دواین هەواڵ

کلتور‌

 19/11/2021

قسەیەک لەبارەی ڕۆمانی "تاوان و سزا"

 نووسینی فیۆدەر دۆستۆیفسکی ــ پێشەوا خالید

ئەم ڕۆمانە تەواو جیاوازە لە هەر ڕۆمانێکی تری ئەدەبی. دۆستۆیڤسکی لەم ڕۆمانەدا بە جۆرێک "ترس" دەنووسێتەوە کە تیایدا باس لە کۆمەڵێک دەربڕینی سەرنجڕاکێش و تایبەتمەندیی پاڵەوانەکانی ناکات، بەڵکو ناچاریان دەکات بە بیرکردنەوە، هەستکردن و کارابوون. پاڵەوانی سەرەکی ڕۆمانەکە دوو تاوانی کوشتن ئەنجام دەدات،

بەڵام دۆستۆیڤسکی بە "شێت" نایشوبهێنێت. بە پێچەوانەوە جگە لە تاوانەکانی بە پێی پێودانگی ڕەفتارەکانی تری لە هەموو جێیەک بە مرۆڤێکی هۆش ڕۆشن و خاوەن دڵێکی باش ناوزەد دەکرا.

تیۆریای ڕاسکۆلنیکۆڤ: بە پێی تیۆریای ڕاسکۆلنیکۆڤ، مرۆڤ بەسەر دوو بەشدا دابەش دەبێت. یەکەم" "کاڵای بێکەڵک" ــــ بەشێک لە مروڤەکانن بۆ ئەوە درووست بوون کە هەمیشە فەرمانبەر و تەسلیم بن. دووەم: "خاوەن مافەکان" ــــ بەشێک لە مرۆڤەکانن کە ڕەوتی مێژوویی دونیا گەشە پێدەدەن و مافیان بەسەر هەموو شتێکەوە هەیە.

یەکەمیان زۆر و زەوەند و لاواز، دووەمیان کەم و بەهێز. بۆیە ڕاسکۆلنیکۆڤ دەیویست تێبگات، داخۆ سەر بە کام لە جۆری مرۆڤەکانە، هەر لەبەر ئەوە خۆی دەباتە نێو تاقیکردنەوەیەکی دژوار و ترسناکەوە. ڕاسکۆلنیکۆڤ کردەوەکانی لە ژێر ڕۆشنایی دەسەڵاتی ئیدیاکەیدا ئەنجام دەدان، دواجار ئەمەش ڕووبەڕووی ئەنجامێکی نەخوازراوی کردەوە.

بە کوشتنی پیرەژنەکە ڕاسکۆلنیکۆڤ وێنای خۆی کرد وەک بوونەوەرێک لە دەرەوەی کۆمەڵگا، بەڵام سرووشتی ڕاسکۆلنیکۆڤ دەبێتە ڕێگری تەمەنی ئەو گۆڕانە دەروونیی و هەستییە. هەستی خودتاوانباریی و هەستی تەنیایی بۆی دەبێتە سزایەکی پڕوکێنەر .

هزری فەلسەفیی تاوانەکانی لە بەهەڵەداچوون لە ئەگەرەکانی تیۆریاکەیدا خۆی دەبینێتەوە. بۆیە ئەو خۆی لە "مرۆڤە بژاردەدا" نابینێتەوە، هەست بە پووچی و هەروەها گوومان لە خودی خۆی وەک هەر تاوانبارێکی تری ئاسایی دەکات. تەنانەت نەیتوانی سوود لە پارە و شمەکەکانی پیرەژنەکەش ببینێت. "نیتچە" وەکە ڕەخنەگرێکی مەسیحییەت پاڵەوانەکەی خۆی لە کەسایەتی ڕاسکۆلنیکۆڤدا دەبینێتەوە.

ئەستەمە دۆستۆیڤسکی بەرهەمەکانی نیتچەی خوێندبێتەوە، چونکە زیاتر لە دوای مردنی ئەو کتێبەکانی نیتچە وەک "وەهای گووت زەردەشت"، "چاکە و خراپە" ناوبانگیان دەرکرد. هەرچەندە بوونیادی هزری ئەدیبە ڕووسەکە بە تەواوی دژیەکی هزری نیتچەیە، لێ دەگەڵ ئەوەشدا هەردووکیان سەرقاڵی پرسێکی دیاریکراو بوون: (دووچاربوون، یاخود بەزەیی). بۆ دۆستۆیڤسکی بە ئەرێنی کۆتایی دێت، واتا "بەزەیی" وەک هەست، وەک کاتیگۆریەکی ئێتیکا __ ناوازەیە.

بەڵام نیتچە بەهایەکی تەواو جیاوازتری پێدەدات؛ بۆ نیتچە "بەزەیی" تەنها بەدبەختییەکانی مرۆڤ زۆرتر و فراوانتر دەکات؛ پێی وایە دەبێت لەبەرەی ژیانکردن بین، لە بەهێزەکاندا جەخت لە ژیان بکرێتەوە، نەک لە لاوازەکاندا. نیتچە لە دەستەواژەیەکدا دەڵێت: "پاڵ بە کەوتووەکانەوە بنێن"، بە پێچەوانەوە دۆستۆیڤسکی پێی وایە دەبێت "کەوتووەکان" ڕزگار بکرێن.

لەگەڵ هەموو ئەمانەدا، سەرنجی هەردووکیان لەوەدا کۆ دەبێتەوە: داخۆ لە چی پەیوەندییەکدا بین بە مەسیحیەتەوە؟ لە چی پەیوەندیەکدا بین بە لایەنە ئاکاریەکانی ئەو ئاینەوە؟

دواجار هەردووکیان لەوەدا کۆک دەبن، کە ئەگەر بە تەواوەتی خودا ڕەت بکرێتەوە، ئەوا هەموو شتێک ڕێگەپێدراو نابێت، بەڵکو شتێک وەک سنوورێکی تیغنەکراو لە مرۆڤدا دەمێنێتەوە کە پێیدەوترێت"ویژدان"، کانت هەستێکی وەک ویژدان بە "پێویستی ئاکاریی" ناو دەبات، نیتچەش ئەو هەستە ڕەت ناکاتەوە، بەڵام پێی وایە ئەو هەستە لە مەسیحییەتەوە سەرچاوەی گرتووە.

سزادانی ڕاسکۆلنیکۆڤ لەوەدا خۆی نابنێتەوە کە دەیکەن بە "کۆیلەی سزایی قورس"، بەڵکو لە خوددادوەریدا بوو، ڕاسکۆلنیکۆڤ لەخۆی دەپرسێت: "داخۆ دەکرێت ویژدان تێپەڕێنین؟" ڕوون بووەوە کە کردەیەکی ئەستەمە.

تەواوی دووچاربوونەکانی ڕاسکۆلنیکۆڤ دوای ئەنجامدانی تاوانەکەی لەمەدا خۆی دەبینێتەوە، بۆیە لێرەدا "ئازاری ویژدان" بێڕەحمانە کاری خۆی دەکات.  



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP