دواین هەواڵ

جیهان‌

 28/11/2021

داودئۆغڵو: ئەردۆغان بێدەنگبێ کێشەی لیرە چارەسەر دەبێ

هەرێم نیوز
سەرۆکی پارتی ئایندە داوا لە سەرۆککۆماری تورکیا دەکات، چیدی لەبارەی دۆلار و ئابووری و سوودی بانکیی قسە نەکات و هەڵسەنگاندن بۆ دۆخی دارایی و ئابووریی نەکات. بەپێچەوانەوە دۆخەکە زۆر خراپتر دەبێت و لە ئەگەری بێدەنگبوونیشی، "کێشەی لیرە چارەسەر دەبێت".


ئەحمەد داودئۆغڵو، سەرۆکی پارتی ئایندە دوای سەردان و دیداری لەگەڵ عەبدوڵڵا گوڵ، سەرۆککۆماری پێشووی تورکیا، بە میدیاکانی تورکیای راگەیاند: "ناکرێت سەرۆککۆمار لە هەر گوتارێکدا باس لە سوودی بانکی و هاوسەنگییەکانی دۆخی دارایی و ئابووری بکات. ئەگەر ئەردۆغان بەردەوام قسە لەمبارەیەوە بکات، تاوەکو بنج و بناوان زیانمان پێدەگات و مایەپووچ دەبین. بەڵام ئەگەر بێدەنگی بێت و هەڵسەنگاندنی کەسیی خۆی بۆ دۆخەکە نەکات، کێشەی دابەزینی لیرە بەرامبەر دۆلار چارەسەر دەبێت".

داودئۆغڵو راشیگەیاند، لە تورکیا بەهۆی سیاسەتە هەڵەکانی دەسەڵات، رووبەڕووی قەیرانی سیاسی، ئابووری، دارایی و دامەزراوەکان بووەتەوە. دەسەڵات باکی بەهیچ شتێک نییە، تەنیا بیر لەوە دەکاتەوە چۆن کورسیی دەسەڵات رزگار بکات و دۆخەکە تێپەڕێنێت.

لەبارەی هۆکاری سەردانیکردن و دیداری دوو قۆڵی لەگەڵ عەبدوڵڵا گوڵ سەرۆککۆماری پێشووی تورکیا، ئەحمەد داودئۆغڵو رایگەیاند، ئەوان دوو دۆستی نزیکن و ناوبەناو سەردانی یەکدی دەکەن و هاوکات بەگشتیی هەڵسەنگاندن بۆ دۆخی گشتیی و پێشهاتەکانی تورکیا دەکەن.

لە وەڵامی پرسیاری ئەگەری دووبارە کاندیدبوونی عەبدوڵڵا گوڵ بۆ سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا، ئەحمەد داودئۆغڵو رایگەیاند، هەموو پارتێکی سیاسیی لە بەرەی ئۆپۆزیسیۆن کار دەکات بۆ ئەوەی هەڵبژاردنی پێشوەختە بکرێت، بەڵام هیچ باس و خواسێک لەبارەی کاندیدبوونی عەبدوڵڵا گوڵ بۆ سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا تاوتوێ نەکرا.  



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP