دواین هەواڵ

ئابوری‌

 22/09/2021

بەریتانیا؛ بەهۆی قەیرانی کەمی گازی سروشتیەوە چەندین کارگەو کۆمپانیا لە کارکردن وەستاون

هەرێم نیوز
قەیرانی کەمی  گازی سروشتی و بەرزبوونەوەی نرخەکەی لە بەریتانیا سەریهەڵداوە و چەندین کارگەو کۆمپانیا بەهۆی ئەو قەیرانەوە، لە کارکردن وەستاون، بەتایبەت سەربڕینخانەکان.

زۆیی دەیڤیس، لە رێکخراوی بەخێوکەرانی بەراز دەڵێت: "تەنیا دوو هەفتەی ماوە بۆ ئەوەی ناچار بین بەرازەکانمان لە کێڵگە بەخێوبکەین، دوای ئەوە دەبێت گۆشتەکە فڕێ بدەین و داڵ بیانخوات. جگە لەوەش لە رووی داراییەوە ئەمە کارەساتی بۆ ئێمە دروستکردووە".

بەرزبوونەوەی نرخی گازی سرووشتی تەنیا زیانی لە ئاژەڵداران و سەربڕینخانەکان نەداوە، بەڵکو کارگە پێترۆکیمیاییەکان کە ماددەی سەرەتاییان گازی سرووشتییە ئەوانیش ناتوانن کاربکەن. 

بەرزبوونەوەی نرخی گازی سرووشتی کێشەی بۆ بەرهەمهێنانی گازی CO2 دروستکردووە، کە وەک بەرهەمێکی دووەمی ئەم کارگانە بەرهەم دەهێندرێت و دەدرێتە کارگەکانی بەرهەمهێنانی خواردنەوە گازییەکان.

ئێستا بەهۆی کارنەکردنی کارگەکانی پێترۆکیمیایی گازی CO2ش نەماوە بدرێتە ئەو کارگانەی کە لە پیشەسازیی خۆراکدا کاردەکەن.
ئەندرو ئۆپی، لە کۆنسێرتیۆمی وردەفرۆشی بەریتانیا دەڵێت: "تەنیا چەند رۆژێک دەرفەت لە بەردەم حکومەتدا ماوە کە ئەم رەوشە چارەسەربکات. حکومەت دەبێت دوو شت بکات. دەبێت گازی CO2 بۆ هەموو کەسێک بەردەست بێت. پێویستە کاری هەرە لەپێشینەی حکومەت پاڵپشتیکردنی پیشەسازیی خۆراک بێت."

 

بەرزبوونەوەی خواست بۆ وزە و گازی سرووشتی لەلایەک و لەلایەکی دیکەش کەمبوونەوەی کەمی خستنەڕووی ئەو بەرهەمە ستراتیژییە، وایکردووە کە نرخی گازی سرووشتی لە بازارکانی جیهان بەتایبەتی لە بازاڕی بەریتانیا بگاتە بەرزترین ئاستی لە دوای ساڵی 2008 ەوە. ئێستا هەر 1000 پێ سێجا گازی سروشتی لە سەرووی 5 دۆلارەوە مامەڵەی پێوەدەکرێت.

 

نرخی گازی سرووشتی لەدوای مانگی 8 ی ئەمساڵەوە بە رێژەی 70٪ لە بەریتانیا بەرزبووەتەوە و لە ماوەی ئەمساڵیشدا تێکرا بە رێژەی 250٪  بەرزبووەتەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP