دواین هەواڵ

جیهان‌

 22/10/2021

جۆبایدن: بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بۆ هەندێ کەسایەتی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەگەڕێتەوە

هەرێم نیوز

سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئۆپیک هۆكاری بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنییە لە جیهاندا و کەمی خستنەڕووی نەوت لەلایەن ئەو رێكخراوەوە بووەتەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی لە جیهاندا.

جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا، رایگەیاند، بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی لە جیهان بۆ هەندێ کەسایەتی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەگەڕێتەوە وەك بایدن دەڵێت:دەیانەوێت قسەی لەگەڵدا بکەن بەڵام ئەو بەدووری دەزانێت قسەیان لەگەڵدا بکات.

هەرچەندە سەرۆكی ئەمەریكا ئاماژەی بەو کەسایەتییانە نەداوە، بەڵام  پێشتر رایگەیاندوە کە نایەوێت پەیوەندی لەگەڵ محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە هەبێت، ئەوەش لەسەر بنەمای دۆسیەی کوشتنی جەمال خاشوقچی، رۆژنامەوانی سعودی کە لە لەنێو کونسوڵخانەی سعودیە لە شاری ئیستەنبوولی تورکیا کوژرا بەبێ ئەوەی تەرمەکەی بدۆزرێتەوە.

بایدن ئاماژەی بەوەشدا، ئێستا لەم کاتەدا شتێكی وا نابینێت کە ببێتەهۆی دابەزینێکی بەرچاوی نرخی نەوت، بەڵام لە ساڵی 2022دا ئیدی کەم کەم نرخی سووتەمەنی لە جیهان دادەبەزێت.

وتیشی، دابەزاندنی نرخی سووتەمەنی کارێكی ئاسان نییە، بەڵام ئەگەری هەیە توانایان هەبێت ئەو کارە بکەن، ئەوەش بە گوتەی بایدن کەمێك لەسەر سعودیە و هەندێ شتی دیکە وەستاوە کە لە داهاتوودا دەکرێن.

 



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP