دواین هەواڵ

کلتور‌

 21/10/2021

شرۆڤەی فێمینیزمی مارکسیستیی: لەبارەی تایبەتمەندیەکانی سوبکولتووری فێمینیستییەوە

نووسینی: ئا. س. ئارمێن 
وەرگێڕانی لەڕووسییەوە: پێشەوا خالید

نووسەر لێکدانەوەی بیرۆکە بنەڕەتییەکانی تیۆری مارکسیزم (چەوساندنەوە و فەرامۆشکردن) دەکات، کە بە شێوەیەکی ئەرێنی خزمەتی پێشکەوتنی تیۆری فێمینیزمیی کردووە و لەنێو ئەو دۆخە هەمەچەشنانەدا پێشکەوتنی زیاتری وەرگرتووە. جێبەجێکردنیان لە پراکتیکدا لە چوارچێوەی سیاسەتی دەوڵەت، زیندوێتیی و هەنووکەیی زۆرێک لە بیرۆکە هەمەجۆرەکانی فیکری فێمینیزم و لەنێویشیاندا فیکری فێمینیزمیی مارکسیزمیی دەسەلمێنێت.

چەمکە سەرەکییەکان: پرسی ژن، فێمینیزم، مارکسیسزم، فێمینیزمی مارکسیزمیی، نایەکسانیی، چەوساندنەوە و مۆڕاڵی سێکسیی.

کێشەی نایەکسانی و چەوساندنەوەی جێندەریی، لە مێژە بوونەتەوە بابەتی توێژینەوەی زانست و ڕەگی لە ئایدیۆلۆژیاکانی ئێستا و سەدەکانی پێشووشدا هەیە. پاساوی  پێگەی ملکەچبووی ژنان و وەدەرنانیان لە فەزای کۆمەڵایەتیی و کولتووریی و سیاسیی، نیشاندەری نەریتە فەلسەفییە ئەورووپیییەکانە لە سەردەمی دێرینەوە تا سەردەمی نوێ.

هەرچەندە لە سەردەمی ڕێنێسانسدا چەند هەوڵێک هەبووە بۆ پێداچوونەوە بە دۆخی ژن لە ڕووی کولتووریی و مێژوویییەوە،  بەڵام تەنیا لە چوارێوەی کاری ئەدەبی ژنان قەتیس مابوون. دواتر تەوەرەکانی ژنان لە جوڵەی سوفراگیزمدا ڕەنگیدایەوە، لە چوارچێوەی ئەوەی پێی دەوترێت “ڕەگەزی دووەم“، دەنگێکی سەنگینیان بەدەستهێنا، کە دیاردەیەکی فرە ناتەبا و ناکۆکە. یەکێک لە ڕەوتە بەرچاوەکانی پانتایی فیکریی وەک فێمینیزمی سۆسیالیستی/مارکسی دەستنیشان کرا. جێی سەرنجە کە زۆرێک لە بەندەکانی لە ڕووسیادا شێوەیان گرت و لایەنگرانی بە پێچەوانەی بزووتنەوەکانی ژنان لە ڕۆژئاوای بۆرژوازی، تێزەکانی بنەڕەتی مارکسیزم و فێمینیزمیان بەرز کردەوە. 

بەم شێوەیە، کێشەکانی نایەکسانی و ستەم توێژینەوەی لێکراوە لە لایەن ئینگڵس لە کتێبی “ئەسڵی خێزان و خاوەندارێتی تایبەت و دەوڵەت“،  ئا. بێبل “ژن و سۆسیالیزم” و بێگومان لە کارەکانی ژنانی شۆڕشگێڕی ناوداری وەک ک. تیستکین، ڕ. لوکسمبورگ، ن. کروپسکایا و ئا. کۆلۆنتا.

فێمینیستى ئەمریکی (خ. هارتمان) ئەم جۆرە سەنتێزە تیۆرییەی بە “هاوسەرگیریی شکستخواردوو” وەسف کرد. لەگەڵ ئەوەشدا، بیرۆکەی بەگژداچوونەوەی دووبەرەکیی پشتیوانییەکی گەورەی بەدەستهێنا و لە سیاسەتی یەکێتی سۆڤیەتدا بەرجەستەبوو. بۆیە، بنەڕەتە فەلسەفییەکانی مارکسیزم کاریگەری لەسەر پێکهێنانی فەلسەفەی فێمینیزم دانا ـــ ئەمەش ئامانجی نووسینی ئەم وتارەیە.

پارادۆکسەکە ئەوەیە، پرسی چەوساندنەوەی ژنان کە لە هەردوو مارکسیزم و فێمینیزمدا دەنگدانەوەی فراوانی لێکەوتۆتەوە، بابەتێکی جیای توێژینەوە نەبوو بۆ مارکس و شوێنکەوتوانی. کێشەکە بە “پرسی ژنان” ناوزەد کرا، واتە وەکو یەکێک لەو پرسگەلە کۆمەڵایەتیانەی کە دەبێت لەگەڵ پرسەکانی تردا بخرێتە بەر باس. هەرچۆنێک بێت ئەمە پرسێکە، کە چارەسەرەکەی دەتوانێت بە لەناوبردنی دامەزراوەی موڵک و خاوەندارێتی تایبەت و تەواوی سیستەمی سەرمایەداریی بەدەست بهێنرێت. بەم شێوەیە چەوساندنەوەی ژنان تەنیا وەک حاڵەتێکی تایبەتیی ستەمی سەرمایەداری و چینایەتی سەیر دەکرا. سەرباری ئەوەش، فێمینیستە مارکسییەکان ڕێبازە مارکسییە باوەکە بۆ شیکردنەوەی کاری کرێ و کاری ناوخۆیی (بێگاری) بەکار دەهێنن. دووەمیان، واتا بێگاری، هاوشێوەی لەشفرۆشیی دەبێتە میکانیزمێکی دامەزراوەیی و ئامرازی سەرکوتکردن و ژێردەستکردنی ژنان.

ئەمڕۆ بیرۆکەی یەکسانی ڕەگەزی و هەموو دەرفەتەکانی ڕزگاریی لە تیۆری فێمینیزمدا چڕ کراوەتەوە. هەرچۆنێک بێت سیستەمی بیرۆکەکان سەبارەت بە چەوساندنەوە (چ لە بەرهەمهێنان و چ لە ژیانی ڕۆژانەدا) و ڕزگاری، ئێستا لە ژێر ناوی “فێمینیزمی مارکسیستی” دا ئامادەیە، کە یەکەمجار لە لایەن سۆسیالیستەکانەوە بەیانکرا، وەکو (کلارا زێتکین)[١، ل. ٢٦]

خەبات بۆ یەکسانی ژنان لە کۆمەڵگای مرۆڤایەتیدا لە بنەڕەتدا بە تێکۆشانی یەکسانی لەنێو ڕێکخراوەکانی کرێکاراندا، یان لە ژینگەی پرۆلیتاریدا دەستی پێکرد. (ئا. کۆڵۆنتا) باسی لەوە کرد کە کاتێک ژنانی پرۆلیتاریا مافی کارکردنیان بەدەستهێنا، تەنانەت ژنانی بۆرژوازی ڕازی بوون بە ڕۆڵی کارەکەر و بیریان لە هیچ خەباتێک نەدەکردەوە [٢, ل..٩]

بەم شێوەیە، (ئا. کۆلۆنتا) کە کەسایەتییەکی سەرەکی فیمینیزمی هاوچەرخە، هەرگیز خۆی بە لایەنگری بزوتنەوە بۆرژوازەکانی ژنان ناوزەد نەکردووە، ڕکابەرێکی سەرسەختیان بووە و پێی وایە “هیچ هاوکێشەیەکی فەرمیی بۆ یەکسانکردنی مافی ژن لەگەڵ پیاودا لە ڕووی سیاسیی و پیشەیی، ژن لە کۆیلایەتی کۆمەڵایەتی و ئابووری ڕزگار ناکات“، کە لە لایەن دامەزراوەی موڵکداری تایبەتەوە درووستکراون [٢، ل.١٤].

لە ئەنجامدا بزووتنەوەکانی ژنان بێسوودن و تەنیا کرێکارەکان لە خەباتی چینایەتی لە ڕیزەکانی پرۆلیتاریای پێشکەوتوودا سەرقاڵ دەکەن.

وەک پێشتر ئاماژەی پێکرا، زۆرێک لە پۆستولەیتەکانی فێمینیزمی مارکسیستیی بەهۆی تیۆریزان و سیاسەتمەدارانی ڕووسییەوە بووە و نابێت ئەمەمان لەبیر بچێت. حکومەتی بەلشەڤیک لە سەرەتای ١٩٢٠کاندا بوو بە پێشکەوتنخوازترین حکومەت لە جیهاندا لە ڕووی یەکسانی جێندەریەوە: یەکسانی سیاسی، یەکسانی هەڵبژاردن مسۆگەر کراو و بە فەرمی ناسێنرا، یەکەم ئەزموونی بیمەی کۆمەڵایەتی بەرجەستە بوو و لەباربردنی منداڵ بە تاوان ناسێنرا. لە هەمووی گرینگتر پەروەردەی ژنان پەرەی سەند. واتا، ئەو جۆرە داخوازی و دروشمانە جێبەجێ کران، کە لەو قۆناغە مێژووییەدا بۆ وڵاتانی ئەوروپای ڕۆژئاوا جێگەی قبوڵ نەبوو.

هەروەها لە کتێبی “ژنی نوێ“ـدا (کۆڵۆنتا) تێبینی ئەوە دەکات کە “ژنی نوێ” وەک جۆر، تەنیا لە دنیای سەرمایەداریدا لە پەیوەندی بە درووستکردنی ویستی ژنان لە بەرهەمهێناندا دەردەکەوێت. بە بەشداری ژن لە بەرهەمهێناندا، ژن سەربەخۆیی ئابووریی بەدەستهێنا، کە یەکێکە لە گرنگترین مەرجەکان بۆ ڕزگاربوونی” [٣، ل. ٢١].

دەبێت ئاماژە بەوە بکەین، کە دواتر بەدەستهێنانی مافی کارکردن بۆ ژنان وەک دەستکەوتی دنیای فێمینیستیی ڕۆژئاوا دەناسێنرێت. تیۆریزانانی فێمینیزم لە گەڕانی تیۆریایەکی یەکگرتوودا بە شێوەیەکی سروشتی ڕوو لە تیۆری نایەکسانی کۆمەڵایەتی مارکس دەکەن. بە ئەنقەست پرسی نایەکسانی کۆمەڵایەتی، بڵاوکردنەوەی بیرۆکەکانی مارکس سەبارەت بە دەوڵەت، ڕۆڵی چینی چەوساوە بەتایبەتی دنیای مێینە، ئایدیۆلۆژیای فێمینیزم، بیروڕای مارکسیستەکان دەگۆڕن و دەشێوێنن.

کارەکانی (ک. مارکس) و شوێنکەوتوانی تەرخانکراون بۆ سرووشت و گەشەکردنی کاری کۆمەڵایەتیی و ئەو وەرچەرخانانەی دواتر لە فەزای کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و ئابوورییدا هەن، ناکرێت ئەو ڕەنج و تێکۆشانانە لەبەرچاو نەگرین. سروشتی شۆڕشگێڕانەی ئەوان لە پەیوەندیدایە به قووڵترین زانین لە بواری ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسی. تێڕوانینێکی گشتگیرانە بۆ ئەو پڕۆسانەی کە لە مێژووی شارستانیەتی جیهانیدا ڕوو دەدەن هەیە و شیکارییەکانیان پشت بە ڕوانگەیەکی بابەتیانە و شێلگیرانە دەبەستێت. وەک لەسەرەوە ئاماژەی پێکرا، هەرچەندە پرسی جێندەری بۆ مارکس بابەتێکی جدی نەبوو، لێ، لە هەمان کاتدا، مارکسیزم  بۆ تیۆریزانانی بزووتنەوەی ژنان بوو بە سەرچاوەی ئایدیاکانیان. نزیکایەتی مارکسیزم لە تیۆریزانانەوە دەگەڕێتەوە بۆ ئەم هۆکارانەی لای خوارەوە:

 ۱. لەوێ بەدواوە، ژن وەک سوبێکتێکی کامڵ لە ڕووبەری کاری کۆمەڵایەتیدا ئەنالایزی خۆی دەکرد. ئەمەش وایکرد بە شێوەیەکی گرینگ بەشداری ژنان لە بواری چالاکی غەیرە مێینەدا فراوان بکرێت. 

۲. پرۆلیتاریا “هیچ ڕوویەکی ڕەگەزیی نییە” و ژنیش پرۆلیتاریایە و دەتوانێت بەشداری خەباتی شۆڕشگێڕانە بکات.

۳. کرێکاری ژن دووجار ستەم ئەزموون دەکات – لە دەوڵەت و لە خێزانی بۆرژوازیدا. ڕزگاربوونی لەگەڵ پرۆلیتاریا لە ئەنجامی سەرکەوتنی شۆڕشی پرۆلیتاریا ڕوو دەدات، بۆیە مافی ئەوەی هەیە لە هەردوو ڕووبەری (دەرەکی – دەوڵەت، ناوخۆ – خێزان) خەبات بکات بۆ ڕزگاری لە ستەمی پیاوسالاریی.

٤. ژن وەک ئامانجی زوڵم و زۆرداریی شوناسێکی پرۆلیتاریای هەیە.

٥. لەبەرئەوەی کە بواری سێکسیی ڕووبەرێکی تری سەرکوتکردنە لەلایەن پیاوەوە، ئامانجی فێمینیستەکان ئەوەیە کە یەکسانی تەواو لە سێکسدا لەگەڵ هاوبەشە پیاوەکانیان بەدی بهێنین و پێداچوونەوەی مۆڕاڵی سێکسی دوولایەنە بکەن.

(ڤ. برایسۆن) دەڵێت: “مارکسیزم، بێشک تیۆرییەکی گشتگیرە کە ئەگەری داهێنانی نوێ بە فێمینیزم دەدات“[٤٫ ل. ٦٩].

بیرۆکەکانی مارکس سەبارەت بە چینەکان و پرۆسەی ئابووری، دەکرێت بۆ شیکردنەوەی پەیوەندی نێوان ڕەگەزەکان جێبەجێ بکرێت. هەرچۆنێک بێت، پێویستە ئەوە بناسرێت کە مارکسیزم کۆمەڵێک کەلێنی تیۆری هەیە، بۆ نموونە: شێوەکانی تری ستەم لە ئابووریدا لەبەرچاو ناگرێت، واتە هەر ناکۆکییەکی بەرژەوەندی نێوان ڕەگەزەکان، هەروەها ئەگەری بوونی هەر سیستمێکی سەرکوتکردن لە کۆمەڵگایەکی سۆسیالیستدا.

 بەم شێوەیە، (مارکس) و شوێنکەوتوەکانی هەموو نایەکسانییەکیان بە مەیلێکی ئابووریانە ڕوون دەکردەوە، بۆیە هەر شتێک کە لە ڕوانگەی ئابووریەوە شرۆڤە نەکرابا بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی لە ڕووبەری بیرکردنەوە دوورخرایەوە، وەکو: بوونی ڕێکخراوی کۆمەڵایەتی پیاوسالار، کێشەی خۆناسی مێینە، شوناس و دامەزراندی کەسایەتی.

(ئا. کۆڵۆنتا) نوسیویەتی: “ئەوە بەس نەبوو، کە فۆرمی نوێی بەرهەمهێنان دروست بکرێت، پێویست بوو چەمکەکانیان بنیات بنێین، یاساکانی ژیانیان (ئەخلاق) بەپێی ئەم شێوە نوێیانەی بەرهەمهێنان بنیادبنرێن” [٥، ل. ١٢١]. ئەو جەختی لەسەر پێویستی دووبارە پێداچوونەوە بە بەها ڕەگەزییەکان کردەوە، بۆ گۆڕین و داهێنانی پەیوەندی نێوان ڕەگەزەکان.
(کۆلۆنتا) پێی وابوو کە لە کۆمەڵگای نوێدا پێش هەموو شتێک ژن دەبێت بگۆڕێت، چونکە بە درێژایی مێژوویەکی توولانی ژن پێگەی دووەمی هەبووە. “ژنی نوێ” وەک بوونێکی سەربەخۆ دادەمەزرێت، کە لە بەرژەوەندییەکی گشتیدا دەژی و تیایدا بۆ مافەکانی خۆی شەڕ دەکات. واتا، هەوڵێک هەیە بۆ لەدایکبوونەوەی ژن وەک سوبێکتێکی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی.

هەروەها لە کارەکانی (کۆڵۆنتا)دا ئاماژە کراوە بە فۆرمێکی نوێی پەیوەندی نێوان ڕەگەزەکان، کە “هاوسەرگیریی مەنۆگەمێس“ـە، واتا، هاوسەرگیرییەک بێبەری بێت لە “کۆیلایەتی” ی، دوو مۆڕاڵیی سێکسی و نایەکسانی و یەکسانی ئابووریی[٥،ل. ١٧٨].

هەموو ئەم مشتومڕانە دەرکەوت کە گونجاون و بەهایەکی دیاریکراویان هەیە: ئەم شێوە پەیوەندیەی نێوان ڕەگەزەکان تایبەتمەندی کۆمەڵگای مۆدێرنە و لەلایەن زانایانەوە وەک هاوسەرگیرییەکی یەکسانیخواز وەسف دەکرێت.

بەم شێوەیە، (مارکس) پێگەی پرۆلیتاریا و خەباتی چینایەتی لە دەرەوەی شوناسە ڕەگەزییەکان شیکردەوە. هیچ پێکهاتەیەکی جێندەری لە پلانی شیکردنەوەکەیدا نەبوو. بەڵام شوێنکەوتوەکانی ڕووبەڕووی کێشەی ڕاستەقینەی ژنانی کرێکار بوونەوە. کار و چەوساندنەوەی ژنان، پێشبڕکێی ژن و پیاو لە بازاڕی کار، ئاستی پارەدان، بیمە و پاراستنی کاری ژنان، کێشەکانی دایکایەتی و دامەزراندن و هتد، ــــ ئەمانە ئەو تەوەرە سەرەکیانەن کە پەیوەندیان بە نیوەی دووەمی سەدەی نۆزدەوە هەیە.

 تیۆریزانانی مارکسیزم، ناچارانە، لە دژی تێوەگلان لە بزووتنەوەی ژناندا،  تەنانەت ئەگەر خۆشیان ئەوەیان نەویستبێت، (مارکس)یان کردە سەرچاوەیەکی تیۆری نەک تەنیا بۆ فێمینیزمی سۆسیالیستیی، بەڵکو لە هەموو بوراەکاندا بە گشتیی. فێمینیزم ئەمڕۆ هەوڵ دەدات بگاتە ئاستێکی نوێ لەگەشەپێدانی ئایدیاکانیان، ڕاستەوخۆ تێزە مەرکسییەکان بەکاردێنن بە مەبەستی بەرزکردنەوەی هوشیاریی ژنان وەک چینێکی ستەملێکراو کە دەبێت دژی ستەمی پیاوسالاریی بجەنگن. 

کەواتە، دەکرێت بڵێین، کە نوێنەرانی فێمینیزم تا ڕادەیەکی زۆر شوێنکەوتووی مارکسیزمن. سەرباری ئەوەش، فێمینیزمی ڕووسیی بوو، کە لە سایەی مارکسیزم وەک ئایدیۆلۆژیایەکی دەوڵەتی لە دوای شۆڕشی ساڵی ١٩١٧ەوە شێوەی گرت، کە ئەو ئاڵنگاری و دروشمە سەرەکیانەی زانستی ڕۆژئاوا و بزووتنەوە ڕۆژئاواییەکان خستە گەڕ.
سەرچاوەکان:

 1. Цеткин К. Социализм придет к победе только вместе с женщиной-пролетаркой. – М.:Госполитиздат, 1960. – 102 с. 
2. Коллонтай A.М. Великий борец за право и свободу женщин: (Вместо предисловия) // Бебель А. Женщина и социализм. – М.: Пг., 1923. – 596 с. 
3. Коллонтай А. Новая мораль и рабочий класс. – М.: ВЦИК Советов р.,к. и к.депутатов, 1919. – 60 с. 
4. Брайсон В. Гендер и политика времени. Феминистская теория и современные дискуссии. – Пер.с англ. – К.: Центр учебной литературы, 2011. – 248 с. 
5. Коллонтай А. Дорогу крылатому Эросу! (Письмо к трудящейся молодежи)//Молодая гвардия. – 1923. – № 3. – С. 92-148. 
6. Осипович Т. Коммунизм, феминизм, освобождение женщин и Александра Коллонтай // Общественные науки и современность. – 1993. – №1. – с.174-186.
51 7. Пушкарева Н. «Женский вопрос» в теории марксизма (почему брак марксизма с фе-минизмом оказался несчастливым?) // Женщина в российском обществе. – 2002. – №1. 
– С. 2-13. 
8. Юкина И. На пути к марксистскому феминизму. Деятельность Александры Коллонтай // Социология науки и технологий. – 2014. – Том 5. – № 2. – С.81-91.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP