دواین هەواڵ

کوردستان‌

 پێش 2 هەفتە

بەبڕیاری قوباد تاڵەبانی یەکێتی لە کەرکوک دەستبەرداری کاندیدێکی تری دەبێت

هەرێم نیوز
نوسینگەی قوباد تاڵەبانی، بە ئاشکرا پشتگیری لە تەنها کاندیدێکی هاوپەیمانێتیەکەی دەکات و خۆی بێبەریدەکات لە کاندیدەکەی تریان.  ڕایدەگەینێت، تاکە کاندیدی حزبەكەی لە بازنەی ٢ی کەرکوک تەنیا دکتۆر گەیلان قادرە.

لە ڕونکردنەوەیەکدا، نوسینگەی قوباد تاڵەبانی ،سەرۆكی هاوپەیمانی كوردستان، ئەمڕۆ هەینی ڕایگەیاند،  "چە‌ند رۆژێکە‌ لە‌ڕێی تە‌لە‌فونە‌وە‌، پەیوە‌ندی بە‌ ھاوڵاتیانی شاری کە‌رکوکە‌وە‌ دە‌کرێت بە‌ ناوی نوسینگە‌ی بە‌ڕێز قوباد تاڵە‌بانییە‌وە‌ و داوا لە‌ ھاوڵاتییان دە‌کرێت کە‌؛ دە‌نگ بدە‌‌ن بە‌ دکتۆرە‌ ئاشتی، بۆیە‌ بە‌ پێویستمانزانی بۆ رایگشتیی و کە‌رکوکییە‌‌ خۆشە‌ویستە‌کان بە‌تایبە‌ت رونبکە‌ینە‌وە‌ کە‌؛ بە‌ھیچ شێوە‌یە‌ک‌ ئێمە‌ ئاگاداری ئە‌و پە‌یوە‌ندییانە‌ نین و تاکە‌ کاندیدی ھاوپە‌یمان کوردستانیش لە‌بازنە‌ی (٢)ی کە‌رکوک تە‌نھا گە‌یلان قادرە‌".

ئاماژەش بەوەکراوە، "داوامان وایە‌ لە‌و بازنە‌یە‌ دە‌نگە‌کانتان ھە‌ر بۆ ئە‌و بێت (گەیلان قادر) نە‌ک کە‌سی تر، ئە‌و بڕیارە‌ش لە‌بە‌ر رۆشنایی بە‌رژە‌وەندی ھاوپە‌یمانی کوردستان و گشتی دراوە‌".

هاوپەیمانی كوردستان لە بازنەی دووی كەركوك دوو كاندیدی هەیە و هەردوكیان یەكێتین، ئەوانیش ئاشتی مەهدی و گەیلان قادرن، كە لەگەڵ عەرەب و توركمان و ژمارەیەك كاندیدی تری كورد كێبڕكێی بەدەستهێنانی چوار كورسی ئەو بازنەیە دەكەن.

لە 4ی تشرینی یەكەم، ئاشتی مەهدی لە لێدوانێكدا بۆ سایتی‌ (كەركوك ناو)، جەختیكردەوە "هەوڵێک هەبوو لەلایەن حزبەكەمەوە لە بازنەی دووی كەركوك دورمبخەنەوە، بەڵام من پێداگریم كرد لەوەی بمێنمەوە و لە بانگەشە بەردەوامبم".

زیاتر وتی، "لەوكاتەوە یەکێتی زیاتر کار بۆ دەرچونی گەیلان قادر دەکات –لە هەمان بازنەی هەڵبژاردن-  و پشتیوانی زیاتری ئەو دەكات بەراورد بە من".

ئەمە دووەم حاڵەتی پشتتێكردنی یەكێتییە لە ژنە كاندیدەكانی لە پارێزگای كەركوك، ئەوەش دوای ئەوە دێت كە لەسەرەتای ئابی رابردودا بڕیاریدا بە پشتیوانیكردنی دیلان غەفور، كاندیدی سەربەخۆ لەجێی ئاڵا تاڵەبانی، كاندیدی هاوپەیمانی كوردستان لە بازنەی یەكی كەركوك.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP