دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 پێش 2 هەفتە

ئابووری ئەمریکا لە بەردەم ئاڵنگارییەکانی سیستەمی تازەی ئابووری جیهانیدا.

روندك فارس

کاتێک کۆرۆنا لەسەرتاسەری جیهان بڵاوبوویەوە، بازاڕەکان داخران و سنوورە ناودەوڵەتییەکان پەکخران، کلتورێکی تازەی کۆمەڵایەتی سەری هەڵدا، ئەویش گرنگیدان بوو بە ماڵ و تەندروستی تاکەکەس و دوورکەوتنەوە لە گەشتکردن و جیهانی دەرەوە، ئەگەر ئەم کلتورە بۆسەر سیستەمی ئابووری جێبەجێ بکەیەن، هەستدەکەین جیهان بەرەو سیستەمێکی تازەی ئابووری هەنگاو دەنێت.

کۆرۆنا هۆکار و فاکتەرێکی سەرەکی بوو لە لە گۆڕانی چەندان پێوەر و بنەمای ئابووری لە جیهان، بەڵام تا ئەم ساتە بە شێوەیەکی ورد و توێژێنەوەی فراوان، هەست بەو کاریگەری و لێکەوتانەی کە کۆرۆنا هێنایە کایەوە نەکراوە.

ئەگەر چەند ساتێک بگەڕێینەوە بۆ ڕووداوەکانی ساڵێک لەمەوبەر، درک بە چەند گۆڕانکارییەک دەکەین، کە لەوانەیە بەرچاو و بەر گوێی زۆربەمان کەوتبێت، بەڵام درکمان بەو گۆڕانەی سیستەمی ئابووری نەکردبێت.

مایەپووچبوونی ژمارەیەکی زۆری کۆمپانیا بچووکەکان لەسەردەمی کۆرۆنادا، دیاردەیەکی بەرچاو بوو کە بە هۆی لێکەوتەکانی کۆرۆنا، زۆربەی ئەو کۆمپانیایانە داخران، ئەو دیاردەیە زەنگێکی مەترسیدار بوو بۆ سیستەمی ئابووری و، هاوکات سیاسەتی بازرگانی ناودەوڵەتی، هەر ئەمەیش بووە هۆی ئاشکرابوونی ئەو سیستەمە تازەیەی کە وڵاتە زلهێزەکان و ئەندامانی کۆمەڵەی G7 کاری بۆ دەکەن و، پلان بۆ دۆزینەوە و کردنەوەی بازاڕی تازەی ئەو سیستەمە دادەڕێژن.

ئایا سیستەمێكی تازەی ئابووری بوونی هەیە؟

لەم دوو ڕۆژەی ڕابردوودا، ناوەندی "ماکینز"ــی تایبەت بە شرۆڤە و شیکارییە ناودەوڵەتییەکان، ڕاپۆرتێکی تازەی بە هەماهەنگی ڕێکخراوی بازرگانی جیهانی و دەزگای فانگ بیزنس ئێنتێلێجێنس بڵاوکردووەتەوە و، گەیشتوون بەو ئەنجامەی کە سیستەمی بازرگانی ناودەوڵەتی ئێستا زۆر ئاڵۆزە و پێویستی بە گۆڕانکاری بنەڕەتی هەیە، هەروەها دەشڵێن: "بازرگانی ناودەوڵەتی وەک خۆراکێکە بۆ بوژانەوەی ئابووری جیهانی و، بڕی 5.2 تریلیۆن دۆلار لە ئابووری جیهان لە ڕێگەی بازرگانی ناودەوڵەتییە، بەڵام ئەو بازرگانییە لە خزمەت داهاتووی کۆمپانیا بچووکەکاندا نییە و، پێویستە بانکەکان و ئاژانسە جیهانییەکان پاڵپشتی زێدەتری ئەو کۆمپانیایانە بکەن، بۆ ئەوەی بەشداربن لە بوژانەوەی ئابووری جیهان و، کورتهێنانی ماددەکان و کەمی خستنەڕوو چارە بکەن."

بڵاوبوونەوەی ئەم ڕاپۆرتە لە کاتێکدایە، بانکی گوڵدمان ساکسی بەناوبانگی ئەمریکی، لە هەفتەی ڕابردوو ئاشکرای کرد کە ساڵی 2022، ئابووری جیهان تووشی گرفتی زیادەی خواست و کەمی خستنەڕوو دەبێتەوە، ئەمەیش بە واتای ئەمە دێت کە نرخی کاڵای جیهانی گرانتر دەبێت و ئاستی هەڵئاوسان زیاتر بەرزدەبێتەوە.
کەواتە کار بۆ بە بازاڕکردن و فراوانکردنی ژینگەی سیستەمە تازەکەی ئابووری جیهان دەکرێت، بۆیە گرنگە یاریزانە سەرەکییەکانی ئەو سیستەمە تازە بناسین و ڕۆڵیان شرۆڤە بکەین.

گۆڕان لە سیستەمی نێولێبراڵ و گەشەی ئابووری جیهانی

لە هەشتایەکانی سەددەی ڕابردوودا، ئەمریکا سەرکردایەتی سیستەمی نێولێبراڵیزمی دەکات. لە ڕووی ئابوورییەوە سەرجەم ئەو بەربەستانە لادران، کە ڕێگریان لە فراوانبوونی ڕێککەوتنی بازرگانی ناودەوڵەتی لە قازانجی کۆمپانیا زلهێزەکان دەکردن و سنوورەکان تەواو ئازادکران، بۆ ئەوەی سەرمایەی زیاتر بەدەست بخەن. ئەنجام ئەو سیستەمە بووە هۆی ئەوەی سەرکردەیەکی هاوشێوەی دۆناڵد ترەمپ، بگات بە دەستەڵاتی سەرۆکایەتی ئەمریکا و زۆربەی بەند و هاوکێشە ستراتیژییە ئابوورییەکان ئاڵۆز بکات و ئاستنەگ لەبەردەم ئابووری ئەمریکا و هەژموونەکانی بهێنێتە کایەوە.

بەڵام دوای دەستبەکاربوونی جۆو بایدن وەک سەرۆکی ئەمریکا، هەر زوو ناوەندەکانی لێکۆڵینەوە باسیان لە گرنگیدانی زیاتری بایدن بە سیاسەتی ناوخۆیی و پاڵپشتیکردنی کۆمپانیایە ناوخۆی و بچووکەکان کرد، ئەمەیش بە دەرچەی سەرەکی گۆڕانی سیستەمی ئابووری پێناس کرا، لێ ئەو سیستەمە بە تەنیا لە لایەن ئەمریکاوە کاری بۆ ناکرێت، بەڵــکوو یابان، ئەڵمانیا، کەنەدا و وڵاتانی G7ـیش، لە کۆبوونەوەی مانگی حوزەیران چوونە ناو هاوپەیمانێتی جێبەجێکردنی ئەو سیستەمە تازەیە.

بنەمای سەرەکی ئەو سیستەمە تازەیە، وەبەرهێنان دەکەن بە پێوەرێکی سەرەکی لە پێناو نەهێشتنی نایەکسانی داهاتی تاک. بە مانایەکی تر، حوکوومەتەکانی G7، کار بۆ پێشخستنی کار دەکەن بەسەر سەرمایە و، لەو ڕێگەیەوە داهاتی گۆی زەوی پارێزگاری لێ دەکرێت و نایەکسانی کەمدەکرێتەوە.

نموونە زیندووەکانی سیستەمە تازەکەی ئابووری جیهان، بڕیار و بنەماکانی کۆبونوەوەی (G7)ــتن، لە حوزەیرانی 2021، سەپاندنی سزایی تاریفی بە ڕیژەی ٪15 بۆسەر کۆمپانیایە زەبەلاحەکان، هەروەها کۆکردنەوەی پارە بۆ پاڵپشتیکردنی پرۆژەکانی سفر کاربۆنی، لە وڵاتە هەژار و تازە پێگەیشتووەکان و هەوڵەکانی وڵاتانی ڕۆژئاوا، بۆ کەمکردنەوەی ڕێژەی نەوت و گازی زیاتر بە ناوی گۆڕانی کەش و هەوا، نموونەی دیاری ئەو گۆڕانکاریانەن.

لە وەیش گرنگتر، پرۆژەی دووبارە بونیاتنانەوەی جیهان ناسراو بە Bulid Back Better World بنەمای سەرەکی ئەو سیستەمە تازەیەیە و، ئەمریکا و یەکێتیی ئەورووپا ڕێککەوتن، بۆ ئەوەی کار بۆ بەرهەمهێنانی وزەی جێگرەوە بکەن و، لەبەرامبەردا کار بۆ زیادکردنی تەکنەلۆژیای ئەو بوارە بکەن.

ئەمەیش بە واتای ئەوە دێت کە سزای زیاتر بەسەر ئەو وڵات و کۆمپانیایانە دەسەپێنرێت، کە هۆکارن لە بەرهەمهێنانی گازی دژی ژینگە، بەڵام ئامانجی شاراوەیان پاراستنی ژینگە نییە، بەڵکوو دۆزینەوەی بازاڕی تازەیە، بۆ کاڵای ئەو کۆمپانیا بچووکانە، هەروەها پاڵپشتیکردنی کۆمپانیاکانی وڵاتانی هەژار و تازە پێگەیشتووە، بۆ کارکردن بە سیستەمی ئەوان و وەرگرتنی پاڵپشتی دارایی.

ئەنجام پێڕەوکردنی ئەو سیستەمە بووەتە هۆی دژایەتیکردنی زیاتری ڕووسیا و چین، چ وەک بەرهەمهێنی سەرەکی وزەی جیهانی (ڕووسیا) و، چ وەک زلهێزی دووەمی ئابووری و دابینکەری سەرەکی کاڵای جیهانی (چین)، بەڵام لە هەمانکاتدا ئەو سیستەمە ئاسایشی وزە و خۆراکی وڵاتانی ڕۆژئاوای پەکخستووە.

ئاڵنگارییەکانی بەردەم ئەمریکا لە سیستەمە تازەکەدا

ئابووری ئەمریکا تووشی گرفت و ئاڵنگاری بێ شوومار بووەتەوە، بە تایبەت لە بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین. لەوانەیە لای زۆرێکمان پرسیار بێت، بۆچی کاتێک نرخی بەنزین بەرزدەبێتەوە، سەرۆکی ئەمریکا ناچاردەبێت هەنگاوی بە پەلە بنێت و گرفتەکە چارەسەر بکات، وەڵامەکەی دوو فاکتەری سەرەکییە:

-هاوڵاتیانی ئەمریکی لەسەر ئاستی جیهان خاوەن زۆرترین ئوتومبێلن کە بە بەنزین کار بکەن.

-دووری ماوەی کارکردن و شوێنی ئەمریکییەکان بەراورد بە وڵاتانی تر لە بەرزترین ئاستدایە، ئەمەیش بەکاربردنی بەنزین زیاتر دەکات، بە جۆرێک هەر تاکێکی ئەمریکی 4 هێندەی هاوڵاتییە ئەورووپییەکان بەنزین بەکار دەبەن، بۆیە هەر کاتێک بەنزین بەرزدەبێتەوە ئابووری تووشی شڵەژان دەبێت.

ئەگەر سەرنج بدەین دوای ئەوەی ئەندامانی ئۆپێک پلەس، بە سەرکردایەتی ڕووسیا و سعوودیە لە مانگی تەمووز ڕێککەوتن، تا ناوەڕاستی تەمووزی 2022، تەنیا 400 هەزار بەرمیل نەوت زیاتر بەرهەمبهێنن، بایدن و ئیدارەکەی بەردەوام داوای زیادکردنی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت دەکەن، بەڵام وەڵامی ئەندامانی ئۆپێک پلەس بە تایبەت (ڕووسیا، سعوودیە، ئیمارات، عێراق و عەمان) ئەوەیە، ئەگەر پرۆژەکانی بەرهەمهێنانی نەوت وگاز زیاد نەکرێن، ئەوا جیهان ڕووبەڕووی مەترسی دەبێتەوە و ئابووری جیهان سست و لاواز دەبێت.

مەبەستی وڵاتانی بەرهەمهێنانی نەوت لە وەڵامەکەیان بۆ بایدن پێرەوکردنی ئەو سیستەمە تازەی ئابووری کۆمەڵەی G7ــە بۆ سیاسەتی کۆمپانیاکانی نەوت و، قەتیسکردنی دەسەڵاتەکانیان.

لێ ئەمریکا دوای ئەوەی وڵاتانی ئۆپێک پلەس ڕازی نەبوون نەوت زیاد بکەن، نرخی بەنزین گەیشتووە بە 3.4 دۆلار بۆ هەر لیترێک و، لەبەرامبەردا نرخی خۆراک و کاڵا بەردەوامە لەبەرزبوونەوە.

جۆو بایدن پەنای بردووە بۆ بەکاربردنی یەدەگی نەوتی ستراتیژیی، بۆ خستنەڕووی نەوتی زیاتر و کەمکردنەوەی ڕێژەی هەڵئاوسان، بۆ ئەوەی دەنگی جەماوەری لە تازەکردنەوەی هەڵبژاردنەکانی 2022 کەم نەکات، بەڵام ئەوەیش چارەسەر نەبوو، بۆیە دواجار ئەمریکا داوای لە چین، یابان و هیندستان کرد، نەوتی یەدەگی ستراتیژیی بەکار ببەن، لێ ئەوانیش ڕەتیان کردووە، بۆیە پێشبینیی ناکرێت سیستەمە تازەکە بە تەواوی بتوانێت جێ پێی خۆی بگرێت، چونکە ئەمریکاش بەدەست بەرزبوونەوەی نرخی گازی سروشتی دەناڵێنت و هەڵئاوسانی ئەو وڵاتانە بەردەوامە لەبەرزبوونەوە.

ئەمەیش وڵاتانی G7ــی ناچار کردووە دووبارە چاوخشاندن بە بڕیارەکانیان، بۆ کۆمپانییەکانی نەوت گاز ئەنجام بدەن و، بڕیار وایە یەکێتیی ئەورووپا گاز و وزەی ئەتۆمی بخاتە لیستی وزەی سەوز و دۆستی ژینگە، ئەمەیش بە واتای ئەوە دێت ئاڵنگاری زۆر لەبەردەم سیستەمی تازەدا بوونیان هەیە و ئاسان نییە گەشەی ئابووری جیهان بوژانەوەی تەندروست بە خۆیەوە ببینێت.

ئەی عێراق و هەرێمی کوردستان لە کوێ ئەو سیستەمە تازەیەدان؟

لە ماوەی ڕابردوودا، عێراق لە ڕێگەی وەزیری نەوتی وڵاتەکەی، چەندین هەنگاوی بۆ بەشداربوون لەو سیستەمە تازەی ئابووری جیهان ناوە، لە ڕێگەی چەند پرۆژەیەکەوە پاڵپشتی خۆی بۆ ئەو سیستەمە دووپاتکردووەتەوە، بەڵام هەرچی تایبەت بە هەرێمی کوردستانە، دوو جار بە فەرمی لە لێدوانەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان باسی گۆڕانی کەشوهەوا کراوە، بەڵام لەسەر ئاستی سەرکردەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، تاکە سەرکردەیە کە زۆر بە وریایی مامەڵە لەگەڵ ئەو پرسە بێ داهاتووە دەکات و، لێدوانەکانی دەرخەری ئەو ڕاستییەن کە پرسەکە وریای زیاتری دەوێت لە سیاسەتی دیپلۆماسی و ناودەوڵەتیدا.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP