دواین هەواڵ

جیهان‌

 23/09/2021

ئەمریکا و فەرەنسا پەیوەندییەکانی نێوانیان چاکدەکەنەوە

هەرێم نیوز
رۆژی چوارشەممە جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا و ئیمانوێل ماکرۆنی هاوتا فەڕەنسییەکەی بۆ یەکەمجار لە دوای تێكچوونی پەیوەندییەکانیان بەهۆی فرۆشتنی ژێردەریایی بە ئوستڕالیا، بە تەلەفۆن قسەیانکرد و بەڵێنیان دا کە ئەو درزەی کەوتووەتە نێوان پەیوەندییەکانیان و پاریس بە "خیانەت" ناوی دەبات، چاکیبکەنەوە.


هەفتەی رابردوو رێککەوتنەکەی ئەمریکا و بەریتانیا لەگەڵ ئوستڕالیا، ئیمانوێل ماککرۆن، سەرۆکی فەڕەسای "زۆر تووڕە" کرد بەتایبەتی کاتێک ئوستڕالیا بڕیاریدا رێککەوتنەکەی ساڵی 2016 لەگەڵ فەڕەنسا بۆ کڕینی ژێردەریایی  کە بە سووتەمەنی دیزێل کاردەکەن هەڵبوەشێنێتەوە بۆ ئەوەی ژێردەریایی ئەمریکی و بەریتانی بکڕێت کە بە وزەی ئەتۆم کاردەکەن. دەگوترێت ئەم رێککەوتنەش بە نهێنی دانوستاندنی لەسەر کراوە.

لە راگەیەندراوێکی هاوبەشدا کە لەدوای پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە بڵاوکرایەوە، هەردوو سەرۆک بەڵێنیاندا "پرۆسەیەکی قووڵی راوێژکاری ئەنجامبدەن بۆ دڵنیابوون لە متمانە" و لە مانگی تشرینی یەکەم لە ئەوروپا کۆببنەوە، بەڵام شوێنەکەیان دیارینەکرد.

راگەیەندراوەکەی کۆشکی سپی لەبارەی تووڕەبوونی فەڕەنساوە گوتی، "بارودۆخەکە دەیتوانی سوود لە راوێژی کراوەی نێوان هاوپەیمانەکان ببینێت بۆ تاوتوێکردنی پرسەکانی بەرژەوەندیی ستراتیژیی  فەڕەنسا و هاوبەشە ئەوروپییەکانمان".

بەڵام وەشانە فەڕەنسییەکەی راگەیەندراوە هاوبەشەکە کە کۆشکی ئێلیزێ بڵاویکردووەتەوە دەڵێت راوێژی کراوە "دەیتوانی رێگە لەم بارودۆخە بگرێت".

لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش باسکراوە کە ئەمریکا دان بە پێویستیی هەبوونی بەرگرییەکی بەهێزتر دەنێت بۆ ئەوروپا بۆ تەواوکردنی هاوپەیمانیی سەربازیی ناتۆ کە ئەمەش چەندینجار لەلایەن فەڕەنساوە باسکراوە. 

لە یەکەمین نیشانەی نیازپاکی و نەمانی ئاڵۆزییەکان، ماکرۆن رازیبووە  لە هەفتەی داهاتوودا باڵیۆزی فەڕەنسا بنێرێتەوە واشنتن کە پێشتر بانگهێشتی کردبووەوە بۆ پاریس، ئەمەش وەکو ناڕەزاییەکی تووند لە بەرامبەر رێککەوتنەکەی ئەمریکا و بەریتانیا لەگەڵ ئوستڕالیا. 



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP