دواین هەواڵ

جیهان‌

 21/10/2021

دۆناڵد ترەمپ بەتۆڕێکی کۆمەڵایەنی نوێوە رووبەڕووی کۆمپانیا گەورەکان دەبێتەوە

هەرێم نیوز
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا تۆڕێکی کۆمەڵایەتی نوێ بەناوی TRUTH "ترووز" رادەگەیێنێت، دەڵێت ئامانج لەو کارەی رووبەڕووبوونەوەی" کۆمپانیا زۆردارە زلهێزەکانی بواری تەکنەلۆژیان" کە ترەمپ بە بێدەنگکردنی دەنگی خەڵکی ناڕازی لە ئەمریکا تۆمەتباریان دەکات.


گرووپی میدیایی و تەکنەلۆژیایی ترەمپ ناسراو بە (TMTG) بڵاویکردەوە کە لە مانگی داهاتووەوە "تۆڕی کۆمەڵایەتی TRUTH دەستبەکاردەبێت و بانگهێشتی میوانان دەکات."

ئەم هەوڵەی ترەمپ بۆ کردنەوەی ئەم تۆڕەکۆمەڵاتییە لەکاتێکدایە، لەدوای رووداوەکانی 6ی کانوونی دوووەمی ئەمساڵ و هێرشکردنە سەر کۆنگرێس، تەواوی تۆڕەکۆمەڵاتییەکان بەسەر دۆناڵد ترەمپ داخران.

ترەمپ هەوڵیدا لە رێگەی بڵۆگەکەی بەناوی "دێسکی دۆناڵد ترەمپ" بابەتەکانی بڵاوبکاتەوە، بەڵام دوای کەمتر لە مانگێک لە کردنەوەی ماڵپەڕەکە داخرا، ئەوتا جەیسن میڵەر، راوێژکاری باڵای ترەمپ گوتی ئەو "بڵۆگە بەشێکی بچووکە لە کارێکی گەورەتر کە پێیەوە سەرقاڵین."

تۆڕە کۆمەڵاتییەکەی دۆناڵد ترەمپ لە سێ مانگی یەکەمی 2022 تەنیا بۆ نێوخۆی ئەمریکا دەبێت.

دۆناڵد ترەمپ دەڵێت "لە جیهانێک دەژین کە تێیدا تاڵیبان پێگەیەکی گەورەی لەسەر تویتەر هەیە، بەڵام سەرۆکە خوازراوە ئەمریکییەکەی ئێوە بێدەنگ کراوە." دەشڵێت "هەموو لایەک پرسیاردەکەن بۆچی بەرەوڕووی ئەو کۆمپانیا زلهێزانە ناوەستینەوە؟ پێتان دەڵێم، بەمزووانە وادەکەین."

تیمەکانی ترەمپ بە قورسی و بەردەوام کار لەسەر پڕۆژە نوێکەیان دەکەن، بەڵام هیچ ئاماژەیەک نییە تاوەکو ئێستا پلاتفۆرمێکیان بڵاوکردبێتەوە، ئەوەی هەیە تەنیا ماڵپەڕێکی تۆمارکراوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP