دواین هەواڵ

عێراق‌

 20/10/2021

عێراق، بەغدا زۆرترین و موسەنا کەمترین هاوسەرگیری تێدا کراوە

هەرێم نیوز
ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق ئاماری گرێبەستی هاوسەری و جیابوونەوەی لە ماوەی مانگی ئەیلوولی رابردوودا لە دادگاکانی عێراق بڵاوکردەوە؛ بە گوێرەی ئامارەکە، لە کەرکووک زیاتر لە هەزار و 500 گرێبەستی هاوسەری و 228 جیابوونەوەش تۆمارکراون. 


بەپێی راگەیەندراوەکەی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری کە رۆژی چوارشەممە 20-10-2021 بڵاوکراوەتەوە، لە مانگی ئەیلوولی رابردوودا 12 هەزار و 263 گرێبەستی هاوسەری تۆمارکراون؛ هەروەها 3 هەزار و 657 گرێبەستی هاوسەری دیکەش لە دەرەوەی دادگاکان کراون.

لەبارەی جیابوونەوە، وەک لە ئامارەکەدا هاتووە، 3 هەزار و 727 جیابوونەوە لە دەرەوەی دادگاکان کراون و هەزار و 498 جیابوونەوەی دیکەش بە بڕیاری دادوەر بوون. 

زۆرترین ژمارەی گرێبەستی هاوسەری لە بەغدا بووە بە جۆرێک لە هەردوو بەرەی رەسافە و کەرخی شارەکە دوو هەزار و 929 گرێبەست لە دادگاکان و 658 گرێبەستی هاوسەری لە دەرەوەی دادگاکان تۆمارکراون. کەمترین گرێبەستی هاوسەری لە موسەننا بووە کە 156 گرێبەست لە نێو دادگا و 49 دیکەش لە دەرەوەی دادگان تۆمارکراون. 

سەبارەت بە کەرکووک، هەزار و 347 گرێبەستی هاوسەری لەنێو دادگا و 189 گرێبەستی دیکەش لە دەرەوەی دادگا کراون. هەر لەو پارێزگایەی باشووری کوردستان، 35 جیابوونەوە بە بڕیاری دادوەر و 193ی دیکەش لە دەرەوەی دادگا تۆمارکراون.

زۆرترین ژمارەی جیابوونەوە لە بەغدایە، کە هەزار و 367 جیابوونەوە لە دەرەوەی دادگا و 680 جیابوونەوەش بە بڕیاری دادگا بووە. کەمترین جیابوونەوەش لە موسەننا بووە کە 77یان لە دەرەوەی دادگا و 6 دیکەش  بە بڕیاری دادگا بووە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP