دواین هەواڵ

عێراق‌

 6 رۆژ پێش ئێستا

نەتەوە یەکگرتووەکان چی وت لەبارەی عێراقەوە؟

هەرێم نیوز

ئەوەی بووە هۆی دۆڕاندنی حەشد و عەبادی و لایەنەکانی دیکەی پشت رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر، هەڵبژاردنێکە کە هەموو لایەنە نێودەوڵەتییەکان بە یەکێک لە پاکترین لە مێژووی عێراق لە قەڵەمی دەدەن. ئەمە دەرئەنجامی راپۆرتی نێردەی سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکانە بۆ ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کە رۆژی سێشەممە ئەمریکا یەکەم وڵات بوو بەو بۆنەیەوە پیرۆزبایی لە عێراق بکات.

لیندا تۆماس گرینفیڵد، باڵیۆزی ئەمریکا لە نەتەوەیەکگرتووەکان دەڵێت، "هەڵبژاردنەکان سەرکەوتنێکی نایاب بوون. ئەمە دەرفەتێکی راستەقینە بوو بۆ خەڵکی عێراق بۆ ئەوەی سەرکردەکانیان هەڵبژێرن و عێراقییەکان ئەوان ئەنجامدا. پیرۆزبایی لە هەموو عێراقییەکان دەکەین بەبۆنەی ئەم هەڵبژاردنانەوە".

نەک تەنیا ئەمریکا، بەڵکو چین و رووسیا و هەموو وڵاتانی دیکەی ئەندام لە ئەنجوومەنەکە پشتگیرییان لەم هەڵوێستەی نەتەوەیەکگرتووەکان کرد لە دژی بەکارهێنانی هێز بۆ گۆڕینی دەرئەنجامی هەڵبژاردنەکان و داهاتووی سیاسی عێراق.

ستێفان دوژاریک، گوتەبێژی نەتەوەیەکگرتووەکان رایگەیاند، هەر کەسێک کە بۆچوونی جیاوازی هەیە یاخود کێشەی هەیە لەگەڵ دەرئەنجامەکان و شێوازی بەڕێوبردنی هەڵبژاردنەکان پێویستە لە رێگەی دامەزراوی یاسایی و دەستوورییەوە مامەڵەی لەگەڵ بکات. لە هەر جێگەیەک مامەڵەکردن لەگەڵ ناکۆکیی سیاسی لە رێگەی تووندوتیژییەوە لە بەرژەوەندیی هیچ وڵاتێک نییە.

بەڵام کۆبوونەوەکەی رۆژی سێشەممە تەنیا لەبارەی هەڵبژاردنەکان نەبوو و ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سێ مانگ جارێک گفتوگۆ لەسەر ئەو بابەتانە دەکات کە نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان و وڵاتانی ئەندام پێیان وایە گرنگن بۆ سەقامگیری عێراق.

بەپێچەوانەی ئەمریکا و بەریتانیا و فەرەنسا و نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان، گوتاری رووسیا بابەتی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدای تێدا بوو و نوێنەری مۆسکۆ وەکو خاڵێکی گرنگ بۆ پاراستنی سەقامگیریی عێراق باسی کرد.

دیمیتری پۆلیانسکی، جێگری نوێنەری رووسیا لە نەتەوەیەکگرتووەکان رایگەیاند، "ئێمە پێشوازی لە هەوڵەکانی دەسەڵاتەکانی عێراق و ئەوانەی هەرێمی کوردی دەکەین بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانیان. ئێمە لەو باوەڕەین باشترکردنی پەیوەندییەکان لە نێوان بەغدا و هەولێر یارمەتیی بەهێزکردنی ئاسایش دەکات و دەبێتە چارەسەر بۆ کێشەکان. ئەمە سوودی دەبێت بۆ کورد و هەموو خەڵکی عێراق.

لە لایەکی دیکەوە، بۆ یەکەمینجار چین لەبارەی عێراق رەخنەی لە تورکیا گرت و لە وەڵامی سکاڵایەکی عێراق لە دژی چالاکییە سەربازییەکانی تورکیا چین داوای رێزگرتنی کرد لە سەروەریی عێراق.

گێنگ شوان، جێگری نوێنەری چین لە نەتەوەیەکگرتووەکان رایگەیاند، "لە رۆژی 4ی نۆڤێمبەر، نوێنەرانی بەردەوامیی عێراق لە نەتەوەیەکگرتووەکان نامەیەکی بۆ سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایش نارد کە لیستێکی تێدابوو لە پێشێلکارییەکانی تورکیا بۆ سەر خاک و ئاسمانی عێراق لە مانگی حوزەیران بۆ سێپتەمبەری ئەمساڵ. نامەکە کوژرانی هاوڵاتیانی دۆکومێنت کردبوو بەهۆی هێرشی ئاسمانی و بۆردوومانەوە. چین هیوادارە سەروەری و یەکپارچەیی عێراق لە لایەن هەموو وڵاتانەوە رێزی لێبگیرێت".

بەگوێرەی نامەکەی عێراق بۆ سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، تورکیا لە ماوەی کەمتر لە سێ مانگدا 1950 جار پێشێڵکاریی ئاسمان و خاکی عێراقی کردووە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP