دواین هەواڵ

جیهان‌

 20/10/2021

تورکیا دژی یۆنان و قوبرس و میسر راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە

لوتکەی یۆنان و قوبرس و میسر

هەرێم نیوز
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لەبارەی نۆیەم لووتکەی سەرکردەکانی یۆنان، قوبرس و میسر کە لە ئەسینا بەڕێوەچوو، رایگەیاند: "ئەوەمان نیشانی دۆست و دووژمن دا کە ھیچ ھەوڵێک لەبارەی رۆژھەڵاتی دەریای نێوەڕاست بێ بەشداریکردنی تورکیا و کۆماری تورکی قوبرسی باکوور، سەرکەوتوو نابێت".


لەو راگەیەندراوەی کە لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی تورکیاوە بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوە کراوە کە ئەو راگەیەندراوەی دوای ئەو لووتکە سێ قۆڵییە بڵاوکراوەتەوە، نمایشێکی نوێی سیاسەتە و دژایەتیی یۆنان و قوبرسە بەرامبەر تورکیا و قوبرسی باکوور. 

تورکیا راشیگەیاندووە بەشداریکردنی میسر لەو راگەیەندراوە نیشانەی ئەوەیە کە ھێشتا قاهیرە لە ناونیشانی راستیی ھاوئاھەنگیکردن لە رۆژھەڵاتی دەریای نێوەڕاست تێنەگەیشتووە.

لە راگەیەندراوەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە تورکیا پاڵپشتیی ئەو پڕۆژانەی وزە دەکات کە ھاوئاھەنگیی نێوان وڵاتانی ناوچەکە زیاد دەکات، بەڵام نابێت ئەم پڕۆژانە ماف و بەرژەوەندی تورکیا و قوبرسی باکوور پشتگوێ بخەن.

راگەیەندراوەکە پاڵپشتیی خۆی بۆ بەیاننامەکەی وەزارەتی دەرەوەی قوبرسی باکوور لەسەر ئەو پرسە دووپاتکردوەتەوە و تێیدا ھاتووە: "روانگەیەک کە راستییەکانی دوورگەکە رەتدەکاتەوە ئەستەمە سوود بە چارەسەرکردنی پرسی قوبرس بگەیێنێت. جارێکی دیکە ئەوە وەبیر دەھێنینەوە کە دەستپێکردنی ھەر هەنگاوێکی نوێی دانوستان بێ تۆمارکردنی یەکسانی، سەروەری و یەکسانی قەوارەی نێوەدەوڵەتیی بۆ خەڵکی تورکی قوبرس، جێگەی باس نابێت".

رۆژی سێشەممە 19ی تشرینی یەکەمی 2021 میسر، یۆنان و قوبرس لە سەر ئاستی باڵا لە قاهیرە کۆبوونەوە و دوای لووتکەکەش راگەیەندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە کە تییدا لە بابەتەکانی گەڕان لە رۆژهەڵاتی دەریای نێوەڕاست و پرسی شاری ماراش  رەخنەیان لە تورکیا گرت. 

رۆژی 13ی تەممووزی 1974 سوپای تورکیا بەناوی پاراستنی تورکەکانی قوبرس بەشی باکووری ئەو وڵاتەی کۆنترۆڵکرد. شاری ماراش یان ڤارۆش، بەهۆی بۆردوومانی سەختی سوپای تورکیا، بەتەواوەتی چۆڵ بوو و سوپای تورکیاش تا ساڵی 1990 ئەو شارەی وەک بنکەی سەرەکیی هێزە سەربازییەکانی بەکارهێنا و دواتر خستیە نێو سنوورەکانی قوبرسی باکوور. 

بە بڕیاری ژمارە 550ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، رۆژی 11ی ئایاری 1984 شارەکە بە ناوچەی چۆڵکراوی بێلایەن ناسێندرا کە هیچ کام لە تورک و یۆنانییەکانی ئەو وڵاتە هەژموونیان بەسەر شارەکەدا نابێت، بەڵام قوبرسی باکوور بە پشتیوانی تورکیا لە قۆناخی یەکەمدا رۆژی 8ی تشرینی یەکەمی 2020 کەناراوەکانی مەراشی کردەوە، هەروەها رۆژی 20ی تەممووزی 2021یش بەفەرمی لەلایەن سەرۆککۆماری قوبرسی باکوورەوە لە قۆناخی دووەمدا کرایەوە و مەبەستیانە بیکەنە شارێکی گەشتیاری. 



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP