دواین هەواڵ

کوردستان‌

 19/09/2021

حکومەتى هەرێم یاسای تاپۆكردنی زه‌وییه‌ زیادەڕۆکان دەخاتە بوارى جێبەجێکردنەوە

هەرێم نیوز
حکومەتى هەرێمى کوردستان، شەش یاسا و رێنمایی خستە بوارى جێبەجێکردنەوە و لەناو ئەوانیشدا یاسای تاپۆكردنی زه‌وییه‌ زیادەڕۆکان بونی هەیە کە مانگی تەمموزی ئەمساڵ پەرلەمانی کوردستان یاساکەی هەموارکردەوە.

وەزارەتی دادی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ یەکشەممە ژمارەیەکی نوێی رۆژنامەى فەرمى وەقائیعی کوردستانی بڵاوکردەوە، تێدا ئەو یاسایانە خراوەتە ڕو کە بڕیارە جێبەجێبکرێن.

ئەو یاسا و رێنماییانەی لە رۆژنامەى وەقائیع بڵاودەکرێنەوە راستەوخۆ لەلایەن وەزارەتە پەیوەندیدارەکان دەچنەبواری جێبەجێکردنەوە.

6ی تەمموزی ئەمساڵ پەرلەمانی کوردستان بەزۆرینەی دەنگی 64 پەرلەمانتاری ئامادەبو، دەنگیدا لەسەر ھەمواری یەکەمی یاسای بەخاوەنکردنی ئەو زەوییانەی لە سنوری شارەوانییەکان زێدەڕۆییان لەسەر کراوە.

ژمارە 271ی رۆژنامەی وەقایعی کوردستان ئەم یاسا و رێنماییانە بڵاوکراونەتەوە:  

یاسای ژمارە 7ـی ساڵی 2021، یاسای ھەمواری یەکەمی یاسای ژمارە 3ـی ساڵی 2019، یاسای بەخاوەنکردنی ئەو زەوییانەی کە لەسنوری شارەوانییەکان، زێدەڕۆییان لەسەر کراوە لە ھەرێمی کوردستان – عێراق.   یاسای ژمارە 9ـی ساڵی 2021 یاسای بەرکارکردن و ھەمواری پیادەکردنی یاسای رەسمی پولی ئیتیحادی، ژمارە 71ـی ساڵی 2012 لە ھەرێمی کوردستان – عێراق.  

یاسای ژمارە 10ـی ساڵی 2021، یاسای بەرکارکردن و ھەمواری پیادەکردنی یاسای وەبەرھێنانی پیشەسازی ھەردو کەرتی تایبەت و تێکەڵاوی عێراقی ژمارە 20ـی ساڵی 1998ـی ھەموارکراو لە ھەرێمی کوردستانی – عێراق.  

رێنمایی ژمارە 7ـی ساڵی 2021ـی وەزارەتی ناوخۆ، رێنمایی مەرجەکانی سەلامەتی و تۆمارکردنی ئۆتۆمبێل و ماتۆڕسکێلی ھاوردەکراو.  

رێنمایی ژمارە 5ـی ساڵی 2021ـی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، تایبەت بە کارمەندانی ھێزی جێبەجێکردن سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی چاکسازی کۆمەڵایەتی ھەرێمی کوردستان – عێراق.  

بەیانی ژمارە(29-30)ـی ساڵی 2021ـی وەزارەتی ناوخۆ.  



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP