دواین هەواڵ

کۆمەڵایەتی‌

 پێش 2 هەفتە

نەخۆشییە دەروونییەکان لە منداڵاندا!

د.جەعفەر عومەر- پزیشکی پسپۆری دەروونی  

چەندین جۆری نەخۆشی دەروونی لە تەمەنی منداڵیدا توشی مرۆڤ دەبن. بەگشتی دەتوانین بیانکەین بە دوو گروپەوە:

یەکەم. ئەو نەخۆشیانەی تەنها لە تەمەنی منداڵیدا ڕوودەدەن، بەتایبەت لە خوار تەمەنی قوتابخانەوە. واتە ئەم نەخۆشیانە پەیوەستن بە تەمەنی منداڵییەوە. بەشێکیان هەتا گەورەییش لەگەڵ مرۆڤدا دەمێننەوە وەکو ئۆتیزم، دواکەوتەی گەشەی ژیری، گرانی لە فێربوون، ...

هەندێکیشیان بە تەمەن یان چارەسەر باشدەبن وەکو لادانە رەفتارییەکان، هەشیانە دەرئەنجامی جیاوازە وەکو جوڵەزۆری کەمتەرکیز کە بەشێکیان لە تەمەنی منداڵی و نێوجەوانی تێیدەپەرێنن و هەندێک لە توشبوان لە تەمەنی گەورەییش لەگەڵیاندا دەمێنێتەوە.

دووەم. نەخۆشییە دەروونییە گشتییەکان; ئەم نەخۆشیانە لە هەموو تەمەنێک ڕوودەدەن بەڵام زۆرجار لە تەمەنی نەوجەوانی و پێگەیشتوییدا دەناسرێنەوە، زۆربەی نەخۆشییە دەروونیییەکان دەگرێتەوە. وەکو خەمۆکی، واسواسی، دڵەڕاوکێ، فۆبیا، ... ئەم گروپە زۆرجار خانەوادە نکوڵی دەکات لە بوونی یان پێیانوایە کە لە منداڵاندا نەخۆشی دەروونی ڕوونادات!

ئەمەش بەهۆی کەمی زانیاری و هۆشیارییەوەیە. لەبەرئەمە زۆرجار دایباب و خانەوادە منداڵەکەیان سەرزەنشت دەکەن لەسەر نەخۆشییەکی دەروونی کە توشیانبووە و نازانن ڕەفتارەکانی منداڵەکە بەهۆی نەخۆشییەوەیە نەک لادان بێت.

بۆنمونە: -بەهۆی واسواسییەوە منداڵەکە پرسیار دووبارە دەکاتەوە یان رەفتاری دووبارەی هەیە و بەوهۆیەوە تەمبێدەکرێت هەتا ئەو ڕەفتارە دووبارە نەبێتەوە.

-منداڵێک هەست بە دڵتوندی دەکات و دەگری و ئەمەش دەبێتە هۆی سەرزەنشتکردن و لۆمەکردنی لەلایەن خێزانەوە.

-دڵەراوکێ و ترسەکانی منداڵ دەبنە سەرچاەەی سوکایەتی و گاڵتەپێکردن لەلایەن خانەوادەوە. ئەو نمونانە هەر ئاسان و سادەکانن، ئەگەرنا کردەوە و رەفتاری هەڵەی مەترسیدار و خراپی تر زۆرە کە بەرانبەریان ئەنجامدراوە و دەدرێت.

ئەمە جگە لە گرتنەبەری ڕێگەی هەڵەی تری وەکو بردنە لای بازرگانانی ئاین و بە لێدان و شێوازی هەڵە جارەسەر دەکرێن!

بە گوێرەی داتا و توێژینەوە زانستییەکان نزیکەی دوو لەسەر سێی نەخۆشییە دەروونییەکان لە خوار تەمەنی ١٤ ساڵی دەردەکەون! لەبەرئەوە پێویستە دایباب بەئاگابن سەبارەت بە نەخۆشی و گرفتە دەروونییەکان لە منداڵەکانیاندا، چونکە فەرامۆشکردن و گوێپێنەدان دەبێتە هۆی خراپبوونی دۆخی دەروونی منداڵ لە گەورەییدا و هەندێکجار کارەساتی لێدەکەوێتەوە، بە پێچەوانەوە زوو چارەسەرکردن و بەدەمەوەچوونیان دەبێتە هۆی رزگاربوون و دەرئەنجامێکی باش!

بیرۆکەیەکی هەڵەیە کە خەڵکی پێیانوایە منداڵلان توشی نەخۆشی دەروونی نابن، لەوانەیە منداڵەکەت تەمەنی ٦ ساڵ بێت و واسواسی لەگەل بێت، یان مندالە هەشت ساڵانەکەت توشی خەمۆکی بوبێت... چارەسەر لە منداڵاندا وەکو گەورەکانە، بەڵام لە زۆربەی حالەتەکاندا سەرەتا چارەسەری دەروونی بەکاردەهێندرێت پاشان ئەگەر پێیویستبوو دەرمان دەدرێت...

بە هیوای بەدوربوون لە نەخۆشییە دەرونییەکان... 



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP