دواین هەواڵ

جیهان‌

 21/10/2021

سوریا؛ هێرشی موشەکی دەکرێتە سەر بنکەیەکی سەربازی ئەمریکا

هەرێم نیوز
بە دوو درۆن و ژمارەیەک موشەکەوە هێرش کرایە سەر بنکەی سەربازیی تەنف لە باشووری سوریا و بەرپرسانی ئەمریکیش ئاماژە بەوە ئەکەن، لەو هێرشەدا هیچ ئەمریکییەک نەکوژراوە و برینداریش نەبووە.

بیڵ ئێربن، گوتەبێژی فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا رایگەیاندووە، یەکێک لە درۆنەکان ئەو ناوچەیەی بنکە سەربازییەکەی کردووەتە ئامانج کە سەرباز و راوێژکاری سەربازیی وڵاتەکەی تێدا دەمێننەوە و یەکێکی دیکەشیان ئەو ناوچەیەی بنکە سەربازییەکەی کردووەتە ئامانج کە هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریای تێدایە.
دەشڵێت: هێرشەکە "بە مەبەست و رێکخراو" بووە.

بە گوێرەی قسەکانی وتەبێژی فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا، هیچ سەرباز و راوێژکارێکی سەربازیی ئەمریکی نێو بنکەکە بریندار نەبوون و لەگەڵ هاوبەشەکانیشیان لە پەیوەندیدان بۆئەوەی بزانن هێرشەکە زیانی بەوان گەیاندووە یاخود نا.

وتەبێژی فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا  ئەوەشی خستەڕو، مافی بەرگریکردن لە خۆیانیان هەیە، بەڵام کات و شوێنی وەڵامدانەوەکە خۆیان بڕیاری لەسەر دەدەن و هەڵیدەبژێرن.

نزیکەی 200 سەرباز و راوێژکاری سەربازیی ئەمریکا لە بنکەی سەربازیی تەنفن ئەرکی سەرەکییان بریتییە لە راهێنان بە هەندێک گروپی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا و چاودێریکردنی جموجۆڵەکانی داعش و ئەنجامدانی هێرشی سەربازی بۆسەر ئەو رێکخراوە پەڕگیرە. 

تەنف تەنیا شوێنی سووریایە لە دەرەوەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر کە سەرباز و راوێژکاری سەربازیی ئەمریکای تێدایە.

فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا یەکێکە لە فەرماندەییە سەربازییەکانی ئەمریکا، لە ساڵی 1983 دامەزراوە و لە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ناوەڕاست و باشووری ئاسیا ئۆپەراسیۆن ئەنجام دەدات.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP