دواین هەواڵ

کوردستان‌

 پێش 1 هەفتە

لە سەرەتای ئەمساڵەوە بەهۆی ڕووداوی هاتوچۆوە 530 کەس گیانیان لەدەستداوە

هەرێم نیوز

لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا 3 هەزار 509 رووداوی هاتووچۆ لە هەرێمی کوردستان تۆمار کراون، بەوهۆیەوەش 530 کەس گیانیان لەدەستداوە.


بەگوێرەی ئاماری هاتوچۆی هەرێم لە 1/1/2021 تائێستا سێ هەزار و 509 رووداوی هاتووچۆ لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراون و 6 هەزار و 556 قوربانی لێکەوتووەتەوە، کە لەنێویاندا 530 کەس گیانیان لەدەستداوە.

وەک لەو ئامارانەدا هاتووە 6 هەزار 26 کەس لە رووداوەکانی هاتووچۆ برینداربوونە.

فازڵ حاجی، وتەبێژی هاتووچۆی هەولێر لەوبارەیەوە دەڵێت "زۆر رووداوی دیکەی هاتووچۆ هەن، کە تەنها زیانی مادی لێدەکەوێتەوە، ئەو جۆرە رووداوانە تۆمار ناکرێن، رەنگە شوفێرەکان گەر لە شوێنی رووداوەکە لەنێوان خۆیان رێکبەون".

گوتیشی: "بەپێی ئامارەکان دەتوانین بڵێین رۆژانە دوو کەس بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستداوە".

هەربەپێی ئەو ئامارانە رووداوی هاتووچۆ لە رۆژێکدا لە هەرێمی کوردستان 11.6 و رێژەی مردن بەو هۆیەوە 1.7ـە.

بەگوێرەی ئامارەکان زیاتر لە 2 ملیۆن ئۆتۆمبێل لە هەرێمی کوردستان هەیە. وتەبێژی هاتووچۆی هەولێر دەڵێ: "ناکرێ بڵێین چونکە ژمارەی ئۆتۆمبێل زیادیکردووە دەبێ رووداوی هاتووچۆش زیاد بکات، زۆر وڵات هەن بە بەراورد بە ژمارەی دانیشتوان، رێژەی ئۆتۆمبێلیان لە هەرێمی کوردستان زۆر زیاترە و رووداوی هاتووچۆشیان هێندە نییە".

ئاماژەی بەوەشکرد: "هۆکاری سەرەکی رووداوەکانی هاتووچۆ لە هەرێمی کوردستان ئەوەیە یاسا و رێنماییەکانی هاتووچۆ لەبەرچاو ناگیرێت، خەڵک دەیەوێت رێگا و شەقامەکانیان بۆ چاک بکرێت بە کەیفی خۆیان ئۆتۆمبێل لێبخوڕن و پابەندی یاساکان نەبن، کاتێکیش رووداوی هاتووچۆ دەکەوێتەوە نەڵێن خەتابارن، دەتوانین بڵێن 80%ی هۆکاری رووداوەکان بۆ شوفێرەکان دەگەڕێتەوە".

راشیگەیاند: "ئێمە ناڵێین هەموو رێگاکان باشن، بەڵام کاتێک رێگا باش نییە بۆ دەبێ شوفێر بەو هەموو خێرایە ئۆتۆمبێل لێ بخوڕێت، خەڵک هەر دەڵێن رێگا چاک بکەن، ئەگەر بەوەبێت نابێ لە شەقامی 120 مەتری هەولێر رووداوی هاتووچۆ بکەوێتەوە، بەڵام بەداخەوە هەتا رێگای باشتر دروست دەکرێن رووداوەکان زیاتر دەبن".



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP