دواین هەواڵ

کلتور‌

 16/10/2021

چەند خۆشە خوشکەکانمان باسمان بکەن - ئەدۆنیس و فاتیمە ئیسبەر -

شوان ئەحمەد
ئەدۆنیس وەک عارفی گەورە ئیبن عەرەبی، ستایشێکی بێئەندازەی مێیایەتی دەکات و پرسی ژن لەکۆمەڵگەی عەرەبی و ئیسلامی و خۆرهەڵاتیدا، یەکێکە لەو بابەتانەی بەجدی وەریگرتووە و لێبڕاوانە خەمی لێدەخوات.

ڕەنگە کەم کەس بزانن وەک سەرنووسەری گۆڤارەکە، ئەدۆنیس لەبەر خاتری پرسی ژنان، (مەواقیف)ی ڕاگرت. سەروەختێک ستافی ئەو گۆڤارە سەنگینە (لەڕیزی پێشەوەشیاندا خۆی) بڕیاردەدەن، ژمارەیەک بۆ هەلومەرجی ژنان لەدونیای عەرەب و دەقی قورئانیدا تەرخان بکەن، بەڵام کە دەبینن هیچ پسپۆڕێکی مافناسی موسڵمان و مافناسانی دیکە و ئەکادیمیستان و توێژەران، ئامادەنین خۆیان لەقەرەی بابەتێکی وەها بدەن، ئەدۆنیس بڕیاردەدات(مەواقیف) ڕابگرێت.

ئاخر وەک خۆی دەڵێت:(نەمتوانی لەپشتگیریکردنی درۆزننە ڕێنیسانسێکدا بەردەوام بم کە نەوێرێت، دەست بۆ کێشە بنەڕەتییەکانی ژیانی ڕۆژانەمان بەرێت و داکۆکی لەمافی گوتن و بیرکردنەوە لەپرسی ژنان بکات).

بەهۆی داکۆکیکردنی لەخانمان و هەروەها بەهۆی ناوبانگی زۆریشیەوە، کەم نین ئەو ژنانەی(هەریەک بەپێی پسپۆڕی و شارەزایی خۆیان)، ئاوڕیان لەژیان و ئەدەب و بیری عەلی ئەحمەد سەعید داوەتەوەو لەسەریان نووسیووە.

حۆرییە عەبدولواحید و ئەمەل ئەلجبوری و نینار ئیسبەری کچی و فاتیمە ئیسبەری خوشکی، لەوانەن کە بەوتار و گفتوگۆ و دواندنی، خۆیان لەقەرەی نووسەری (ئەلکیتاب) داوە. هەم ڕەخنەی نەرم و دۆستانەیان لێگرتووە، هەم پیایاندا هەڵداوە و ستایشی زۆریان کردووە.

یەکێک لەو وتارە قەشەنگانەی بەپێنووسی خانمێک نووسراوەو باسی کارەکتەری ئەدۆنیس دەکات وەک (داهێنەر و مرۆڤ و برا گەورەیەک)، وتارەکەی فاتیمە ئیسبەری خوشکیەتی. فاتیمە پسپۆڕی بواری هونەر و ئەکادیمیستەو هاوسەری دیبلۆماتکارێکی سورییە.

فاتیمەیش وەک نیناری برازای، بەنیوە ناچڵی و لەدوورەوە و پشت ئەستوور بەبیرەوەرییەکی پچڕ پچڕی سەردەمی منداڵی، باسی کارەکتەری برا گەورەکەی دەکات لەماڵە باواندا، بەڵام باسکردنێکی خوشکانە و هێورانە و هونەرمەندانە.

ئەدۆنیس بەهۆی دووری لەماڵە باوان و لەهاوسەر و کچەکانی خۆشی (بەهۆی سەفەرە زۆر و زەوەندەکانیەوە)، حیکایەتی گەرم و گوڕ و نزیکایەتی زۆری لەگەڵ خوشک و براکانی و لەگەڵ خالیدە سەعیدی هاوسەری و (ئەروارد و نینار)ی کچیشیدا نییە.

هەر ئەوەشە نینار ناچار دەکات دانیشتنێکی دوورو درێژی لەگەڵدا ئەنجام بدات(کەوەک جۆرە دادگایکردنێک دێتە پێشچاو) و دواتر وەک کتێبێک (گفتوگۆ لەگەڵ ئەدۆنیسی باوکم)، چاپی بکات.

مەبەستەکەشی (وەک خۆی باسی دەکات)، زیاتر ناسینی عەلی ئەحمەد سەعید بووە وەک باوک و مرۆڤ، نەک وەک شاعیر و بیرمەندێک.

لەوێدا نینار لە یەکێک لەپرسیارەکانیدا لێی دەپرسێت:( پەیوەندی تۆ لەگەڵ برا و خوشکەکانتدا چۆن بوو؟). ئەدۆنیس ڕاست و ڕەوان لەوەڵامدا دەڵێت:(من بۆخۆم زۆر تێکەڵ بەبراو خوشکەکانم نابم. ئەوان شێوە بیرکردنەوەی خۆیان هەیەو منیش هی خۆم).

لەو وتارە تایبەتەشدا کە فاتیمە ئیسبەری خوشکی لەبارەیەوە نووسیویەتی، هەمان شت دووبارە دەکاتەوەو باسی دووری و دوورەپەرێزی براکەی دەکات. باسی ئەو ساتانە دەکات کەئەم منداڵ بووەو جارجارە ئەدۆنیس، بەسەردان گەڕاوەتەوە ماڵە گەورە(لەقەسابین)، تا بەدیداری ئوم عەلی و خوشک و براکانی شادبێتەوە.

فاتیمە سکێچێکی هونەری جوانی ئەدۆنیس دەکێشێت و بەنەفەسێکی خوشکانەی پڕ لەمیهر، باسی برایەک دەکات کە بەئەفراندنەکانی، نێو و نێوبانگی بەدوورترین پنتی ئەم دونیایە گەیشتووە.

مرۆڤ گەر داهێنەری زۆر گەورەش بێت و نووسەر و ڕەخنەگری دیار و سەنگینیش لەبارەیەوە بنووسن، هەر تامی ئەو ڕستەو پەرەگرافانە نادات کە لەچواردەور و خانەوادەکەی خۆتەوە دێت و پەسنت دەدەن.

ئەدۆنیس لەوەدا خۆشبەختە کە تا زیندووە، کچەکەی و خوشکەکەی کتێب و وتاری لەبارەوە دەنووسن.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP