دواین هەواڵ

ئابوری‌

 12/10/2021

بەهای لیرەی تورکی نزمترین ئاست لەمێژووی خۆیدا تۆمار ئەکات

هەرێم نیوز
بەهۆی لێدوانەکانی پارێزگاری بانکی ناوەندی سەبارەت بونی فشار بۆ کەمکردنەوەی سودی بانکی و ناڕەزایی سەرۆکی تورکیا لەسیاسەتەکانی پارێزگاری بانکی ناوەندی، ئەمڕۆ سێشەممە، بەهای لیرەی تورکی بۆ نزمترین ئاست لەمێژوی خۆیدا دابەزی و 100 دۆلار بەرامبەرە بە 902 لیرە.

لەسەرەتای ئەمساڵەوە بەهای لیرەی تورکی بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی و دراوەکانی دیکە 18% دابەزیوە، هەروەها بەهۆی بڵاوبونەوەی چەند راپۆرتێکی رۆژنەمەوانی کەباس لەوە دەکەن رەجەب تەیب ئەردۆگان، سەرۆکی تورکیا ناڕازییە لەسیاسەتە داراییەکانی پارێزگاری بانکی ناوەندی کە 7 مانگە دیاریکراوە، بۆیە چاوەڕێ دەکرێت رێژەی دابەزینی بەهای لیرە بگاتە 20%.

لای خۆیەوە شەهاب کاڤجیئۆغڵو، پارێزگاری بانکی ناوەندی تورکیا ئەمڕۆ سێشەممە لەپەرلەمانی تورکیا وەڵامی پرسیاری پەرلەمانتارانی دایەوە و رایگەیاند، دوای رێکارەکانیان لەئێستادا یەدەگی دراوی بیانیی تورکیا جێگیرە، دوای ئەوەی لە چەند ساڵی رابردودا بەبەردەوامی ڕوی لەکەمبونەوە دەکرد.

شارەزایانی ئابوری تورکیا دەڵێن، بڵاوکردنەوەی دەنگۆی دابەزینی لیرە بەڕێژەی 5.9% لەماوەی کەمتر لەمانگێکدا و بڕیارەکەی بانکی ناوەندی بۆ کەمکردنەوەی سودی بانکی، بوەتەهۆی دابەزینی زیاتری بەهای لیرە و ئەوەش ئەگەری هەڵاوسانی ئابوری زیاتر دەکات.

2ی حوزەیرانی ئەمساڵیش دوای ئەوەی رەجەب تەیب ئەردۆگان، سەرۆک کۆماری تورکیا رایگەیاند، داوای لەپارێزگاری بانکی ناوەندی کردوە رێژەی سودی بانکی کەم بکاتەوە چونکە دەبێتە هۆکارێک بۆ پەرەپێدان و بوژانەوەی کەرتی وەبەرهێنان، بەهای لیرە بەئاستێکی پێوانەیی دابەزی و 100 دۆلار بەرامبەر  بە 862 لیرە مامەڵەی پێوەکرا



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP