاندان دەکەن، بەڵام رووبەڕووی سەرکوتکردنی تووند دەبنەوە، ئەوەش جێگەی نیگەرانی زۆری ئەمریکایە".

دوو هەفتەیە دانیشتوانی ئیسفەهان (435 کیلۆمەتر لە باشووری تارانی پایتەخت)، لە نزیک زایندەروود، رووباری سەرەکیی شارەکە گرددەبنەوە و داوا دەکەن ئاو بۆ ژیاندنەوەی ئەو رووبارە تەرخان بکرێت.

حکومەتی ئێران هەینی رابردوو رایگەیاند، کێشەکە چارەسەر دەکات، بەڵام ئەو بەڵێنە خۆپێشاندەرانی رازی نەکردووە و رایانگەیاندووە: "تاوەکو کۆتایی رێگە لەسەر داواکردنی مافمان بەردەوام دەبین."

پڕئاو بوونی زایندەروود بۆ کەرتی کشتوکاڵ و پیشەسازی و گەشتیاریی ئیسفەهان زۆر گرنگە، بۆیە دانیشتووانی پارێزگاکە بە تووندی پێداگری لەسەر دەکەن.

سەرچاوەی ئاوی ئەو رووبارە، کوێستانەکانی زاگرۆسە. گواستنەوەی ئاو، ناوچە پڕ ئاوەکانیشی تووشی کێشە کردووە. یەک لەوانە پارێزگای چوارمەحاڵ و بەختیاری. دانیشتووانی ئەو پارێزگایە دەڵێن، بە ئاوی ئەوان، دەشتەکانی ئیسفەهان و یەزد ئاوەدان کراونەتەوە، بەڵام بەشی خواردنەوە، کشتوکاڵ و ئاژەڵداری ئاو بە خۆیان نادرێت.

شارەزایان دەڵێن، وشکەساڵی تەنیا هۆکاری سەرهەڵدانی قەیرانی کەمئاوی نییە لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان. هۆکارێکی سەرەکی دیکە، سیاسەتی حکومەتی ئێرانە بۆ وەبەرهێنانی پیشەسازی و کشتوکاڵییە لە پارێزگا ناوەندییەکانی ئەو وڵاتە و گواستنەوەی ئاو بۆ ئەو ناوچانە.

د. رێباز قوربانی نژاد، شارەزایەکی جوگرافیا دەڵێت، گەشەپێدانی کشتوکاڵ لەو وڵاتانەی کە تووشی کەمیی ئاو بوون، خۆی جۆرێکە لە دروستبوونی قەیران، واباشترە بەشێک لە بەرهەمە کشتوکاڵییەکان لە دەرەوەی وڵاتەکە هاوردەبکرێن.

ناڕەزایەتی بە کەمبوونی ئاو لە وەرزێکدا سەریهەڵداوە، کە کەمترین پێویستی بە ئاو هەیە. ئەگەر کێشەکە تاوەکو بەهار چارەسەر نەکرێت، لەوانەیە ناڕەزایەتییەکان زۆر فراوانتر بن.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP