دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 06/10/2021

سەنتەری ڕافیدەین بۆ ڕاپرسی: سەدریەکان یەکەمی عێراق و پارتی یەکەمی کوردستان ئەبن لە هەڵبژاردنەکاندا

هەرێم نیوز
بەپێی ڕاپرسیەکی سەنتەری ڕافیدەین، کە بۆ  هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەنجامیداوە، بەپشتبەستن بە وەڵامی ئەوانەی بۆچونیان وەرگیراوە، پێشبینی دەکرێت سەدرییەکان، یەکەمی هەڵبژاردنەکان بن بە بەدەستهێنانی 47 کورسی، لە سوننەکانیش پێشبینی دەکات هاوپەیمانیی تەقەدوم یەکەم بێت، هەروەها پێشبینی دەکات پارتی دیموکراتی کوردستان 29 کورسی، هاوپەیمانیی کوردستان (یەکێتی و گۆڕان) 20 کورسی بەدەستبهێنن.

سەنتەری رافیدەین بۆ دیالۆگ راپرسییەکی لەبارەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کردووە و ئەمڕۆ چوارشەممە ئەنجامەکەی بڵاوکردەوە، لە راپرسییەکەدا کە 5700 فۆرم لە هەموو پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان دابەشکراوە،  91.4٪ی فۆرمەکان تەواوبوون و گەڕێندراونەتەوە.

دەنگەکان لە هەرێمی کوردستان کەمتر پەرت دەبن

بەهۆی سیستەمی فرە بازنەییەوە کە عێراق بۆ 83 بازنە دابەشکراوە، سەنتەری رافیدەین پێشبینی دەکات رکابەرایەتی بەهێز لە پارێزگاکانی سەڵاحەدین، بەغدا، نەینەوا، کەرکووک و ئەنبار و دیالە بێت، ئەوەش بەهۆی زۆریی ژمارەی بەربژێرەکانی هەر بازنەیەک.

 بەڵام رکابەرایەتییەکان لە هەرێمی کوردستان لەکەمترین ئاستیدا دەبێت، بۆ نموونە لە دهۆک 8 بەربژێر، لە هەولێر 11 بەربژێر، لە سلێمانی 13 بەربژێر بۆ هەر کورسییەک هەن، کە ئەمەشی وا لێکداوەتەوە کاریگەری لەسەر دەنگەکان و ئەنجامەکان هەبێت، کە لەهەرێمی کوردستان کەمتر پەرت و بڵاودەبێت وەک لە پارێزگاکانی دیکەی عێراق.

بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لەوادەی خۆیدا

بەپێی ئەنجامەکانی راپرسییەکە  77.4٪ی ئەوانەی بۆچوونیان وەرگیراوە دڵنیایی خۆیان نیشانداوە لەوەی هەڵبژاردن لەوادەی خۆیدا دەکرێت. 41.6٪یشیان بڕوایان وایە هەڵبژاردن بێگەرد دەبێت، 42.1٪یشیان باوەڕیان بەوە نییە هەڵبژاردنەکە بێگەرد بێت، رێژەی 16.3٪یش لەبارەی بێگەردیی هەڵبژاردنەکەوە دوو دڵ بوون.

متمانە بە بەڵێنی بەربژێران پێش هەڵبژاردن

سەبارەت بە بەڵێنی هەڵبژاردنیشەوە، 70٪ی بەشداربووان باوەڕیان بە بەڵێنی بەربژێران نییە، 30٪یان باوەڕیان پێیەتی، لە پارێزگای ئەنبار بەرزترین رێژەی باوەڕبوون بە بەڵێنی بەربژێران هەبووە کە 77.8٪ بووە، دوای ئەوە هەولێر دێت کە 56٪ی ئەوانی بۆچوونیان وەرگیراوە باوەڕیان بە بەڵێنی بەربژێران هەیە، لە سلێمانی رێژەکە 51٪ و سەڵاحەدین 45٪بووە. 
لە پارێزگای زیقاریش تەنیا 17٪ی ئەوانەی بۆچوونیان وەرگیراوە باوەڕیان بە بەڵێنی بەربژێران هەبووە، دوای ئەوە بەغدا بە رێژەی 20٪ دێت و پاشان نەینەوا 22.6٪ و بابل و نەجەفیش 23٪ بۆ هەریەکێکیان.

بەشداریکردن لە هەڵبژاردن

بەپێی راپرسییەکەی سەنتەری رافیدەین بۆ دیالۆگ 37.2٪ی ئەوانەی بۆچوونیان وەرگیراوە دەڵێن بەشداریی هەڵبژاردن دەکەن و ئەوەشی بەڕێژەیەکی کەم ناوهێناوە کە گوزارشتە لە دۆخی دەنگدەران.
هەروەها 50.5٪ی بەشدارابووانی راپرسییەکە گوتوویانە بەشداریی هەڵبژاردن ناکەن، 12.3٪یشیان دەڵێن خۆیان یەکلایی نەکردووەتەوە، کە ئایا بەشداری دەکەن یان نا.

بەپێی ئەو ئەنجامانە بێت سەنتەری رافیدەین بۆ دیالۆگ دەڵێت پێشبینییەکان بەوشێوەیە دەکەونەوە کە رێژەی بەشداریکردن لەنێوان ٪37 بۆ 42٪ دەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا چەندین هۆکار هەن، کە کاریگەریی لەسەر زیادکردنی رێژەی بەشداریکردن هەیە لەوانە هاندانی مەرجەعیەتی شیعە بۆ بەشداریکردن، کە هەفتەی رابردوو عەلی سیستانی ئەم داوایەی کرد پێش ئەوەی ئەم سەنتەرە راپرسییەکەی رابگەیێنێت.

کێ هەڵدەبژێرن؟

یەکێکی دیکە لە ئەنجامەکانی ئەو راپرسییەی ئەو سەنتەرە عێراقییە کردوویەتی ئەوەیە 64٪ی ئەوانەی بۆچوونیان لە بارەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، وەرگیراوە دەڵێن دەنگ بە بەربژێرانی گەنج دەدەن، لەکاتێکدا 36٪یان گوتوویانە بەربژێرانی خاوەن ئەزموونیان پێباشترە.

باکگراوندی هەڵبژاردنی بەربژێرەکان:

ئەنجامەکانی راپرسییەکە دەریخستووە 22٪ی ئەوانەی بۆیان هەیە دەنگبدەن و بۆچوونیان لەم راپرسییە وەرگیراوە گوتوویانە هێشتا کاریگەریی تایفیەت و نەتەوە یەکلاییکەرەوەیە لە هەندێک لە پارێزگاکان، کە هەرێمی کوردستانیشی گرتووەتەوە و فاکتەری نەتەوەیی لەپێشەوەیە وەک لە پارێزگاکانی دیکەی عێراق. دوای ئەوە فاکتەری حیزبی هاتووە، کە 19٪یان لەژێر ئەم کاریگەرییەن،  14٪شیان ئینتیمای هۆزەکانییان بەیەکلاکەرەوە بۆ دەنگدان ناوهێناوە بە تایبەت لە پارێزگاکانی موسەنا، قادسیە، میسان، واست.

پێشبینی بۆ کورسیی حیزب و لایەنەکان

لەو راپرسییەی سەنتەری رافیدەین بۆ دیالۆگ لە عێراق ئەنجامیداوە، کە یەکێکە لە سەنتەرە دیارەکان، ژمارەی ئەو کورسییانەی هەر هاوپەیمانێتی و لایەنێک بەدەستی دەهێنێت بەمشێوەیە:

1-ئەو کورسییانەی حیزب و هاوپەیمانێتییە شیعەکان لە ناوەڕاست و باشووری عێراق بەدەستی دەهێنن، کە پارێزگاکانی (بەغدا، واست، کەربەلا، بابل، نەجەف، دیوانییە، زیقار، موسەنا، میسان، دیالە، بەسرا) دەگرێتەوە:

- سەدرییەکان: 47 کورسی، لە خراپترین دۆخدا 43 کورسی و لە باشترین دۆخدا 53 کورسی.
- هاوپەیمانیی فەتح : 41 کورسی، لە خراپترین دۆخدا 38 کورسی و لە باشترین دۆخدا 45 کورسی.
- قوى الدوله الوطنيه (عەمار حەکیم و حەیدەر عەبادی): 28 کورسی، لە خراپترین دۆخدا 25 کورسی و لە باشترین دۆخدا 32 کورسی.
- تشرینییەکان و سەربەخۆکان: 23 کورسی، لە خراپترین دۆخدا 18 کورسی و لە باشترین دۆخدا 26 کورسی.
- دەوڵەتی یاسا (نووری مالیکی): 19 کورسی، لە خراپترین دۆخدا 15 کورسی و لە باشترین دۆخدا 21 کورسی.
- نەهجی وەتەنی (حیزبی فەزیلە): 4 کورسی، لە خراپترین دۆخدا 2 کورسی و لەباشترین دۆخدا 5 کورسی.
- تەسمیم (ئەسعەد عیدانی): 4 کورسی، لە خراپترین دۆخدا 2 کورسی و لە باشترین دۆخدا 5 کورسی.
- وەفا (عەدنان زورفی): 4 کورسی، لە خراپترین دۆخدا 2 کورسی و لە باشترین دۆخدا 6 کورسی.
- هاوپەیمانی مەدەنیی دیموکراسی: 1 کورسی، لە خراپترین دۆخدا هیچ کورسییەک ناباتەوە و لە باشترین دۆخدا 2 کورسی.
- حقوق: 3 کورسی، لە خراپترین دۆخدا 1 کورسی و لەباشترین دۆخدا 4 کورسی.
- اقتدار: 1 کورسی، لە خراپترین دۆخدا هیچ کورسییەک ناباتەوە و لەباشترین دۆخدا 2 کورسی.
- اشراقە قانون: 1 کورسی، لە خراپترین دۆخدا هیچ کورسییەک ناباتەوە و لە باشترین دۆخدا 2 کورسی.

2- ئەو کورسییانەی حیزب و هاوپەیمانێتییە سوننەکان بە دەستی دەهێنن کە پارێزگاکانی (بەغدا، دیالە، سەلاحەدین، کەرکووک، بەسرا، بابل، ئەنبار و نەینەوا) دەگرێتەوە :

- تەقەدوم (محەممەد حەلبووسی): 38 کورسی، لە خراپترین دۆخدا 32 کورسی و لە باشترین دۆخدا 41 کورسی.
- عەزم (خەمیس خەنجەر): 21 کورسی، لە خراپترین دۆخدا 16 کورسی و لە باشترین دۆخدا 24 کورسی.
- عەتا و حیزبی ئیسلامی: 8 کورسی، لە خراپترین دۆخدا 5 کورسی و لە باشترین دۆخدا 10 کورسی.
- سەربەخۆکان: 7 کورسی، لە خراپترین دۆخدا 8 کورسی و لە باشترین دۆخدا 3 کورسی.
- پارتی جەماهیر (ئەحمەد جبووری) : 5 کورسی، لە خراپترین دۆخدا 3 کورسی و لەباشترین دۆخدا 7 کورسی.
- پارتی للعراق موتەحیدون (ئوسامە نوجێفی): 1 کورسی، لە خراپترین دۆخدا هیچ کورسیییەک ناباتەوە و لەباشترین دۆخدا 2 کورسی.
- مینبەری عێراقی (ئەیاد عەللاوی): 1 کورسی، لە خراپترین دۆخدا هیچ کورسیییەک ناباتەوە لەباشترین دۆخدا 2 کورسی.
- پارتی پڕۆژەی نیشتیمانی (جەمال زاری): 1 کورسی، لە خراپترین دۆخدا هیچ کورسیییەک ناباتەوە لە باشترین دۆخدا 2 کورسی.

3- ئەو کورسییانەی حیزب و هاوپەیمانێتییە کوردستانییەکان بەدەستی دەهێنن کە پارێزگاکانی (هەولێر، سلێمانی، دهۆک، کەرکووک، دیالە و نەینەوا) دەگرێتەوە :
- پارتی دیموکراتی کوردستان: 29 کورسی، لە خراپترین دۆخدا 24 کورسی و لە باشترین دۆخدا 32 کورسی.
- هاوپەیمانیی کوردستان (یەکێتی و گۆڕان): 20 کورسی، لە خراپترین دۆخدا 16 کورسی و لە باشترین دۆخدا 21 کورسی.
-سەربەخۆکان و پارتەکانی دیکە: 7 کورسی، لە خراپترین دۆخدا 3 کورسی و لە باشترین دۆخدا 8 کورسی.

سەنتەری رافیدەین بۆ دیالۆگ وەک خۆی دەلێت سەنتەرێکی عێراقیی فیکریی سەربەخۆیە و پشتیوانی دیالۆگی سیاسی و کولتووریی و ئابووری لەنێوان سەرجەم دەستەبژێرەکان دەکات بۆ پتەوکردنی ئەزموونی دیموکراسی و بەدیهێنانی ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی، لەگەڵ تۆکمەکردنی دامەزراوەکانی دەوڵەت و کۆمەڵگە بە شارەزایی و تێڕوانینە ستراتیژییەکان لەپێناو ئەکتیڤکردنی رۆڵی و باشترکردنی ئەدای.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP