دواین هەواڵ

عێراق‌

 20/10/2021

بڕیکی زۆری پارەی حەشاردراوی سەردەمی داعش لە موسڵ ئەدۆزرێتەوە

هەرێم نیوز
بڕێکی زۆری پارەی حەشاردراو، لە بانکی ناوەندی موسڵ دۆزرایەوە، کە پێشتر داعش دەستی بەسەردا گرتبوو.  تاوەکو ئێستا 175 فەردە پارە لە جۆری 250 دیناری و هەزار دیناری لە یەکێک لە قاسەکاندا دۆزراوەتەوە و هێشتا دوو قاسەی دیکەش ماون بکرێنەوە.

ئەو پارەیە لە قاتی ژێر زەمینیی بانکەکە دۆزراوەتەوە، کە بەهۆی شەڕەوە پڕببوو لە ئاوی ئاوەڕۆ و دوو رۆژە بەردەوام کاری تێدا دەکرێت.

عەلی ئەبوبەکر، فەرمانبەری بانکی ناوەندی - لقی موسڵ دەڵێت، لە کاژێر 07:30 بەیانییەوە خەریکی کارکردنن، ئاو تاوەکو قوڕگیان بەرزبووەتەوە و بە مەلەوانی دەچنە ژێر ئاوەکە و فەردە پارە پووچبووەکان دەردەهێنن، "کە بێکەڵک بوون بەهۆی ئەوەی چەندین ساڵە لەژێر ئاودا ماونەتەوە و بوونەتە هەویر".

پارەکە پێش هاتنی داعش لەو شوێنەدا لەلایەن لقی موسڵی بانکی ناوەندییەوە شاردرابوویەوە، پێش چەند رۆژێک بەڕێوەبەرایەتیی بانکەکە لەگەڵ لایەنە ئەمنییەکانی موسڵ دەستیان بە پشکنینی شوێنەکە کرد بۆ دڵنیابوونەوە لە نەبوونی ماددەی تەقەمەنی بۆئەوەی دواتر دەست بە نۆژەنکردنەوەی بکەن، بەڵام پارەکەیان دۆزییەوە.

حوسێن لازم، بەڕێوەبەری گشتیی بانکی ناوەندی - لقی موسڵ دەڵێت، "ئێمە دەستمان بە پرۆسەی نۆژەنکردنەوەی ئەم باڵەخانەیە کرد، ئەو بەشانەی کە زیانیان بەرنەکەوتووە، لامانبردوون و پاشماوەکانیانمان فڕێداون، دوای ئەوەش داوامان لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکان کرد کە پێویستمان بە هێزێکە بۆ پشکنینی شوێنەکە بۆئەوەی دڵنیابینەوە لەوەی هیچ مەترسییەکی ئەمنی نییە، چونکە پێمان وابوو پێش ئەوەی داعش بڕوات شوێنەکەی بۆمبڕێژ کردبێت، لیژنەیەکیش پێکهێندراوە. پێش چەند رۆژێک هەستاین بە کردنەوەی گەنجینەکە بەئامادەبوونی هەموو ئەندامانی لیژنەکە. ئێمە پێشبینیمان نەدەکرد پارەی تێدابێت، وامانزانی خاڵییە".

ئەو پارەی دۆزراوەتەوە، تێکچووە و چاوەڕوان ناکرێت جارێکی دیکە بتوانرێت بەکاربهێندرێتەوە. دوای رێکارە یاساییەکان لەگەڵ بانکی ناوەندی لە بەغدا، لەنێودەبرێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP