دواین هەواڵ

کوردستان‌

 5 رۆژ پێش ئێستا

وەزارەتی کارەبا: هەرکەسی کارەبا لەوزەی خۆر بەرهەم بهێنی لێی دەکڕینەوە

هەرێم نیوز
وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، پێوەری زیرەک سەرپێچیکردنی کەمکردووەتەوە و بەفیڕۆچوونی کارەبای لە 34٪ بۆ 45٪ کەمکردووەتەوە. هەروەها دەڵێت: "هەر کەسێک کارەبا لە وزەی خۆر بەرهەمبێنێت, لێی دەکڕینەوە".


وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی لەبارەی پێوەری زیرەک بڵاوکردەوە و رایگەیاند، پێوەری زیرەک پرۆژەیەکی درێژخایەنە و، سەرکەوتنیشی باشتربوونی دۆخی کارەبا گەرەنتی دەکات.

وەزارەتی کارەبا ئاماژەی بەوەداوە پێوەرەکە "باشترین میکانیزمە" بۆ دابینکردنی "دادپەروەری لە پێدانی کارەبا و سەقامگیرکردنی دۆخی کارەبا و کۆنترۆڵکردنی" کە لە بەرژەوەندیی هاونیشتمانییان دایە، بەتایبەتی ئەوانەی کە بە شێوەیەکی دروست و بە رێژەی دیاریکراو کارەبا بەکاردێنن.

لەبارەی سوودەکانی پێوەری زیرەکەوە، وەزارەتی کارەبا ئاماژەی بەوەکردووە، بە فیڕۆچوونی كارەبای لە 45% بۆ 34% کەمکردووەتەوە، هەروەها سەرپێچیی لەسەر تۆڕەکانی کارەبا کەمکردووەتەوە و کەس ناتوانێت بە سەرپێچی و نایاسایی کارەبا لە دەرەوەی پێوەرەکە رابکێشێت و مافی خەڵکی دیکە پێشێل بکات " بە شێوەیەکی دادپەروەرانە کارەبای بۆ هاوبەشانی دابینکردووە و رێگە نادات هیچ هاوبەشێکی لە مافی خۆی زیاتر کارەبا بەکار بێنێت".

لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی کارەبادا هاتووە "دوای تەواوبوونی پرۆژەكە، كارەبایەكی سەقامگیر و باش بۆ هاوبەشانی دەستەبەر دەبێت و  بارزۆریی لەسەر تۆڕەکانی کارەبا چارەسەر دەکات،  بە کەمکردنەوەی خواست لەسەر كارەبا، کرێی کارەبای کەمدەکاتەوە".

وەزارەتی کارەبا ئەو هاوبەشانە ئاگادار دەکاتەوە کە بە وزەی خۆر کارەبا بەرهەمدەهێنن و دەڵێت: "ئەو هاوبەشانەی کە بە وزەی خۆر کارەبا بەرهەمدێنن، دەتوانن کارەبای زیادەیان لە رێگەی پێوەری زیرەکەوە بە حکومەت بفرۆشنەوە".

لەبارەی بەستنی پێوەری زیرەکیش ئاماژەی بەوەکردووە،  پێوەری زیرەک، بەكارهێنانی کارەبا کۆنترۆڵ دەکات و رێژەی بەكارهێنانی دیاری دەکات، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 72% پێوەری زیرەک لە سەرتاسەریی هەرێمی کوردستان بەستراون".



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP