دواین هەواڵ

کوردستان‌

 21/10/2021

حکومەتی هەرێم پڕۆسەی دابەشکردنی نەوتی سپی دەستی پێکرد

هەرێم نیوز 

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان ڕاسپاردوە ١٠٠ ملیۆن لیتر نەوتی سپی بە باشترین کوالێتی دابین بکات.

فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری حكومەتی هەرێمی كوردستان بڵاویكردەوە، پڕۆسەی دابەشکردنی نەوتی سپی بەر لە هاتنی وەرزی زستان دەستی پێ کرد و بۆ ئەو مەبەستەش وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان ڕاسپێردراوە ١٠٠ ملیۆن لیتر نەوتی سپی بە باشترین کوالێتی دابین بکات.

ئاماژەی بەوەشكردوە، ئەم بڕیارەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دوای ئەوە دێت کە خەریکە وەزری سەرما و سۆڵە دەست پێ دەکات و هەتا دێت نەرخی نەوتیش لە دونیا بەرزتر دەبێتەوە. بە پێی بڕیارەکە، لە قۆناغی یەکەمدا ١٠ ملیۆن لیتر بۆ پارێزگاکانی هەولێر، دهۆك، سلێمانی و هەڵەبجە دابین کراوە و دابەشکردنی نەوتی سپیش لە ناوچە شاخاوییەکان دەستی پێ کردووە کە هەر خێزانێك، ٢٠٠ لیتر نەوتی سپی بە بڕی ٥٥ هەزار دینار پێ دەدرێت.

بەپێی پلانی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان، دابەشکردنی نەوتی سپیی بە سێ قۆناغ دەبێت:

قۆناغی یەکەم: دابەشکردنی نەوت لە ناوچە شاخاوییەکان
قۆناغی دووەم: دابەشکردنی نەوت لە دەوروبەری شارەکان
قۆناغی سێیەم: دابەشکردنی نەوت لە نێو شارەکان

پشکی هەر پارێزگایەکیش لەو ڕێژە نەوتە سپییەی کە دیاری کراوە، بەم شێوەیەی خوارەوەیە:

ـ پارێزگای هەولێر: ٤٧.٥ ملیۆن لیتر
ـ پارێزگای سلێمانی: ٢٩.٦ ملیۆن لیتر
ـ پارێزگای دهۆک: ٢٣ ملیۆن لیتر
ـ پارێزگای هەڵەبجە: ٤.٥ ملیۆن لیتر

ئەو بڕە نەوتە سپییەی کە تا ئێستا بۆ پارێزگاکان نێردراوە بەم شێوەیەی خوارەوەیە:

ـ پارێزگای هەولێر: ٤ ملیۆن و ٣٢٩ هەزار لیتر
ـ پارێزگای دهۆک: ٣ ملیۆن و ٤٢٩ هەزار لیتر
ـ پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە: ٢ ملیۆن و ٤٧٨ هەزار لیتر



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP