دواین هەواڵ

کوردستان‌

 20/09/2021

شارەزایەکى بوارى کەشناسى : سەرەتاى هەفتەى داهاتوو ئەگەرى باران بارین هەیە

هەرێم نیوز
شارەزایەكی كەشناسی رایگەیاند، سەرەتاى هەفتەى داهاتوو بەهۆی کاریگەى بەفربارینەوە لە بەشێک لە چیاکانی کوردستان، ئەگەری بارانبارین لە ناوچەشاخاوییە سنورییەكانی باكوری سلێمانی و هەولێر و دهۆك هەیە.

 سیروان ساڵح، شارەزای بواری کەشناسی، لەپێگەی فەرمی خۆی، بڵاویکردەوە، بەهۆی كاریگەری تۆپەڵە هەوایەكی ساردی جەمسەرییەوە لە كۆتایی ئەم هەفتەیە و سەرەتای هەفتەی داهاتوو لە بەشێكی چیاكانی باكوری كوردستان و باكوری توركیا و باكوری ئێران ئەگەری بەفربارین هەیە و ئەمەش، ئەگەری کاریگەری هەیە لەسەر هەرێمی کوردستان.

ئاماژەی بەوەشکردووە، بەهۆی كاریگەری تۆپەڵە هەوایەكی ساردی جەمسەرییەوە ئەگەری بارانێكی زۆر هەیە لەو ناوچانە، هاوکات بەهۆی ئەوەی تۆپەڵە هەوا جەمسەریەکە بەسەر دەریای ڕەشەوە تێدەپەڕێت، خۆرهەڵاتی دەریای ناوەڕاستیش دەگرێتەوە.

ئەوەشی خستوەتەڕو، ئەگەر هەیە بڕێك شێ بهێنێتە چیاكانی هەرێمی كوردستان و ئەگەری بارانبارین لە ناوچەشاخاوییە سنورییەكانی باكوری سلێمانی و هەولێر و دهۆك هەیە. هاوکات، پلەكانی گەرمی بەڕێژەیەكی بەرچاو دادەبەزێت و دوور نییە لە لوتكە چیاكانی حەسارۆست و هەڵگورد بڕێكی كەم بەفر ببارێت.

دەشڵێت: لە ناوچەكانی گەرمیان بەتەواوی پلەكانی گەرمی دێنە خوارەوە و لە ناوەڕاستی پلەی سییەكان جێگیر دەبن و بەشەوان هەست بە سەرما دەكرێت.

ئەمە لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ کۆتا رۆژی وەرزی هاوینە و سبەینێ یەکەم رۆژی وەرزی پایزە، جیاواز لەساڵانی رابردووش، هاوینی ئەمساڵ بەرزترین پلەی گەرمای تۆمارکرد و لە هەرێمی کوردستان پلەی گەرما گەیشتە ٥٣ پلەی سیلیزی.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP