دواین هەواڵ

کلتور‌

 20/09/2021

یاداشتێک دەربارەی سینەمای مودێرن

 ئامادەکردنی - ئیدریس عەبدی

جیاوازیەکانی نێوان سینەمای مودێرن و کلاسیک بە زمانێکی زۆر سادە لەهەموو قوتابخانەکانی سینەماییدا هەر پێکهاتەیەکی سینەمای بە پێی دژایەتی لەگەڵ پێکهاتەکانی دیکە هەڵدەسەنگێن و بەم شێوازە فێرخۆازەکانیان فێر ئەکەن. سەرەتا پێم باشە باسێک دەربارەی سینەمای مودێرن بکەین و هاوکات جیاوازیەکانی لەگەڵ سینەمای کلاسیک باس بکەین.

لەسینەمای مودێرندا وەکوو سینەمای کلاسیک چیرۆک گرینگ نییە،لە سینەمای مودێرن چیرۆک ئەوەندە سەرنج ڕاکێش نییە کە بتوانێت بەردەنگ لە هۆڵەکانی سینەما بهێلێتەوە.بینەری سینەمای مودێرن بە دوای شتی ترەوەیە.لە سینەمای مودێرن بینەر زۆرتر دەرگیری کەش و کاراکتەرە و زۆرتر لەگەڵ تەنیایی کاراکتەرەکان بە سەر ئەبەن.

هەر بۆیە بە جێگای ئەوەی بە دوای چیرۆکدا بن، زۆرتر بە دوای کاراکتەرەوەن تا بتوانن زۆرتر لایەنە شاراوەکانی کاراکتەرەی فیلمەکان بدۆزنەوە.لەسینەمای کلاسیک چیرۆک قورسایی زۆرتری هەیە بەڵام لە سینەمای مودێرن کاراکتەر و کەشن کە گرینگترن.

لەسینەمای کلاسیکدا یەک یا چەند پاڵەوان ئەبینین.بەڵام پاڵەوان لەسینەمای مودێرندا وەکوو سینەمای کلاسیک نییە.لە جیهانی مودێرندا،لەم جیهانە سارد و پیشەیەدا ئیتر قارەمانێک بوونی نییە،.لەدونیای مودێرندا ، ڕیگای چارەسەر کردنی کێشەکان و هەڵهاتن لەم کێشانە زۆر دیار نییە هەر بۆیە ئەگەریش قارەمانێک بوونی بێت، ئیتر گرینگ نییە.کاراکتەر لە فیلمی مودێرندا تەنهایە، قوڵترن و وا هەست ئەکرێت لە شتێک هەڵدێن و توانای ڕووبەڕوو بوونەوە و وەستانەوەیان لە بەرانبەر کێشەکان نییە.

کاراکتەر لە سینەمای مودێرن بە پێی لۆژیک بەرەو پێشەوە ناروات.ئەتوانین مرۆڤێک ببینین بە بێ هیچ هۆکارێک تووشی کێشەیەک ئەبێت و تا کۆتایی فیلمەکەیش ئەم کێشەیەی بۆ چارەسەر نابێت، لەبەر ئەوەی جوگرافیا و کەشی فیلمەکەیش تووشی ئەم کێشەن و کاراکتەرەکانیش تووشی ئەم کێشە ئەبن.

بۆ نموونە لە فیلمێکدا شارێک تووشی نەخۆشی لەبیرچوونەوە ئەبن و کاراکتەری سەرەکی فیلمەکەیش تووشی ئەم نەخۆشینە ئەبێت لەسینەمای کلاسیکدا، کاراکتەری پاڵەوان کێشەیەکی بۆ درووست ئەبێت بەڵام لە کۆتاییدا یان سەرئەکەوێت یان ئەدۆرێت.بەڵام لە سینەمای مودێرن ئیتر وەها نییە.کاراکتەر لەسینەمای مودێرن تەنیا و سەرلێشیواوە و کێشەیەکی بۆ درووست ئەبێت و توانایی چارەسەر کردنی ئەم کێشەی نییە و تا کۆتایی ئەم کێشە لەگەڵی ئەمێنێتەوە یان لە گەڵ ئەم کێشە ئەسازێت و یانیش دان بەوەدا ئەنێت کە توانایی چارەسەر کردنی ئەم کێشەی نییە.

جووڵەی کامێرا لە سینەمای مودێرندا یان زۆر زۆرە یان هەر نییە.بە پێچەوانەی سینەمای کلاسیک کە جووڵەی کامێرا لەخزمەتی ناساندنی لۆکەیشن و جوغرافیا و کاراکتەرە بە بینەر و لەڕێگای فۆرمۆڵگەلی دەرهێنان و گێرانەوەی چیرۆک ئەزانین کە کامێرا لە کۆی دابنین و چۆن بجووڵێت.

ئەگەر کامێرا لەسینەمای مودێرن جووڵەی زۆر بێت ئەوە خەریکە سەرلێشێواوی مرۆڤی مودێرنمان نیشان ئەدات.بەڵام ئەگەر کامێرا لە سینەمای مودێرن بێ جووڵە بوو ئەوە ئەیەوێت مرۆڤی بێدەنگ و تەنهای سینەمای مودێرنمان نیشان بدات. کات لەسینەمای مودێرن ڕووبە پێشەوە ناروات بە پێچەوانەی سینەمای کلاسیک.

کات لە سینەمای مودێرن ئەشکێت.لە سینەمای مودێرن ناتوانین دڵنیا بین دواتر چ کاتێکمان نیشان ئەدات. بۆ نموونە ئێستا دیمەنێکی شەو ئەبینین.لە سینەمای کلاسیک بە دڵنیاییەوە دیمەنی دواتر کە ئەیبینین دوای ئەو شەوە ڕوویداوە.مەگەر ئەوەی کە فلاش بەک یان فلاش فۆرواردمان بێت. لە سینەمای مودێرندا، دڵنیا نین کە دیمەنی دواتر لەدوای ئەو شەوە ڕوویداوە.

لەوانەیە داهاتوو نیشان بدات یان لەوانەیە خەیاڵێک، لەوانەیە دوای نیشاندانی داهاتوو بگەرێتەوە بۆ ڕابردوو و لە دوای ئەوە بگەرێتەوە بۆ هەمان دیمەنی هەمان شەو. بە کورتی شێوازی گێرانەوەی چیرۆک لە ڕوانگەی کاتەوە تێکئەشکیت و وەکوو سینەمای کلاسیک لەسەر یەک هێڵ بەرەو پێشەو ناروات.

لە سینەمای مودێرندا، ڕووداوەکانی فیلمی بە پێی پێوەندی دال و مەدلولی ڕوونادەن.لە سینەمای مودێرن لەوانەیە ڕووداوگەلێک ببینین کە نەزانێن چۆن ڕووئەدەن و تا کۆتاییش نەزانین چۆن ئەم ڕووداوە ڕویداوە.ڕووداوەکان لە سینەمای مودێرن لە پڕ درووست ئەبن و کەسێک هۆکاری درووست بوونیان نازانێت. بەڵام لە سینەمای کلاسیک ڕووداوەکان پێکەوە پێوەندی دال و مەدلوولیان هەیە و هیچ ڕووداوێک بە بێ هۆکار ڕوونادات.

بۆ نموونە لە سینەمای کلاسیک ئەگەر کەسێک بە هۆی ئەنجامدانی تاوانێک ئەخرێتە زیندان، بە دڵنیاییەوە ئەبینین بۆ ئەم تاوانەی ئەنجام داوە و چۆن ئەنجامی داوە. بەڵام لە سینەمای مودێرن تەنها ئەوە ئەبینین کە ئەم کاراکتەرە ئەخرێتە زیندان. ڕیتم لەسینەمای مودێرن خاوترە. سینەمای مودێرن سینەمای پرسیارە لە سینەمای مودێرندا لە بەر ئەوەی پلۆتی چیرۆک زۆر بەهێز نییە و کاراکتەرەکان لە سەر ڕووداوەکان کاریگەری زۆریان نییە بۆیە ناتوانن وەڵامی هەموو پرسیارەکان کە لای بەردەنگ درووست ئەبێت بدەنەوە.

بە پێچەوانە لە سینەمای کلاسیکدا هەر پرسیارێک کە دێتە ئاراوە وەڵامی پێ ئەدرێتەوە. لەوانەیە لە سینەمای مودێرن چەند پرسیارێک بۆ بەردەنگ درووست بێت.

بۆ نموونە ئەم پیاوە بۆ خراوەتە زیندان؟ بۆ هەموو ئێواران کاتژمێر 5ی ئێوارە ئەیەتە ئەم مەیدانە؟ بۆ هەر کات چا ئەخواتەوە، پێ ئەکەنێت؟بۆ بەردەوام لەگەڵ خۆی قسە ئەکات؟ کاراکتەر لە سینەمای کلاسیک وەڵامی هەموو پرسیارەکان ئەداتەوە. بەڵام کاراکتەر لە سینەمای مودێرن بەو دەرئەنجامە ئەگات توانایی چارەسەر کردنی کێشەکانی نییە و ناتوانێت بارودۆخی خۆی سەقامگیر بکات هەر بۆیە وەڵامی بەشێک لە پرسیارەکان بە کراوەیی ئەهێڵێتەوە.

سەرچاوەی فیلمەکانی سینەمای کلاسیک زۆرتر چیرۆک و ڕۆمانە گشت پەسەندەکانی سەدەی نۆزدەهەمە وەکوو چیرۆکەکانی ئالێن پۆ، بەڵام لە سینەمای مودێرن سەرچاوەکان زۆرتر لە ئەدەبیاتی مودێرنن وەکوو چیرۆکەکانی ئانتۆان چێخۆف سینەمای کلاسیک لەسەر پلۆت و پێوەندی دال و مەدلوولێ جەخت ئەکاتەوە،بەڵام سینەمای مودێرن لەسەر کاراکتەر و کەش جەخت ئەکاتەوە.

گێرانەوە لە سینەمای کلاسیک جەخت لە سەر درام و دراماتیک بوون، هەڵپەسێردراوی و ئۆبژکتیڤ بوون ئەکاتەوە و دەرئەنجام بە چاو ئەبینین، بەڵام لە سینەمای مودێرن جەخت لەسەر چیرۆکی ئیپیزۆدیک،سەرلێشێواوی، سەفەر، دوور کەوتنە لە لۆژێکی دال و مەدلووی ڕووداوەکان و لەپڕ ڕووداوەکان دێنە ئاراوە.ودەرئەنجامەکان بە شێوەی زیهنین و گێرانەوە سۆبژکتیڤە کات لە سینەمای کلاسیک نیوتۆنیە بەڵام لەسینەمای مودێرن سایکۆلۆژیە.

هەر وەها کە ئاماژەمان پێدا سینەمای مودێرن هەوڵ ئەدات لە نەریتەکان خۆی دەرباز بکات و پێکهاتە باوەکان بشکێنێت. فیلمە مودێرنەکان لە ساڵەکانی 1950 و 1960 لە ئورووپا بەرهەم هاتن. کەسانێک وەکوو ئینگمار بێرگمان، ئانتۆنیۆنی و فێدریکۆ فێلینی پێشرەوی ئەم ڕەوتە فیلمسازیە بوون.

هەر چەند ئەتوانی هەندێک لە فیلمەکانی ئۆزۆ، بێرسۆن، کۆرۆساوا،فریتز لانگ و ژان لۆک گۆدار بە پێی ئەم پێناسانە وەکوو سینەمای مودێرن بناسێنین.ئەم سینەما لە کۆتاییەکانی 1960 لەسەر هەندێک لە دەرهێنەرانی سینەمای ئامریکا کاریگەری دانا.

کەسانێک وەکوو فیلمی The Graduate 1967 مایک نیکۆڵز، فیلمی ئیزی ڕایدێری دەرهێنەر دێنیز هاپێر 1968. بێدەنگی و پێرسۆنا (بێرگمان)- L'eclisse و L'Avventura و La Notte ،ئاگراندیسمانی (ئانتۆنیۆنی) و فیلمی هەشت و نیمی (فێلینی) لەفیلمە درەوشاوەکانی سینەمای مودێرنن ئەو سەردەمەن.

سێ فیلمی شین 1993،سپی1994 و سووری 1994 دەرهێنەر کیشلۆفسکی لە نموونە سەرکەوتوەکانی دیکەی سینەمای مودێرنن.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP