دواین هەواڵ

کلتور‌

 پێش 2 هەفتە

من و پیرەمێرد و شاری ئەماسیا لە تورکیا

سدیق عەزیز
ساڵی ١٩٩٧ دوای سێ مانگ ژیان لە ئەنقەرە ، بە فەرمانی پۆلیس دەبوایە بگوێزرێینەوە بۆ یەکێک لە شارەکانی تری تورکیا، لە ڕێگای دەزگای پۆلیسەوە شارەکان دیاری دەکران، ئەو شارەی بۆ منیان دیاریکرد ناوی ئەماسیابوو، شەش سەعات لە ئەنقەرەوە دوربوو ، وە لەو شارە بە سێ سەعات دەچویتە سەر دەریای ڕەشی سنوری روسیا.

شاری ئەماسیا شارێکی جوان و کۆن و خاوەن شوێنەواری دێرین بوو ،کە مێژوویان دەگەڕایەوە بۆ هەزاران ساڵ، شارێکی پڕ بەرزایی و نزمایی و کولانی تەسک و کۆن ، لە چوار لاوە بە شاخ دەوردرابوو، کە شاخەکان پڕبوون لە ئەشکەوتی زۆر دێرین و پڕ ئاسار و شوێنەواری کۆن، شارەکە هەر سیما کۆن و دێرینەکەی خۆی لە دەست نەدابوو،، .

ناوی ئەم شارە لام ناوێکی ئاسایی نەبوو، هەستم دەکر کە شتێک لە خەیاڵی مندا هەبووە یان شتێک هەیە کە ئەم شارەی بە منەوە دەبەستئتەوە ، پاش ماوەیەک هۆکارەکەیم دۆزیەوە ،ئەویش ئەوە بوو کە لە زەمانی عوسمانیەکاندا پیرەمێردی شاعیر والی یان قایم قامی ئەم شارە بووە،

بەڵام دروست نەم دەزانی لە كوێ و لەچی نوسینێکدا ئەوەم بەر چاوکەوتوە. لەدوای دڵنیا بوونم لەو راستیە، بوومە خاوەن هەستێکی زۆر تایبەتب بەرامبەر بە شارە .

ئیتر هەموو بەیانیەک کە لە ماڵەوە ئەهاتمە دەروە پیرەمێرد وەک تارمایەک لە پیشمەوە بوو، دەیان پرسیارم لا دروست دەبوو، کە بەجادەیەکدا دەرۆیشتم دەمووت داخوا پیرەمێرد چەند جار بەم جادەیادا ڕۆیشتوە ، ڕوبارێک بەناوەڕاستی شارەکەدا تئدەپەڕی ،بەپردێکی کۆن هەردوو بەری ڕوبارەکەی پێکەوە بەستتابوو ، دەبێت پیرەمێرد چەند جار بەسەر ئەم پردەدا پەریبێتەوە ،

دەبێت لە کام گەڕەک لەم گەرەکە کۆنانەدا ژیابێت، چەند شعری لەم شارەدا نوسیوە،دەبێت هەستی غەریبی و غوربەت لای پیرەمێرد چۆن رەنگی دابێتەوە.

ئەوەی لە هەمووشتێک زیاتر بۆ من جێگای سەرسورمان بو کە چ قەدەرێکە، من و پێرەمێردی لە دوو زەمەنی جیاوازدا لە شارێکدا کۆکردەوە. 



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP