دواین هەواڵ

کۆمەڵایەتی‌

 03/10/2021

ڕۆژانە پێنج نەفەس

د. نەسرەو مستەفا مەحموود- پزیشکی پسپۆڕی دەروونی مامۆستای زانکۆ

مەبەستم بوو بە ناونیشانێکی لەو جۆرە دەستپێبکەم، چونکە بابەتەکە هەستیارو گرنگەو زۆر گرنگە سەرنجی خوێنەری بۆ کێش بکەم. ئەوەی سەرەوە (ناونیشانی بابەتەکە) وەڵامی گەنجێکی سەردانیکەری ئاڵوودەبووی من بوو بە ماددەی هۆشبەر کاتێک لێم پرسی: (ڕۆژانە چەند بەکاردێنی؟).

ئاڵوودەبوون بە دەرمانی هۆشبەر کێشەیەکی جیهانیەو کێشەیەکی بەردەوام و لەمێژینەشە. بەداخەوە لەبەر ئەوەش کە بازرگانی و قازانج و ماددە دیوێکی گرنگی پرسەکەیە کێشەکە لەسەر ئاستی هەموو جیهان هەر درێژەی هەیە. لە ناوچەی ئێمەو لەمەڕخۆماندا، ئەوەی ساڵەهایە دڵخۆشی کردبووین کۆمەڵێک شت بوون، کە وایان کردبوو ئەم دێوەزمەیە بە زۆری و بە زەقی لامان نەبێ، ئەویش پەیوەندیی توندوتۆڵی کۆمەڵایەتی، عورف و عادەتەکانی کوردەواری و تەنانەت خێڵەکی و "عەشایەری" ش بەوەی کە ئەم جۆرە کەسانە نامۆ سەیر دەکرێن و لادەرن لە کەلتوورو ڕەوشت و ئاین.

داخراوی کۆمەڵگە بە شێوەیەکی ڕێژەیی و نەکرانەوەی کۆمەڵگا لەڕێی تەکنەلۆجیاو تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان، بەها و ڕەوشت و بنەما باڵاکانی کۆمەڵگە؛ لە ڕاستگۆیی و دەسگرتن بە یەکگرتوویی خێزان و پەیوەندیی کۆمەڵایەتی و هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی و زۆری تر.. هۆکار بوون بۆ دوور بوون و بەرکەوتنی پڕوشکێکی کەمتر لەم پەتایە. ڕەنگە ئەم بابەتە زۆر هەڵبگرێ و پێویستی بە تێزی وردترو درێژتر هەبێ بۆ ئەوەی دەست لەسەر هۆکارو گۆڕاوەکانی تاک و کۆمەڵگەو پەروەردەو خێزان و هیتر دانرێت و هی ئەوە نیە لەو نووسینە کورتەمدا پەنجەیان بۆ درێژ بکەم.

بەڵام ئەگەر سەیرێکی ڕاگوزەر بکەین دەبینین کە گۆڕان یان کاڵ بوونەوە یان پێچەوانە بوونەوەی ئەو شتانەی لە پێشەوە باسمان کرد وای کردووە ئیدمان وەکو ئافەتێکی مەترسیدارو هەڕەشەکەر ڕوو لە هەرێمی ئێمە بکات و گەنجەکانمان گیرۆدە بکات. ئەوەی ئێستا دەیبینین هەبوونی ڕێژەیەکی هەستپێکراوی زەقی تاکەکەکانی کۆمەڵگەمانە لە ئیدمان، ئێمە کە پزیشکی دەروونین و ڕۆڵی گرنگمان هەیە لە چارەسەرکردنی کەسانی ئاڵوودەبوو لە نزیکەوە واقیعە بچووککراوەکە دەبینین و ئەو ئاگرە شێتە پەی پێ دەبەین کە لە ژێر "کا" یەکە یاری دەکات و زەنگی مەترسیی لێدەدات.

ئەوڕۆ ئێمەی پەروەردەکارو سەرگەورەی خێزان، ڕۆڵی هۆشیارکردنەوەی ڕۆڵەکانمان لە سەروبەندی ئەرکەکانمانە.

ڕۆڵی زانایانی ئایینی و پسپۆڕانی دەروونی و لێکۆڵەرەوان و دام و دەزگاکانی ئاسایش و حکوومەت زۆرەو هەریەکەیان بەرپرسیارێتی ئەخلاقی و مرۆڤایەتیی گەورەیان لەبەردەمە تاوەکو مێژوو بەجوانی باسی هەریەکەیان بکات لە ڕێگەگرتن لە بەربوونی ئەو ئاگرەی کە خەریکە کۆمەڵگەیەک دەتەنێ، ئەگەر ڕێی لێ نەگیرێت.

هیوادارم گەنجانمان هۆشیار بن و ڕۆشنبیریی گشتیی ئەو خێزانە بەڕێزانەی کە ئەندامێکیان تووش بووە بەو ڕاددەیە بێت کە بزانن ڕێگای زانستی و تایبەت هەیە بۆ چارەسەر لەلایەن پزیشکی دەروونیی تایبەتمەند.

هیوام وایە ڕۆژانە نەفەسی گەنجانمان نەفەسی خۆشی و متمانەو هەوڵ و کۆشش و خۆشەویستیی ژیان بێت نەک خوانەکردە 'نەفەس' ی ماددەی هۆشبەری چڵکن و بێ فەڕ. 



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP