دواین هەواڵ

کوردستان‌

 22/10/2021

پەرلەمانی کوردستان: کیشەی‌ غاز چارەسەر بو، کێشەی‌ نەوت و بەنزین ماوە

  • هەرێم نیوز
    جێگری سەرۆکی لیژنەی وزه‌و سامانە سروشتییه‌كانی پەرلەمانی كوردستان، گوڵزار عەلی ڕەشید دەڵێت کێشەی کەمبونەوەی ڕێژەی غاز و بەرزبوونەوەی نرخەكەی ئێستا چارەسەربوە و وەزارەتیش پێی ڕاگەیاندوین تا كۆتایی ساڵ نەوتی سپی دەگاتە ماڵان.  

    جێگری سەرۆکی لیژنەی لیژنه‌ی‌ وزه‌ و سامانە سروشتیه‌كان و پیشه‌سازی‌ و بازرگانی لە لێدوانێكدا بۆ (VOA) دەڵێت هۆکاری کێشەی غاز کە چەند ڕۆژێکە هەیە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە پێویستی بە چاککردنەوە هەبوو، (کۆرۆمۆ) ساڵی جارێک دەبێت سیانە بکرێت بۆیە کێشەکە هونەری بووە".  

    هەروەها دەڵێت "ئێستا کێشەی غازمان نیە و چارەسەربووە، ئەوەی هەیە کێشەی بەنزین و نەوتی سپییە بۆ ماڵان".  

    گوڵزار عەلی ئەوەشی وتووە” بە زارەکی ئاگادار کراوینەتەوە کە تا پێش کۆتایی ئەمساڵ و پێش هاتنی وەرزی زستان نەوتی سپی بەسەر هەموو ماڵێکدا دابەش دەکرێت، بۆ ئەوەش دابەشکردنی نەوت سەرەتا لە ناوچە شاخاوییەکانەوە دەست پێدەکات، دواتر گوندەکان و دەرەوەی شار، لە قۆناغی سێیەمیشدا نەوت بەسەر ناوەندی شارەکاندا جێ بەجێ دەکرێت، بۆ ئەمەش لیژنە پێکهێنراوە لە وەزارەتەوە بۆ دابەشکردنی نەوتی سپی و بەنزین".  

    سەبارەت بە کێشەی بەنزینیش، جێگری سەرۆکی لیژنەی سامانە سروشتییەکانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان وتی "بۆ ئەم گرفتە دەبێت ڕاستەوخۆ لەگەڵ وەزیری سامانە سروشتییەکان دابنیشین و داوای چارەسەر بکەین چونکە ئەو بڕە یەک ملیۆن لیترە بەس نیە وە دەبێت دڵنیا بین ئەو چارەسەرە کە بەغداد بەنزین دەنێرێت بەردەوام دەبێت یا گرەنتی نیە؟ لە کاتی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق نامێنێت ئایا گەرەنتی چیە؟ بۆیە دەبێت وەزارەتی سامانە سروشتیەکان بۆ چارەسەری کێشەی بەنزین و سوتەمەنی گەرەنتیمان بداتێ".   

    کێشەی کەمبونەوەی سوتەمەنی و بەرزبونەوەی نرخی غاز و نەوتی سپی و بەنزین لە دوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنە پێش وەختەکەی پەرلەمانی عێراق لەهەرێمی کوردستان سەریهەڵدا هەرچەند دوو ڕۆژ لەمەوبەر سەرۆکی حکومەت ڕایگەیاند” لیژنەیەکی لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ڕاسپاردووە بۆ ئەوەی سەردانی بەغداد بکەن بەمەبەستی دابینکردنی بەشە سوتەمەنی بۆ هەرێمی کوردستان.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP