دواین هەواڵ

کلتور‌

 11/10/2021

بۆچی (خەونی خەونان)م کرد بەکوردی؟

شوان ئەحمەد

وەک چۆن ئەوانەی سەروکاریان لەگەڵ ژاک لاکان دا هەیەو بە بەرهەمەکانی ئاشنان، خۆبەخۆ و لەنزیکەوە دەبێت زیگمۆند فرۆید بناسن و ئاگاداری تێکست و نووسینەکانی بن، بەوجۆرە خوێنەری نووسین و شیعر و بەرهەمە ئەدەبیەکانی فێرناندۆ پێسواش، مەرجە بە نووسەرێکی وەک ئەنتۆنیۆ تابووکی ئاشنابێت.

ئەگەر لەبواری دەروونشیکاریدا لاکان لەو شوێنەوە دەست پێبکات کەفرۆید تێیدا دەوەستێت و پرۆژەکەی بەڕوویەکدا، نوێکردنەوە و دەمەزەردکردنەوەی چەمک و تێزە و تیورەکانی دامەزرێنەری قوتابخانەی دەروونشیکاری بێت، ئەوا تابووکی ناسێنەر و کەشفکەر و زیندووکەرەوەی، داهێنەرێکی گەورە و گومناو و پەراوێز نشینی وەک فێرناندۆ پێسوایە.

ئەوە تابووکییە عومرێک بەخوێندنەوەو وەرگێڕان و ساغکردنەوەی تێکست و ژیاننامە و دەستنووسەکانی، پێسواوە خەریک دەبێت و لەبەر عەشق و خۆشەویستی بەرهەمەکانیشی لەپاڵ ئیتاڵیا و هەرێمی تۆسکانیا، وڵاتی پرتوگال و شاری لیشبۆنە دەبنە هەوار و نیشتیمانی دووەمی.

تابووکی وەک وەرگێڕێکی هاکەزایی تەنها بەتەرجەمەکردنی بەرهەمەکانی پێسواوە، وەک شاعیرێکی دانسقە و وەک بوونەوەرێکی سەیر و سەمەرە داناکەوێت و هەر بەوەرگێڕانی بەرهەمەکانی بەخوێنەرانی ئەوروپا ئاشنای ناکات، بەڵکو چەندین کتێب و وتار و لێکۆڵینەوەشی لەبارەوە دەنووسێت.

نۆڤلێتی (وڕێنە) کەباس لەکۆتا ڕۆژەکانی ژیانی پێسوا دەکات لەنەخۆشخانە نمونەیەکەو هەروەها لەو بیست خەونەی ناو(خەونی خەونان)یشدا، پێسوا جێگەو مەقامی خۆی هەیە و لەوێشدا وەک قەڵەمێکی دڵخوازی تابووکی دەبینرێت.

ناوی ئەم دوو داهێنەرە پرتوگالی و ئیتاڵییە سەیر دەرگیری یەکدی بوون، هەربۆیە ناوهێنانی یەکێکیان ڕاستەو ڕاست ئەوی دیکەمان بیردێنێتەوە. ڕەنگە زیادەڕۆیی نەبێت گەر بڵێم کەم دووانە هەن لەدونیای نووسیندا وەک تابووکی و پێسوا، ئاوێتەی یەک بووبن.

وەک خۆم لەڕێی کتێبخانەی عەرەبی و وەرگێڕە عەرەبەکانەوە پێسوام ناسی. یەکەم بەرهەمی تابووکیش بە کوردی (خەونی خەونان)ە کە بەڕێز جەلال ڕەووف ساڵی ٢٠٠٢ لە ئیتاڵییەوە کردوویەتی بەکوردی. هەروەها هاوڕێیانی ئازیز (عەتا محەمەد و ماردین ئیبراهیم، وڕێنە و شەوانی هندیی)یان کردووە بەکوردی، کە بە دوو بەرهەمی قەشەنگی تابووکی ئەژماردەکرێن.

سەرەتا بەتەرجەمەکردنی (خەونی خەونان)دڵخۆشبووم، بەتایبەت کەلەسەر بەرگەکەی دەبینیت لەئیتاڵیەوە کراوە بەکوردی و لەدەستی یەکەمەوە وەرگیراوە، بەڵام دواتر کە تەرجەمە عەرەبییەکەی (ڕەشید وەحتی)م بینی و جارێکی تر بە کوردیەکەیدا چوومەوە، هەڵەو پەڵەو جیاوازیەکی زۆرم بەرچاوکەوت، ئەوەو سەرەڕای خراپی داڕشتنەوەی تێکستەکە بەزمانی کوردی.

من ناتوانم هیچ حوکمێ لەسەر ئاستی شارەزایی جەلال ڕەووف لەزمانی ئیتاڵی دا بدەم، بەڵام لەگەڵ خوێندنەوەی ئەم بەرهەمەدا دەتوانم بەبەڵگەوە بیسەلمێنم کەکوردی زانییەکەی خراپەو لەئاستی پێویستدا نییە. هەر ئەوەش وایکردووە کتێبەکە بەهۆی هەڵەکانیەوە، بڕێک لەچێژ و ڕەونەق و جوانی خۆی لەدەست بدات.

بەخاتری ڕاستکردنەوەی ئەو هەڵانەو پاراستنی لانی کەمی ئاستی هونەری و ئەدەبی و زمانەوانی بەرهەمەکە، هەروەها لەپێناو زیاتر ئاشناکردنی خوێنەری کوردی زمان بەئەدیبێکی تایبەت و بەسەلیقەی ئیتاڵی وەک تابووکی (ئەدیبێک دەکرێت لەگەڵ ئەمبرتۆ ئیکۆ و ئیتالۆ کالڤینۆ، ناوی گۆ بکرێت) و چێژ بینین لەجیهانە فانتازیەکەی، هاوکات لەبەر خۆشەویستیم بۆ پێسوا و تابووکی و ئەم بەرهەمەی، دووبارە وەرگێڕانی دەقەکەم بۆ سەر زمانی کوردی بە پێویست زانی.

هەرچەندە لەئان و ساتێکدا بڕیاری ئەم کارەمدا، سەرقاڵیم لەوپەڕیدابوو. هیوادارم هەوڵەکەم لەئاست گەورەیی و جوانی (خەونی خەونان ) و زمانی شیرینی کوردیدا بێت و خوێنەران ڕازی بکات. هەرچەند دەزانم هەوڵەکەی منیش بێ کەموکوڕی نابێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP