دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 16/10/2021

زۆرشت لە بارەی ڕێككەوتنەكانی یەكێتی

هەرێم نیوز- عوسمان گوڵپی

(لێكەوتەكانی ڕێككەوتنی نهێنی لەگەڵ یەكێتی لەسەر داهاتووی كۆمەڵ و پێشنیار).
یەکێتی نیشتمانی بە ئامانجی ڕێکخستنەوەی سنوری سەوز و باڵانسی هێز لە سایەی یاسای نوێی هەڵبژاردنی عێراقدا، هەوڵیدا سیاسەتی خۆی بەجۆرێك دابڕێژێتەوە کە لە بەرژەوەندی خۆیدا بێت هەر بۆیە ڕووی لە هێزەکانی سنورەکەی خۆی کرد بە ئامانجی ڕێککەوتن، چونکە دەیزانی بە بێ لێکتێگەشتن ئاستەنگی گەورەی لەبەردەمدا دروست دەبێت بەتایبەت لە سلێمانی، بەهۆی دیراسەکردنی یاسای نوێی هەڵبژاردنەوە چۆنیەتی بەشداری هێزەکانی زۆر باش تاوتوێ کردوە هەر بۆیە هەوڵی نەمانی ئاستەنگەکانیدا.

ئاستەنگەکانی بەردەم یەکێتی نیشتمانی
لیستی گۆڕان
یەکێتی مەترسی هەبوو لەسەر ڕێککەوتنی پارتی و گۆڕان، کە ئەو دوو حیزبە ڕێککەون بۆ دەنگدان بە یەکتر لە بازنەکاندا، ئەوەش لە ژێر کاریگەری ڕێککەوتنیان لە حکومەتی هەرێم.
یەکێتی پێی وابوو پارتی بە تەنها لە هیچ بازنەیەكی سلێمانی کورسی بەدەست ناهێنێت، چونکە دەنگەکانی پەرت دەبن بۆ پێنج بازنەی سلێمانی و لە هەڵبژاردنەکانی پێشوو تەنها یەك کاندیدی لە سلێمانی دەرچوو بۆیە ئێستا هیچ کاندیدێکی سەرکەوتوو نابێت، بەڵام لەگەڵ گۆڕان دەتوانن معادەلەکە بگۆڕن، بۆیە هەر زوو بە دوو ئامانج پەنای بردە بەر کۆتایی هێنان بەو ئاستەنگە.

ڕێککەوتنی گۆڕان و یەکێتی و ئامانجەکانی
ئامانجی یەکەمی یەکێتی ئەوەبوو کە ئەم ڕێککەوتنە ڕێخۆشکەربێت بۆ ئەوەی لە داهاتوودا ئەم دوو هێزە یەکبگرنەوە و بەتەواوی ببنە یەك سەنگەر و بەمەش گۆڕان لەسەنگەری پارتی دوور بخاتەوە، چونکە بوونی گۆڕان لەدەرەوەی یەکێتی ئیختیاری پارتی لە ڕێککەوتنەکاندا زیاتر دەکات و یەکێتیش لاواز، بۆیە یەكێك لە ڕێگاکانی گەڕانەوەی پارسەنگی هێزی لەسەر ئەو بنەمایە هەڵچنیوە
ئامانجی دووەمی یەکێتی، سودبینین بوو لە دەنگەکانی گۆڕان و یەکێتی پێکەوە لە هەولێر، یەکێتی دەیزانی بەپێی ئەم یاسایە و فرە بازنەیی لە هەولێر بە ئەندازەی بردنەوەی کورسی دەنگی پێویستی نیە، بەڵام لەگەڵ گۆڕان پێکەوە دەتوانن لە هەر بازنەیەكدا لانیکەم کورسیەك مسۆگەر بکەن و شەڕی کۆتاش لە هەندێك بازنەدا بکەن(ئەمە وەك لێکدانەوەی ئەو حیزبە کە نەیانپێکا).

لیستی ئیسلامیەکان

دروستبوون و لێکتێگەشتن لە نێوان هێزە ئیسلامیەکان بەتایبەت یەکگرتوو و کۆمەڵ، شەڕی بردنەوەی کورسی لەسەرجەم بازنەکان سەخت دەکرد بۆ یەکێتی، هەر بۆیە بە دوو ئاراستە کاریکردوە لەسەر ئەو هێزە ئیسلامیە
ئاراستەی یەکەم
لە ڕێگەی ئەو بەرپرسانەی کە نزیك بوون لە ئاراستەیەکی یەکێتیەوە کاریگەری لەسەر نزیکبوونەوەی یەکگرتوو کۆمەڵ داناوە، واتە لۆبی خۆی لە نێو هێزە ئیسلامیەکاندا بە سودی خۆی خستۆتە گەڕ و ئاستەنگی خستۆتە بەردەم نزیکبوونەوەیان و ڕێککەوتنیان، چ لە ڕێگەی ژمارەیەك لە بەرپرسانی باڵاو چ لە ڕێگەی بەشێك لە کاندیدەکانیانەوە، وای کردوە کە بێ هیوابن لە ڕێککەوتن و لێکتێگەشتن تا ئاستی بە بنبەست گەشتن، چونکە ڕێککەوتنی ئەو دوو هێزە بە سەرنجدان لە ژمارەی دەنگەکانیان بۆ هەر بازنەیەك شەڕی کورسی بۆ ئەو دوانە ئاسان دەکردو بۆ یەکێتیش قورس دەکرد
ئاراستەی دووەم
یەکێتی بە تەنیشت هەوڵەکانی بۆ نەگەشتنە ڕێککەوتنی یەکگرتوو کۆمەڵ لەڕێگەی(بەرپرسانی نزیکی خۆیەوە) هەوڵێکیتری دەستپێکرد کە بە جیا لەگەڵ هەر یەکێکیاندا ڕێککەوتن بکات، ڕێککەوتنێك وەك یەك پاکێج نا، چونکە گەر یەك پاکێج بوایە دەبووە ڕێککەوتنی(یەکیەتی و یەکگرتوو و کۆمەڵ) لەمەدا یەکگرتوو کۆمەڵ بە تەنیشت ڕێککەوتنی یەکیەتیەوە بۆ خۆشیان نەدەبوونە ئاستەنگ بۆ بەردەم یەك بەڵکو نزیك دەبوون پێکەوە، بۆیە یەکێتی و یەکگرتوو پێکەوە لێکتێگەشتنیان کردوو و کۆمەڵ و یەکێتیش پێکەوە لێکتێگەشتنیان کرد.

گۆڵی یەکێتی
یەکێتی بەم لێتێگەشتنانە چەند سودێکی گەیاندە خۆی.
١-ململانێی نێوان خۆی و ئەو دوو حیزبەی کەم کردەوە لە بازنەکاندا و بازنەی منافەسەی خۆی بچوك کردەوە بۆ ئەوەی ڕکابەرەکانی کەم بکاتەوە
٢-لەو بازنانەدا کە بۆخۆی لاوازە کورسیەکانی جێ هێشت بۆ ئەوانەی ڕێککەوتنیان لەگەڵی هەبوو لە کاتێکدا دڵنیا بوو لەوەی لەو بازنانە ئەو کورسیانە نابات، لە بازنەی هەڵەبجەدا یەکیەتی دەنگەکانی بە ڕێککەوتن و ڕێکنەکەوتنەوە بە ئەندازەی دەرچوونی یەك کاندیدن و گۆڕانیش لە هەڵبجە بەهێز نیە، هەر بۆیە یەکێتی ئەم خاڵە لاوازەی خۆی وەك خاڵی بەهێز بە یەکگرتوو کۆمەڵ فرۆشتۆتەوە، لەمەدا دەبوو یەکگرتوو کۆمەڵ وردتر بوونایە و بە یەکێتیان بوتایە، ئێمە لە هەڵەبجە دەنگەکانمان بە ئەندازەیەك هەن کە بەشداری کێ بڕکێی پێ بکەین و لێگەڕی ئەو بازنەیە بۆ دەنگدەرانبێت و کێ دەرچوو پیرۆزی بێت، بفەرموو کورسی گەرمیان یان بازنەکانی سلیمانیمان بە چۆڵی بۆ جێ بهێڵە، ئەمە بۆ دەروازەی ڕاپەڕینیش ڕاستە، جگە لەم دوو بازنەیە یەکێتی لەهیچ جێگایەك کورسی بۆ لێکتێگەشتنەکانیان جێ نەهێشتوە، یەکێتی پێشبینی کردوە کە یەکگرتوو کاندیدی هەڵەبجە و کۆمەڵیش لە هەڵەبجە و ڕانیە کاندیدانی دەربچن، بەمەش یەکێتی لە زەوی کۆمەڵ و یەکگرتوو خۆیدا تۆوی گەنمی خۆی چاندوە، گەر سەوز بوو ئەوا یەکێتی هیچ زیانێکی نەکردوە، گەر کاندیدەکانیش دەر نەچوون ئەوا دەڵێت کورسیم بۆ جێ هێشتن و دەنگتان بەدەست نەهێنا و تەواو.

کۆمەڵی دادگەری گۆڵی لە خۆی کرد
کۆمەڵی دادگەری سەبارەت بە یاسای هەڵبژاردن و بەشداری خۆی بیرکردنەوەیەکی هەڵە بیری کردۆتەوە، یان خراپ بیریان بۆ کردۆتەوە، ئەگەرنا پێویستی بەم ڕێککەوتنە نەبوو.
هێزێك لە دەسەڵاتدا نەبێت و بەشداری حکومەت نەبێت و بەشێك نەبێ لە کێشەکانی هەرێم و بەغداد و هێزێك نەبێ وەك شەریکی ئەو قەیرانانەی لە هەرێمدا هەن، چ پێویستی بە ڕێککەوتنە لە گەڵ حیزبێك کە لە دەسەڵاتدایە و بەشداری تەواوی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغداد و قەیرانەکانی هەرێمە!
کۆمەڵی دادگەری کە ئێستا هێزێکی ئۆپۆزسیۆنە و لە پەرلەمانی عێراق و هەرێمیش لەسەنگەری پارتی و یەکێتیدا نیە، بۆ ئەبێ وا بیر بکاتەوە بۆ بردنەوەی کورسی پێویستی بە یەکێتیە؟ ئایا ئەم بیرکردنەوەیە نیە کۆمەڵی بە هەڵەدا بردووە؟
بۆچی کۆمەڵ پێی وابێ یەکێکە لەو هیزانەی خەڵك دەنگت پێ نادات، تا ناچاربێ بە لێکتێگەشتن لەگەڵ یەکیەتی بکات؟ ئایا ئەمە بیرکردنەوەیەکی هەڵە نیە، پێتوابێ بەبێ ڕێککەوتن لەگەڵ یەکێك لە حیزبە دەسەڵاتدارەکان ناتوانی کورسی بەرێتەوە لە کاتێکدا تۆ ئۆپۆزسیۆنی؟ چی وایکرد بەرپرسانی ئەم حیزبە ئەم بڕیارە بدەن؟ چۆن بڕیارەکەدا درا؟ چەند کەس تێیدا بەشدارن؟ پاڵنەرەکانیان چیی بوو؟ تا چەند خوێندنەوەی تر هەڵدەگرێت ئەم ڕێککەوتنەی کە دەرئەنجامەکەی بەرژەوەندی کۆمەڵی تێدا نەبوو؟ هەر بەراست ئەوە دەرئەنجامی بیرکردنەوە و سیاسەتکردنی کۆمەڵی دادگەریە یان نەخێر لە باگراوندی ئەم ڕێککەوتنەدا زەرەرمەندوو سودمەند هەیە، ئەوە زەرەرمەندەکە دیارە کە پرۆژەی کۆمەڵی دادگەریە، ئەی سودمەندەکە کێە؟
ئەمانە ژمارەیەك پرسیارن و دەبێت کۆمەڵ وەڵامی یەك بەیەکیان بداتەوە، چ بۆ ئەو سەرکردایەتیانەی ئاگایان لێ نیە، چ بۆ کادیرانی خۆی.
ڕاستە کۆمەڵ و یەکێتی بە ئاشکرا هیچ ڕێککەوتنێکیان نەکردوە و کەسیان لە میدیادا ئاماژەیان بە لێکتێگەشتن و ڕێککەوتن نەدا، بەڵام کەس نیە نەزانێ ئەو دوو هێزە ڕیککەوتنی ژێر بەژێریان هەبووە و ڕێککەوتوون لە سەر بەشداری هەڵبژاردنەکانی عێراق، خەڵك لەوە هوشیتارترە پێی وابێ ئەوەی لە میدیاوە دەوترێت هەر ئەوە ڕاستیەکەیە، نەخێر، بۆ نمونە بە تەنیشت ناوی کاندیدەکانی یەکگرتووەوە نوسرابوو سەربەخۆ، بەڵام تەنها یەك کەسیشم نەبینی باوەڕی کردبێ ئەمانە کاندیدی سەربەخۆن.

لێکەوتەکانی ڕێککەوتنی کۆمەڵ و یەکێتی بۆ داهاتوو
هیچ هەنگاوێکی حیزبی نیە کە لێکەوتەی چ ئیجابی و چ سلبی نەبێت لەسەر ئێستاو داهاتووی حیزبەکان، هەر بۆیە ئەم ڕێککەوتنە ڕانەگەیەنراوانە لێکەوتەی لەسەر کۆمەڵی دادگەری دەبێت نەك یەکێتی نیشتمانی.

لێکەوتەکان
یەکەم/ خیتابی کۆمەڵی دادگەری لاواز دەکات لە ئۆپۆزسیۆن بووندا و نیشانەی پرسیاری خستە سەرخۆیی، دەبێتە پرسیار لای خەڵك و دەوترێت دەسەڵاتێك کە دژایەتی دەکەن، چۆن لە گەڵی ڕێککەوتن؟ چۆن گەشتنە لێکتێگەشتن لەگەڵی.
دووەم/متمانەی کۆمەڵ بۆ هەڵبژاردنەکانیتر لاواز دەکات، هەمیشە دەنگدەر بە چاوی ڕێککەوتنی لابەلاو ژێر بەژێر سەیری کۆمەڵ دەکات و بە ئاسانی پڕوپاگەندەی ئەوانیتر بەرامبەری جێگیر دەبن لای دەنگدەر و خەڵکیش لە پرۆژەو بەشداری گوماناوی دەچێتە دواوە و بەمەش ڕێگای بەدەستهێنانی دەنگی خۆڵەمێشی بۆ کۆمەڵ قورس دەبێت لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوو.
سێهەم/ لە نێوخۆی حیزبدا کادیران بە دوودڵیەوە لە داهاتووی هەر ڕێککەوتنێك دەڕوانن و متمانەیان بەرامبەر بە بڕیاربەدەستانیان لاواز دەبێت کە بتوانن سیاسیانە و وردبینانە ئاراستەی سیاسەتی حیزبەکەیان بکەن، نیشانەی پرسیار دەکەوێتە سەر توانای سیاسەتکردنیان و ئەمەش بێ هیوایی گەشە پێدەدات لە نێو کادیرەکانیدا.

کۆمەڵی دادگەری چی بکات؟

 *کۆمەڵ دەبێت یەکەمین هەنگاوی لە کۆتا هەڵەوە دەستپێبکات، پێویستە لە وردەکاری هۆکارەکانی چۆنیەتی بەشداری و لێکتێگەشتنی لەگەڵ یەکیەتی بکۆڵێتەوە و وردەکاری تێدا بکات و ئیجرائاتی پێویست بکات، لا نیکەم لەوەی کە ورد و سیاسی و دەقیق نەبوون لە سەرخستن و بەشداری لە هەڵبژاردن دا.
*کۆمەڵی دادگەری وەك هێزێك کە بنکەی جەماوەری فراوان نیە، پێویستی بە بازنەی بڕیاردانی فراوانیش نیە، بۆیە پێویست بەو ژمارە زۆرەی ئەنجومەنی باڵاو سەرکردایەتیە ناکات، بەڵام لە ئێسدا دەرفەتی کۆنگرە و کۆنفرانسی نیە، چونکە وادەیەکی زۆری نەماوە بۆ هەڵبژاردنی کوردستان، گەر لەوادەی خۆیدا بکرێت تەنها یەك ساڵی وادە لەبەردەستایە، ئەمەش بۆ خۆ ڕێکخستنەوە بە میکانیزمی پەیڕەوی زۆر کەمە و زیانی دەبێت بۆ هەڵبژاردنی کوردستان.
بۆیە پێموایە کۆمەڵ پێویستی بە ئەنجومەنێکی کاتی باڵا هەیە بۆ بەڕێوەبردنی کۆمەڵی دادگەری، ئەو ئەنجومەنە لە حەوت کەس زیاتر نەبێت بە خودی سەرۆکەوە، ئەوانەشی دەبنە ئەندام تەنها لە ئەنجومەنێکی دیاریکراو نەبن بەڵکو میکانیزمێك دیاری بکرێت بۆ دانانیان، بەبێ دەستكاریكردنی هیچ ئەنجومەنێك لە ڕووی شكڵیەوە، تەنها بۆ ئەوەی بەریەككەوتن ڕوو نەدات لەگەڵ ئەنجومەنەكانیتر هەندێك دەسەڵات بگواسرێتەوە بۆ ئەنجومەنی كاتی بۆ ماوەیەكی زەمەنی دیاریكراو نەك هەمیشەیی.

كارەكانی ئەم ئەنجومەنە

 *داڕشتنەوەی خیتابی سیاسی کۆمەڵی دادگەری بەیەك پاکێج و ڕێگری لە هەر خیتابێك کە کۆمەڵ لە سیاسەتی گشتی حیزبەکە لادەدات لە ڕێگەی شەخسیەوە.
*دیاریکردنی کەم و کورتیەکانی ڕابردوو و بڕیاردان لەسەر چارەسەر و ئیجرائات.
*ئەنجامدانی گفتوگۆ و ڕاوێژی نێوخۆیی بۆ دۆزینەوەی ئاستەنگەکانی بەردەم گەشەکردنی حیزب.
*داڕشتنی پلانی چۆنیەتی بەشداری لە هەڵبژاردنی کوردستان و چۆنیەتی سەرپەرشتی حەملەکانی هەڵبژاردن.
*چارەسەرکردنی لێکەوتەی هەر بڕیارێك کە ئەنجومەنەکە دەریدەکات بە لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندی باڵای کۆمەڵ.

کۆتایی
هێزی سیاسی هەمیشە لەبەردەم لێکەوتەی سیاسیدایە، هەر بۆیە دەکرێت لە قۆناغێکدا بەهێز و لە قۆناغێکیتردا لاواز، هێزی سەرکەوتوو ئەو هێزەیە لە کەوتن و لاوازیدا ئیرادە لەدەست نادات و بەدوای هۆکاری کەوتندا دەگەڕێت و میکانیزمەکانی هەستانەوە دەکاتە نەخشە ڕێ، زۆر گرنگە هۆکارەکانی شکست دەستنیشان بکرێن و بەلاڕێدا نەبرێن، بۆ کۆمەڵی دادگەری گەورەترین هەڵە ئەوەیە کە شکستەکە ببەستنەوە بەوەی کە ناوی ئیسلامی لە خۆی کردۆتەوە، ئەوە یەکەم هەنگاوی بەلاڕێدابردنە و شێواندنی واقیعەکەیە، هۆکارەسەرەکیەکە ئەوانەی سەرەوەن و چەندین هۆکاری لاوەکیش بوونیان هەیە و یەکێکیتر لە بەلاڕێدابردنەکان ئەوەیە کە دەوترێت کۆمەڵ دەنگی هێناوە و زۆر کەمی نەکردوە بێ بەراودکردنی دەنگی چوار هەڵبژاردنی ڕابردوو کەلە سێ کورسی پەرلەمانی عێراقەوە بۆ دوان و لە دوانیشەوە بۆ یەك پاشەکشەی کردوە لە کاتێکدا کۆمەڵ گەر بڕیاری هەڵە نەدات و وردتر سیاسەت بکات هێزی گەشەکردنە نەك وەستان و پاشەکشە، لە ئێستاشدا یەکەمین هەنگاوی چارەسەر ئەوەیە کە مرۆڤ دان بنێت بە نەخۆشیەکەیدا، بۆئەوەی ڕێگای دکتۆر و چارەسەر بگرێتەبەر بە تایبەت بۆ کۆمەڵ کە هۆکارەکانی سەرکەوتنی زیاتر بەردەستن تا شکست.

تێبینی
یەكێتی لە دوای ناكۆكیەكانی ٨ی تەمووز تەنها دان بە ڕێككەوتنی خۆی و گۆڕاندا دەنێت و خۆی ناكاتە خاوەنی لێكتێگەشتنەكانیتر، چونكە لەگەڵ ئاراستەیەكی یەكیەتیدا كراوە و ئەوەش كاریگەریەكان زیاتر دەكات .
عوسمان گوڵپی



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP