دواین هەواڵ

جیهان‌

 19/10/2021

ئیسرائیل بودجەیەکی گەورەی بۆ هێرشکردنەسەر ئێران داناوە

هەرێم نیوز
ئیسرائیل بودجەیەک بە بڕی 5 ملیار شیکل کە دەکاتە نزیکەی 1.5 ملیار دۆلاری ئەمریکی تایبەت بە "ئەگەری هێرشکردنە سەر ئێران" ئامادەکردووە و بڕیارە لە مانگی داهاتوودا پەسند بکرێت.


سەرچاوەیەکی میدیایی ئیسرائیلی ئاشکرایکردووە، حکومەتی وڵاتەکە تاوتوێی "ئەگەری ئەنجامدانی هێرشی سەربازی بۆسەر ئێران" دەکات، بۆ ئەو مەبەستەش دەستپێشخەری بودجەیەکی 1.5 ملیار دۆلاری کردووە.

بودجەکە لە دوو بەش پێکهاتووە، 900 ملیار دۆلاری تایبەتە بە بودجەی ساڵی رابردووە کە بۆ "ئەگەری لێدانی ئێران" دانرابوو و 600 ملیۆنەکەی دیکەش ئەمساڵ زیادکراوە وەک ئامادەکارییەک بۆ ئەگەرێکی سەربازی دژ بە ئەو وڵاتە.

بەگوتەی سەرچاوە میدیاییەکە، بودجە نوێکەی ئیسرائیل کڕینی فڕۆکەی جەنگیی نوێ و هەروەها درۆنی تایبەت بە کۆکردنەوەی زانیارییەکان و کەرەستەی سەربازی نوێ لەخۆدەگرێت.

هەفتەی رابردوو ئیسرائیل و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رایانگەیاند، ئەوان ئامادەن پلانێکی دیکە بەکاربهێنن ئەگەر بەرپرسانی تاران بە نیازپاکییەوە نەگەڕێنەوە نێو گفتوگۆکانی تایبەت بە رێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران.

بڵاوبوونەوەی راپۆرتەکە چەند رۆژێک دوای ئەوە هات کە هێزی ئاسمانیی ئەمریکا مووشەکی جۆری (GBU-72)ـی تاقیکردەوە کە مووشەکێکی پێنج هەزار پاوەندییە و دەکرێت بۆ هێرشکردنە سەر ناوەندە ئەتۆمییەکانی ئێران بەکاربهێندرێت. 

مانگی رابردوو، عەڤیڤ کۆهاڤی، بەرپرسی هێزی بەرگریی ئیسرائیل بە وێبسایتێکی نێوخۆیی گوتبوو کە ئیسرائیل "زۆر بەخێرایی" ئامادەکاریی کردووە بۆ هەنگاونان دژی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران. ئاماژەی بەوەشکردبوو کە کارێکی "زۆر ئاڵۆزە" و هەواڵگری و هێزی زۆری دەوێت، بەڵام "کار لەسەر هەموو ئەوانە دەکەن."

ئیسرائیل نایەوێت ئێران دەستی بە چەکی ئەتۆمی بگات، هەر لەبارەی رێککەوتنی ئەتۆمی، بەگوێرەی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە چەند رۆژی داهاتوودا، لە برۆکسلی پایتەختی بەلجیکا، گفتوگۆکانی زیندووکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی دەستپێدەکەنەوە. هاوکات گوتەبێژی کاروباری دەرەوە و سیاسەتی ئەمنیی یەکێتیی ئەوروپا ئەو لێدوانەی ئێرانی رەتکردەوە و رایگەیاند، "هیچ کۆبوونەوەیەک لە رۆژی پێنجشەممە ناکرێت."

هەفتەی رابردوو ئیسرائیل و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رایانگەیاند، ئەوان ئامادەن پلانێکی دیکە بەکاربهێنن ئەگەر بەرپرسانی تاران بە نیازپاکییەوە نەگەڕێنەوە نێو گفتوگۆکان.

یائیر لاپید، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل رایگەیاندووە، "ئەگەر رژێمێکی تیرۆریست بیەوێت چەکی ئەتۆمی بەدەستبێنێت، ئەوا پێویستە ئێمە هەنگاو بنێین و روونی بکەینەوە، کە جیهانی خاوەن شارستانیەت رێگەی پێ نادات. ئەگەر ئێرانییەکان بڕوا نەکەن کە جیهان سورە لەسەر وەستاندنیان، ئەوا هەوڵی دروستکردنی بۆمب دەدەن. ئیسرائیل مافی ئەوەی هەیە کە لە هەر کاتێکدا و بە هەر شێوازێک بێت، هەنگاو بنێت. ئەوە نەک تەنیا مافی ئێمەیە، بەڵکو بەرپرسیارێتیشمانە."

حوزەیرانی ئەمساڵ، دوای شەش گەڕی دانوستاندن، کۆبوونەوەکانی زیندووکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی لە ڤیەننا چەقیان بەست و ئێران پیتاندنی یۆرانیۆمی بۆ بەرزترین ئاست لە مێژووی خۆیدا بەرزکردەوە، کە بە گوتەی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم لە دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی نزیکبووەتەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP