دواین هەواڵ

کلتور‌

 25/11/2021

گوناهباری مرۆڤ و لۆژیکی دیریدا

نیهاد جامی

دوای ڕووداوی یانزەی سێپتێمبەر فەیلەسوفی فەڕەنسی ژاک دیریدا لەوتارێکدا دەنووسێت "کەس بێگوناه نیە" کاتێک لەبەردەم زنجیرەی تەلەفزیۆنی "ناوەندی بەغدا" ڕادەمێنین، ئەو وتەیەی دیریدا ڕەوایەتی خۆی وەردەگرێتەوە، ئازادی ئەوە نیە کە دێت بەڵکو ئەوە گوناهباری ئەوانیترە گوناهی ئەویتر دێنێت، بێگوناهەکان بوونیان نیە،

مەگەر شوفێری تەکسیەک کە هیچ لەو ململانێیانە تێناگات، بە پاکیزەیی خۆیەوە سەری یادەوەری شوێن دەکات، سەرەنجام هەموومان گوناهبارین، گوناهبارین چونکە لەشوێنێک لەدایک بووین جەنگ و کوشتن پێکهاتەی ناسنامەی مرۆڤەکانە، ئەوانەی دێن ئەوانیش بریتین لەپیاوکوژان، بازرگانانی شەر، جگە لەدەوڵەمەندبوون و کۆکردنەوەی سامانەکانیان هیچ شتێکی تریان بۆ گرنگ نیە، مرۆڤ لەدڵەراوکەی مانەوە لە نیشتمان و جێهێشتنی نیشتمان گیر دەخوات، خەون بە دنیایەکی نوێ بەڵام دنیایەک گوناه خاڵی نیە، بەڵکو گوناه دەبەینە ناو ئایندەوە، بۆ ئەوەی سەر لەنوێ دەست پێبکەینەوە، ئاخۆ ناتوانین بەبێ گوناهەکانمان بچینە ناو خەون؟

پرسیاری لەم چەشنە هیچ نیە جگە لەخۆفریودان، ئێمە دەبێت لەوە تێبگەین مرۆڤ بە گوناهەکانیەوە لێرەیە، مێژووی لەدایکبونی مرۆڤ، گێرانەوەی چیرۆکی گوناهباریەتیەتی، تاوەکو بەدوای گوناهەوە بتوانێت بژیێت، درۆیەکی گەورەیە گەر بەدوای پاکیزەیی بگەرێین، ئێمە ئەو ساتە پاکیزەیی دەدۆڕێنین کاتێک دەمانەوێت خەون ببینین، شۆڕش وئازادی مانایەکیان نابێت لەدەرەوەت تاوان و کوشتن، هێندە هەیە کوشتن بەرگی داکۆکیکردن لەمانەوە دەگرێتە خۆی، ئێمەی کوژراو مەحکومین بە کوشتنی ئەوانیتر، بۆیە کەس بێگوناه نیە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP