دواین هەواڵ

کۆمەڵایەتی‌

 01/10/2021

ئەفسانەی هاوژین و هاوسەری بێخەوش

کەسێک نیە ئاوات نەخوازێت لە لە پەیوەندیەکی هاوژینیی یان هاوسەرگیریی بێ کەموکوڕیدا نەژی.

زۆربەمان- بەلایانی کەمەوە- لە قۆناخێک لە قۆناخەکانی ژیانماندا باوەڕمان بە هەبوونی کەسێکی بێخەوش هەیە کە رۆژێک وەک فریادڕەسێک پەیدا دەبێت و سەرتاپای پێداویستیە سۆزداری و جەستەییمان بۆ تێردەکات، بە جۆرێک، هەندێکمان خۆمان بە لەتی یەکەم دەبینین و ئەو بە تەواوکەری وێنەی ئاسوودەیی.

ئەمە، ئەو هەڵە پشتشکێنەیە کە بەردەوام ژیانمان خراپتر دەکات و لە بژاردەی باشتری هاوسەر و هاوژینی ئایندەمان زیاتر دوورمان دەخاتەوە.

بیرۆکەی هەبوونی پەیوەندیەکی بێخەوش و هاوسەر و هاوژینێکی تەواکەری ژیانی سۆزداریی ئەو ئەفسانەییە کە لە منداڵیمانەوە کۆمەڵگە نەستمانی پێ ئاخنیوە.

کەواتە، بۆچی هاوژین و هاوسەر و پەیوەندی سۆزداریی بێخەوش ئەفسانەیەکی وێرانکەرە ؟

ئەگەر ئەمە ڕاست بێت، ئایا، هەمان وێرانکاریی تووشیی ئەو کەسانەش دەبێت کە هێشتا سینگڵن و لە پەیوەندی سۆزداریدا نین؟

زۆر بە کورتیی و بە سادەیی و دوور لە زمانی تەکنیکیی، هەوڵدەدەم لایەنە وێرانکارییەکانی ئەفسانەی ناوبراو لە خوارەوە، هەم سەبارەت بە هاوژین و هاوسەرەکان کە لە ئێستادا لە پەیوەندیدان و ئەوانەش کە سینگڵن و هێشتا لە پەیوەندی سۆزداریدا نین روون بکەمەوە.

سەبارەت بەوانەی لە ئێستادا لە پەیوەندیدان، باوەڕبوون بە ئەفسانەی هاوژین و هاوسەری بێخەوش ئەم لێکەوتانەی هەیە:

١- لەسەر بنەمای ئەو میسالیەتە ئەفسانەییە، بەردەوام حوکم بەسەر هاوژین و هاوسەرەکەتدا دەدەیت.

٢- هەرگیز هاوژین و هاوسەرەکەت ناتوانێت لەگەڵ ئەو ئەفسانە وێناکراوەی مێشکی تۆ هاوێنە بێتەوە.

٣- بەهۆی ئەو هاووێنا نەبوونەوە، بە شێوەکی حەتمی و سەرئەنجام بە تێپەڕبوونی کات، دژواریی و نائومێدیی و بەدحاڵیی بوون سەرهەڵدەدەن.

بەڵام ئەفسانەی هاوژین و هاوسەری بێخەوش تەنها کاریگەریی وێرانەکەری لەسەر ژیانی سۆزداریی هاوسەرە و هاوژینەکان نیە، بەڵکو ئەم وێرانکارییە دەستی دەگاتە ئەوانەش کە باوەڕیان بە ئەفسانەکە هەیە و لە ژێر کاریگەری ئەم ئایدیاڵەدا بە دوای هاوژین و هاوسەری ئاندەیاندا دەگەڕێن، لێکەوتەکانی ئەفسانەکە لەسەر ئەم سینگڵانە لە خوارەوە دەردەکەون

١- بەردوام ئەو کەسانەی کە پێیان دەگەیت و دەیانناسیت بەو وێنە ئەفسانەییە بەراوورد دەکەیت کە لە مێشکتدایە.

٢- هیچ کەسێک لەوانەی پێیان دەگەیت و دەیانناسیت ناتوانن هەرگیز هاووێنەیی لەگەڵ وێنەکەی مێشکتدا درووست بکەن.

٣- سەرئەنجام، یان بڕیار دەدەیت هەتا هەتایە بە سینگڵیی بمێنیتەوە- چونکە هیچ کەسێک ناتوانێت هاوێنەی وێنەکەی مێشکت بێت،

٤- یان، پەیوەندی درووست دەکەیت و دواتر تووشی نائومێدی و کێشەی سۆزداریی دەبێت،چونکە هاوژینەکەت نەیتوانیوە هاووێنەیی لەگەڵ وێنە ئەفسانەییەکی مێشکتدا درووست بکات.

لە هەردوو ئەو حاڵەتەی لەسەرەوە ئاماژەم بۆ کردوون، هەڵە نە هەڵەی تۆیە، نە هەڵەی هاوژینەکەت، بەڵکو هەڵەی ئەفسانەی پەیوەندی سۆزداریی بێخەوشە.

بە هیوای ئاسوودەیتان







Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP