دواین هەواڵ

کوردستان‌

 پێش 1 هەفتە

بافڵ تاڵەبانى: "لەگەڵ براکانمان لە گۆڕان پێکەوە دەمێننەوە"

هەرێم نیوز
بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆكی یەكێتی، ئەمڕۆ چوارشەممە، لە كۆبونەوەیدا لەگەڵ عومەر سەید عەلی، رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان رایگەیاند، "لەگەڵ براکانیان لە گۆڕان پێکەوە دەمێننەوە و کار بۆ ئایندەیەکی گەشتر دەکەن. وتیشی: لەژیانی سیاسیدا حزب بەزۆر ھەورازو نشێودا دەڕوات بەڵام گرنگ ئەوەیە یەکێتی و گۆڕان لەچوارچێوەی ھاوپەیمانی کوردستان بەرەو پرۆژەی سیاسی ھەنگاوبنێن.

 بەپێی راگەیەندراوێكی نوسینگەى بافاڵ تاڵەبانى، ئەمڕۆ چوارشەممە، هاوسەرۆکەکەى یەکێتى لە سەردانێکدا، کە ھەریەک لە رەفعەت عەبدوڵا، بڕیاردەری دەستەی کارگێڕی، شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ، ئەژی ئەمین، سەرۆکی ئاژانسی پاراستن و زانیاری-زانیاریی هەرێم، دکتۆر سۆران جەمال تاھیر ئەندامی مەکتەبی سیاسی، سالار سەرحەد، ئەندامی سەرکردایەتی  یاوەرییان دەکرد لەلایەن عومەر سەید عەلی، رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان و ژمارەیەک ھەڵسوڕاو پێشوازیکران.

لەدانیشتنێکدا گفتوگۆکرا لەبارەی دەرئەنجامەکانی ھەڵبژاردن و  پەیوەندییەکانی یەکێتی و گۆڕان و خۆئامادەکردن بۆ ئەگەر و پێشھاتەکان.

بەپێی راگەیەندراوەكە،بافڵ تاڵەبانی لە دیدارەکەدا رونیکردەوە "یەکێتی، بزوتنەوەی گۆڕان بە شەریکی راستەقینەی خۆی دەزانێت و وەک ھاوبەشێکی سیاسی گرنگ دەمانەوێت پێکەوە ئاڕاستەی سیاسی بگۆڕین و داکۆکی لەمافەکانی گەلەکەمان بکەین."

هاوسەرۆكی یەكێتی وتیشی "دەمانەوێت پێکەوە پرۆژەی نوێمان ھەبێت و بەدیدێکی نوێوە کاربکەین بۆ کوردستانەکەمان."

ئاماژەشى بەوەکردوە "ئەو کورسیانەی هاوپەیمانی كوردستان بەدەستیھێناوە بەرھەمی ھەوڵی گۆڕان و یەکێتی بو کە بەو ژمارە كاندیدەوە دەچێتە بەغدا بۆ داكۆكیكردن لە بەرنامەی كوردستانی ‌و زامنكردنی شایستە دارایی ‌و سیاسییەكانی كوردستان بە ناوچە دابڕاوەكانیشەوە، ئەركی داكۆكیكردنی لە مافەكانی گەلی كوردستانی گرتۆتە ئەستۆ ‌و بە یەكریزی هاوپەیمانی ‌لەگەڵ نوێنەرایەتی دیكەی كورد دەتوانین خۆشگوزەرانی زیاتر و ئارامی دابینبکەین."

دەشڵێت: "لەژیانی سیاسیدا حیزب بەزۆر ھەورازو نشێودا دەڕوات بەڵام گرنگ ئەوەیە یەکێتی و گۆڕان لەچوارچێوەی ھاوپەیمانی کوردستان بەرەو پرۆژەی سیاسی ھەنگاوبنێن و خەونی کاک نەوشیراون و سەرۆک مام جەلال جێبەجێبکەین بۆ گۆڕینی سیستەمی سیاسی و  پرۆژەی ھاوبەشیشمان ھەبێت بۆ چاکسازی و زیاتر خزمەتکردنی خەڵک و گۆڕانکاریی ریشەیی لە ئیدارەدان، بەڕێوەبردن، چارەسەرکردنی کەموکوڕییەکان، گلەیی و رەخنەکانی کۆمەڵانی خەڵکیش بەھەند وەربگرین و بیکەینە دەستمایەی سەرکەوتنی داھاتومان."

ھاوسەرۆکی یەكێتی دوپاتیشکردەوە "لەگەڵ براکانیان لە گۆڕان پێکەوە دەمێننەوە و کار بۆ ئایندەیەکی گەشتر دەکەن."

 



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP