دواین هەواڵ

تەندروستی‌

 21/10/2021

کۆرۆنا یان پەتای وەرزی چی بکرێت باشە ؟

دکتۆر عارف گۆران -پسپۆری ڕاوێژکاری نەخۆشییەکانی ھەناو-لەندەن

لە چەند رۆژی رابردوو ژمارەی پەیوەندیەکانی نەخۆشەكانی کوردستان بە رێژەیەکی بەرچاو زیادی کردووە ، دیارە ئەوەش پەیوەندی بە زیادبوونی تووشبوانی کۆرۆناوە ھەیە، بەشێک لەو نەخۆشانە تووشی ھەوکردنی سیەکان بوونەوەو رێژەی ئۆکسجین لە خوێنیان دابەزیوەو ھیچ گومانی تیانیە کە تووشی کۆرۆنا بوونە ، لە ھەمان کاتدا ژمارەیەکی یەکجار زۆر تووشی تاو لەرز بووینەو ژمارەیەک پشکنینی خوێنیان کردووەو داوام لێدەکەن ئایا تووشی کۆرۆنا بوونە یان نا ؟

لەو نووسینە ھەول ئەدەم وەلامی کۆمەلێک لەو پرسیارانە بدەمەوە ولە ھەمان کاتدا رێنمایەکی گشتی ئەدەین، کە خەلکی لە ئێستادا چی بکات باشە!؟ دیارە لە رابردوودا باسی بەشێک لەو رێنماییانەمان کردووە ، بەلام وەک بیرھێنانەوەیەک لەم چەند خالەی خوارەوە باسی لێوە دەکەین

1-سەرھەلدانی پەتای وەرزی و ئەنفلوەنزا کاری دکتۆرەکانی زەحمەت کردووە ، لە ئێستادا جیاکردنەوەی ئەو پەتایە لە کۆرۆنا، بە تایبەت لە چەند رۆژی یەکەمی نەخۆشیەکە کارێکی ئاسان نیە ، لەبەرئەوەی ڤایرۆسی گۆڕاوی دەلتا لە سەرەتای نەخۆشیەکە نیشانەکانی لە ھەلامەت و ئەنفلوەنزا دەچێت.

2-دەستنیشانکردنی کۆرۆنا لە رێگای پشکنینی پی سی ئاڕ (PCR) دەکرێت ، واتە دەبێت سامپل لە لووت وەربگیرێت، لە كوردستان کۆمەلێک پشکنینی خوێن دەكرێت کە هیچ رۆلێکیان لە دیاریکرنی کۆرۆنا نیە!

3-بەرزبوونەوەی رێژەی سی ئاڕ پی خوێن ( CRP ) لەگەل تووشبون بە ڤایرۆسەکانیش روودەدات ، خەلکانێکی زۆر وا لێکدەدەنەوە، کە تووشی ئیلتھابی خوێن بووینەو دەست بە بەکارھێنانی کۆمەلێک ئەنتیبایۆتیک دەکەن، لە کاتێکدا پێویستیان پێی نیەو زیانی لە سوودی زیاترە.

4-بەرزبوونەوەی D-Dimer جگە لە خوێن مەین لەگەل ھەر جۆرێکی ھەوکردن ، لەمانە ھەوکردن بە ھۆی ڤایرۆس روودەدات ، ھەموو بەرزبونەوەیەکی (دی دایمەر) واتای ئەوە نیە نەخۆشەکە تووشی خوێن مەین بووە .لە کوردستان خەلکێکی زۆر دوای ئەو پشکنینە دەست بە بەکارھێنانی دەرمانی دژە خوێن مەین دەکەن لە کاتێکدا نەخۆشەکە ھیچ نیشانەیەکی خوێن مەینی نیە، بەکارھێنانی ئەو جۆرە دەرمانە ئەگەر لە ژێر چاودێری دکتۆر نەبێت بۆی ھەیە ببێتە هۆی خوێن بەربوون .

5-بەکارھێنانی دەرزی دێکسامیسازۆن (Dexamethasone) بۆی ھەیە وابكات نەخۆشەكە بە شێوەیەکی کاتی ھەست بە کەمکردنەوەی نیشانەکانی پەتاکە بکات ، بەلام لەو تووشبوانەی کۆرۆنا، کە تووشی ھەوکردنی سییەکان نەبووینە، دەبێتە ھۆی دابەزینی بەرگری لەش، خەڵك دەبێت لە مەترسیەکانی ئەو دەرمانە ئاگاداربن ، کە بەداخەوە بە شێوەیەکی بەرفراوان لە کوردستان بەکاردەھێنرێت.

پرسیار دەكرێت، چی بكرێت ؟، لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا ئەو چەند خاڵە دەخەینە ڕوو :

1-تاو لەرز ، سەرئێشەو لەش داھێزران و قوڕگ ئێشان و ئاو لە لووت ھاتن کۆمەلێک نیشانەن، کە پەتای کۆرۆنا یەکێک لە ئەگەرەکانە ، بۆیە وا باشە نەخۆش وەک تووشبوەیەکی کۆرۆنا مامەلە لەگەل خۆی بکات . بۆ دلنیابوون دەکرێت پشکنینی پی سی ئار بکرێت، ئەگەر نیشانەکان چەند رۆژێکی کەم بخایەنێت ئەوە ئەگەری کۆرۆنا زۆر کەمترە .

2-زۆربەی ھەرە زۆری تووشبوان ، جا پەتاكە ئەگەر پەتای وەرزی یاخود کۆرۆنا بێت، جگە لە حەسانەوە و بەكارهێنانی حەبی ئازار شکێن لە مالەوە نەخۆش پێویستی بە ھیچی تر نابێت .

3-لەبری پارە سەرف کردن بە پشکنینی خوێن و تیشک و بەکارھێنانی کۆمەلێک ڤیتامینی گران بەھا ، وا باشترە نەخۆش ئامێرێکی ( pulse Oximetry )بکرێت و لە مالەوە چاودێری رێژەی ئۆکسجین بکات، چونکە بەشێکی تووشبوانی کۆرۆنا تووشی ھەوکردنی سیەکان دەبن و ئەو ئامێرە بجووکە کە لەسەر پەنجەی دەست بەکاردەھێنرێت رێژەی ئۆکسجین لە خوێن دیاری دەکات، بەمەش جۆری چارەسەری پێویست بڕیاری لەسەر دەدرێت لە لایەن پزیشکی پسپۆرەوە.

4-لە ئەگەری تەنگەنەفەسی و دابەزینی رێژەی ئۆکسجین، دەبێت نەخۆش بە زووترین کات سەردانی نەخۆشخانە بکات ، چونکە لەو حالەتەدا دەبێت ئۆکسجین و کۆمەلێک چارەسەری تر بە نەخۆش بدرێت .

5-ئاگادارم لەبەر زۆر ھۆکار ژمارەیەکی زۆری ئەو نەخۆشانەی کە تووشی ھەوکردنی سیەکان بووینە لە مالەوە چارەسەری وەردەگرن ، زۆر گرنگە، کە ئەو نەخۆشانە لە ژێر چاودێری دکتۆر بن ، کەسوکاری نەخۆش رۆژانە لە گۆرانکاریەکان دکتۆر ئاگادار بکەنەوە.

6-ئەو نەخۆشانەی کە بڕێكی زۆری ئۆکسجین وەردەگرن ، لەگەڵ ئەوەشدا رێژەی ئۆکسجین لە خوێنیاندا کەمە ، ئەگەری زۆری ھەیە پێویستیان بە ئامێری سی پاپ بێت ، کە تەنیا لە نەخۆشخانەکان بەردەستەو لەو ئەگەرەدا تاکە رێگا بۆ بەردەوام بوون لە چارەسەری دەبێت نەخۆشخانە بێت.

7-دوای دوو سال لە سەرھەلدانی کۆرۆنا ، زۆربەی دکتۆرەکان ئاشنایی باشیان لەگەل پەتاکەو ئەو دەرمانانەی نەخۆش لە مردن رزگار دەکات پەیداکردووە، گرنگی لەوەدایە، کە چارەسەری لەگەل سەرەتای ھەوکردنی سیەکان دەست پێبکرێت و دوا نەخرێت .

کوردستانیانی خۆشەویست ، ئاشکرایە کۆرۆنا لە کوردستان لە ھەلکشاندایە و زۆر بەداخەوە ژمارەی مردن بە گوێرەی ژمارەی دانیشتوانی کوردستان بەرزە، گومان لەوەدا نیە کۆرۆنا درێژەی کێشاو لە خەلک تێدەگەین کە بێزار بوون لە رێکارەکانی خۆپاراستن، لەبەرئەوەی دەبێت ژیان نەوەستێت وبەردەوام بێت، بەڵام باشترین رێگا بۆ خۆپاراستن ئەوەیە، لە ئاپۆڕەی خەڵك دووربكەویەوە وتا رادەیەك لاتەریكی هەڵبژێری، ئەگەر نیشانەکانی کۆرۆنات ھەیە ویژدانت بکە حەکەم و لە مال مەچۆ دەرەوە تاکو دلنیا دەبیەوە کۆرۆنات نیە .

دوای زیاتر لە دە مانگ لە بەکارھێنانی ڤاکسین ، زۆربەی دانیشتوانی ئەوروپاو ئەمریکا ڤاکسینیان وەرگرتووە، لە کاتێکدا دەزانین ڤاکسینەکان سەد دەر سەد خەڵك لە تووشبوون ناپارێزێت ، بەلام دەزانین ئەو کەسانەی ڤاکسینینان وەرگرتووە لە ئەگەری تووشبوون بە کۆرۆنا کەمتر تووشی ھەوکردنی سیەکان دەبن ، ئەو راستیانە لە ئەوروپا زۆر بە روونی ھەستی پێدەکرێت و ژمارەی ئەو کەسانەی پێویستیان بە چارەسەری نەخۆشخانە دەبێت زۆر زۆر کەمترە بە بەروارد لەگەل ئەو کاتانەی ڤاکسین لەبەردەست دا نەبوو،

بە وەرەگرتنی ڤاکسین نەک ھەر خۆت بەلکو کەسوکارو کۆمەلگاكەشت دەپارێزیت، چونکە راستیە زانستیەکان پێمان دەلێن گواستنەوەی ڤایرۆسەکە لەو کەسانەی ڤاکسینیان وەرگرتووە زۆر کەمترە بە بەروارد لەگەل ئەو کەسانەی کە ڤاکسینیان وەرنەگرتووە .



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP