دواین هەواڵ

ئابوری‌

 20/09/2021

عێراق ساڵانە بەبەهای دوو ملیار و 500 هەزار دۆلار گاز دەسووتنێت بەبێ سود

هەرێم نیوز
عێراق رۆژانە بە بەهای شەش ملیۆن و 900 هەزار دۆلار کە دەکاتە ساڵانە نزیکەی دوو ملیار و 500 هەزار دۆلار گاز دەسووتنێت و بەفیڕۆی دەدات، وڵاتێک کە یەدەگی گازە سرووشتییەکەی بە 126 تریلیۆن پێ سێجا دەخەمڵێنرێت، کەچی هێشتا گازی سرووشتی لە ئێرانەوە هاوردە دەکات.


وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ کەمکردنەوەی بەفیڕۆدانی گازی سرووشتی لەگەڵ کۆمپانیای بیکەر هیوسی ئەمریکی لە دوو کێڵگەی پارێزگای زیقار دەست بە بەرهەمهێنانی گازی سرووشتی دەکەن، بەجێبەجێکردنی پرۆژەکە عێراق دەبێتە خاوەنی 200 ملیۆن پێ سێجا گازی سرووشتی.

ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیری نەوتی عێراق دەڵێت، "ئامانجی یەکەممان بەردانی ئەو نەوتە سووتاوەیە لە وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا، ساڵی 2025 بەدڵنیاییەوە، شتێکمان نابێت بەناوی سووتانی نەوتی خام و بۆ بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا بەکاری دەهێنین، ئەوکات دەگەینە ئەو ئاستەی رێژەی ئەو گازە سرووشتییەی هاوردەی دەکەین زۆر زۆر کەمدەبێتەوە".

عێراق کە کڕیاری گازی سرووشتیی ئێرانە بۆ بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا، لەلایەن واشنتنەوە گوشاری لێدەکرێت وەبەرهێنان لە کێڵگە گازی و نەوتییەکانی خۆی بکات و چیدیکە پشت بە ئێران نەبەستێت، بەڵام تا ئەم ساتەش نیوەی کارەبای عێراق یان راستەوخۆ لە ئێران هاوردە دەکرێت یان بە گازی سرووشتیی ئێران بەشێکی وێستگەکانی کارەبای خستووەتەگەڕ.

ماسیۆ تۆلەر، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق دەڵێت، بەیکەر هیوس کۆمپانیایەکی بەنێوبانگی رێزلێگیراوی ئەمریکییە، کە ئێستا هاوبەشی لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق دەکات بۆ بەکارهێنانی گازی دەردراو و زیادکردنی بەرهەمی کارەبا بۆ خەڵکی عێراق و، هەروەها کەمکردنەوەی گازی زیانبەخش کە دەبنە هۆکاری گۆڕانی کەشوهەوا. ئەوەی کە ئەمریکا هێناویەتی بۆ عێراق، تەنها بریتی نییە لە پشتگیری ئەمن و ئاسایش، بەڵکو پشتگیریکردنی عێراق لە بەرهەمهێنانی وزە، خۆشگوزەرانی و وەبەرهێنان بۆ خەڵکی عێراق.

ئەو پشتگوێخستن و کەمتەرخەمییەی لە سێکتەری وزە، بەتایبەت گازی سرووشتیی عێراقدا هەیە، جگە لە زیانە داراییەکەی، بەردەوام عێراقی چاولەڕێی ئێران کردووە. بەو شێوەیە، ئێران جگە لە هەژموونە سیاسی و سەربازییەکەی، هەژموونی داراییشی بەسەر عێراقەوە هەیە و بە وەرگرتنی دۆلار لە بەغدا، زۆر بەئاسانی گەمارۆکانی سەر خۆی دەشکێنێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP