دواین هەواڵ

کوردستان‌

 21/10/2021

بافڵ تاڵەبانی: پەرۆشی ئەوەین کورد وەک بەرەیەکی نیشتمانی بچێتە بەغداد

هەرێم نیوز
بافڵ تاڵەبانی، ھاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە میانی پێشوازیکردنی لە ئۆلیڤییێ دیکوتینێ، کونسوڵی گشتی فەڕەنسا لە ھەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند پەرۆشی ئەوەین کورد بە یەک تیم وەک بەرەیەکی نیشتمانیی کوردستانی بچێتە بەغداد.

بافڵ تاڵەبانی، ھاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، پێشوازیکرد لە ئۆلیڤییێ دیکوتینێ، کونسوڵی گشتی فەڕەنسا لە ھەرێمی کوردستان، لە دیدارەکەدا،  پێشھاتە سیاسییەکان، ھەلومەرجی دوای ھەڵبژاردن و قۆناغی نوێی ئەرک و بەرپرسیاریەتیی لایەنەکان خراونەتەڕو.

 لە دیدارەکەدا، بافڵ تاڵەبانی، ئاماژەی بە خواستی یەکێتی کردوە بۆ پێکھێنانی حکومەتی نوێی عێراق لەسەر بنەمای شەراکەتی نیشتمانیی و تەوافق، کە ڕەنگدانەوەی خواستی ھەموو لایەک بێت و ڕایگەیاند یەکێتی پەرۆشی ئەوەیە حکومەتی داھاتووی عێراق لە ئاست خواست و پێویستی و داوای ھەموو نەتەوە و پێکھاتەکان بێت و ببێتە مایەی سەقامگیری، ئارامی و خۆشگوزەرانی زیاتر نەک لێکترازان و وڵات بەرەو نائارامی زیاتر ببات.

ئاماژەی بەوەشکردوە، پەرۆشی ئەوەین کورد بە یەک تیم وەک بەرەیەکی نیشتمانیی کوردستانی بچینە بەغدا و بۆ ئەوەش دەست پێشخەری یەکڕیزی و کۆکردنەوەی ھێزە سیاسییە کوردستانییەکان دەکەین و دەمانەوێت جیاوازی و تێڕوانینەکان، لەودیو حەمرینەوە بکەینە خزمەت ئامانجە باڵاکانی گەلەکەمان.

ھەر لە دیدارەکەدا جەخت لە ھاریکاری زیاتر و پتەوکردنی پەیوەندیی دۆستانەی نێوان ھەردوولا کرایەوە بە شێوەیەک خزمەت بە بەرژەوەندییە باڵاکان بکات.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP