دواین هەواڵ

ئابوری‌

 06/10/2021

نرخی نەوت گەیشتە بەرزترین ئاست لەماوەی حەوت ساڵی ڕابردودا

هەرێم نیوز
بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە بۆ پێنج رۆژی یەک لە دوای یەک نرخی نەوت بەرزبووەوە و گەیشتە بەرزترین ئاستی خۆی لە حەوت ساڵی رابردوودا.


رۆژی چوارشەممە 06-10-2021 نرخی نەوتی برێنت 12 سەنت بەرزبووەوە و بە 82 دۆلار و 68 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.

هەروەها نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا بە هەمانشێوە 15 سەنت بەرزبووە و هەر بەرمیلێک بە 79 دۆلار و 5 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.

بەرزبوونەوەی نرخی نەوت دوای ئەوە روویدا کە 24 وڵاتی ئەندام لە رێکخراوی ئۆپێک و دەرەوەی ئەو رێکخراوەیە پابەندبوونیان بە پلانی پێشووی خۆیان لەسەر زیادکردنی رۆژانە 400 هەزار بەرمیل بۆ مانگی داهاتووە دووپاتکردەوە، سەرەڕای گوشارەکانی ئەمریکا بۆ خستنەڕووی نەوتی زیاتر.

بەرزبوونەوەی خواست بۆ بەکارهێنانی نەوتی خاو لەلایەک و لەلایەکی دیکەش بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی و گازی سرووشتی پاڵپشتی سەرەکی نرخی نەوت بوون کە ئێستا گەیشتووەتە بەرزترین ئاستی خۆی لە دوای ساڵی 2014ـەوە.

بانکی ئۆسترالی - نیوزلاندی ANZ لەو بارەیەوە رایگەیاندووە، بەهۆی تووندبوونی بارودۆخی بازاڕ و ئەو قەیرانەی وزە کە روویداوە نرخەکانی نەوت بەردەوامن لە بەرزبوونەوە.

بانکی ئۆسترالی - نیوزلاندی ANZ دەڵیت، بڕی زیادکردنی خستنەڕووی نەوت لەلایەن بەرهەمهێنەرانی نەوتی ئۆپێک پڵەس کەمتر بووە لە چاوەڕوانییەکانی بازاڕ.

نرخەکانی نەوت بەتەنیا لەمساڵدا بەڕێژەی 50٪ بەرزبوونەتەوە.

رێکخراوی ئۆپێک رایگەیاندووە، هەرچەندە نرخی نەوت لە ئاستێکی بەرزدا مامەڵەی پێوەدەکرێت، بەڵام ئەوان نیگەرانن سەرهەڵدانی شەپۆلی چوارەمی ڤایرۆسی کۆرۆنا کاریگەری نەرێنی لەسەر خواست بۆ بەکارهێنانی نەوت دابنێت و لەبەر ئەوەشە پابەندبوون بە پلانەکانی پێشووی خۆیان بەردەوام بوون لەسەر زیادکردنی خستنەڕووی لەسەرخۆی نەوتی خاو لە بازاڕەکاندا.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP