دواین هەواڵ

کلتور‌

 03/10/2021

تاوانى جینۆساید لە یاسا و دادگا نێودەوڵەتییەکاندا

هاورێ‌ ئەحمەد
ئەم کتێبە ئەنجامى نزیکەى دووساڵ لە نووسین و کنەوپشکنینە بە دادبینییەکانى دادگا نێودەوڵەتییەکاندا و لە کۆتایدا ئەمرۆ ڕوناکى بینى.

جینۆسایدناسیى بۆ ئێمەى کورد، بە حوکمى دابەشبوونە جوگرافییەکەمان، گرنگییەکى گەورەى هەیە، هەم لەبەر ئەوەى جینۆساید کراوین و هەم لەبەر ئەوەش هێشتا چەقۆی جینۆسایدمان لە مل هەڵدەسوون. جینۆساید بۆ کورد هەمیشە ئەگەرێکە و لە پێشمانە، نەوەک لە پشت. هەرچەند کوردیش وەک گەلانى تر دەیتوانى ئەو تاوانانەى بەرانبەرى کراوە بکاتە کۆڵەکەیەک و لە پشتى بێت هەمیشە، بەڵام مخابن!

بە پێچەوانەى زۆرێک لەوانەى پییانوایە پێویستە جینۆسایدى کورد بە دنیا بناسێنین، من پێموایە پێویستە خۆمان خودى تاوانى جینۆساید بناسین و ئاشناى ئاڵۆزییەکانى ئەم تاوانە بین. پاشان پڕچەکتر توێژەرەکان ئارگومێنتسازیى بۆ جینۆسایدى کورد بکەن.

ئەم پەڕتووکە هەوڵێکى لەم چەشنەیە، دەیەوێت لە ڕیشە و ڕایەڵەکانى تاوانى جینۆساید بکۆڵێتەوە، سرووشتى تاوانى جینۆساید بەپێى یاسا و دادگا نێودەوڵەتییەکان شیتەڵ دەکات و پێکهاتەکانى لە کەو و بێژنگ دەدات. بە ڕەچاوکردنى تایبەتمەندیى دادگا نێودەوڵەتییەکان بۆ هەر یەکێکیان بە جیا لەسەر چۆنێتیى دادبینییەکانیان لە تاوانى جینۆساید دەدوێ و بە درێژیى لە سەر بڕیار و ڕاسپاردەکانیان دەوەستێت.

بەو پێیەى جینۆساید بەشێکە لە یاساى تاوانى نێودەوڵەتیی و یاساى نێودەوڵەتیی نەریتیى، ئەمەش پابەندیى و بەرپرسیارێتیى هەم بۆ دەوڵەت و هەم بۆ کۆمەڵگەى نێودەوڵەتیی چێ دەکات، ئەم پەڕتووکە بە درێژیى ئەم باس و خواسانەى بەرباس داوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP