دواین هەواڵ

ئابوری‌

 05/10/2021

وەزارەتی دارایی عێراق: یەدەگی بیانی لەبانکی ناوەندی عێراق گەیشتوەتە 60 ملیار دۆلار

هەرێم نیوز

وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند، گۆڕانکاری لەنرخی دۆلاردا وایکردووە خواست لەسەر دراوی بیانی کەمبێتەوە و ئەمەش بەشێوەیەکی ئەرێنی  بەرهەمهێنانی ناوخۆیی زیادکردووە.

وەزارەتی دارایی عێراق لە راگەیاندراوێکدا كە لە ماڵپەڕی فەرمی خۆی بڵاویکردەوە، رایگەیاندوە، گۆڕانکاری لە نرخی دیناری عێراقی بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریکی بووەتە هۆکارێک بۆ راگرتنی رووخانی داهاتی نەختینەیی بانکی ناوەندی و پاڵپشتکردنی وەبەرهێنان.

ئاماژەی بەوەشکردوە، لە ماوەی نۆ مانگی ڕابردودا بە بەردەوامی بەدوای کاریگەریەکانی دابەزینی بەهای دیناری عێراقی کەوتوە و ئاماژەکان ئەوە نیشان دەدەن کە گۆڕانی ڕێژەی ئاڵوگۆڕەکە بەشداری کردوە لەزیادبونی یەدەگی بیانی لەبانکی ناوەندی عێراق کە لە ئێستادا گەیشتوەتە 60 ملیار دۆلار.

رونیشیكردۆتەوە، یەدەگی نەختینەیی عێراق لە "مانگی کانونی یەکەم" 54 ملیار دۆلار بوە، گۆڕینی بەهای دۆلار بوەتە هۆی كەمبونەوەی خواست لەسەر دراوی بیانی، کە راستەوخۆ بوەتە هۆی پەنابردن بۆ بەرهەمی ناوخۆ و کەمبونەوەی کاڵای هاوردەکراو.

وەزارەتی دارایی عێراق رایشیگەیاندوە، کاردەکات بۆ گەڕاندنەوەی ئەو داهات و پارانەی کە بە دەستهێنراوە بۆ بونیاتنانەوەی بەرهەمێکی بەسوود بەدەر لە کەرتی نەوت و پشتبەستن بە کەرتەکانی دیکە کە ئەمەش وادەکات خواست لەسەر دۆلار کەمبکاتەوە .



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP