دواین هەواڵ

کۆمەڵایەتی‌

 18/09/2021

قۆناغی دوای ئەنجامەکان ساڵانە

‌کامەران ئیبراهیم شێروانی

دوا بە دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی هەردوو خولی قوتابیانی پۆلی ١٢ی ئامادەیی، بۆ گشت بەشە جیاجیاکان، زانستی، وێژەیی، پیشەسازی و بازرگانی، نۆرەی قۆناغی دوای ئەنجامەکان دێت، کە ئەویش قۆناغی پڕکردنەوەی فۆڕمی وەرگرتنی قوتابیانە لە زانکۆ و پەیمانگاکانی سەر بە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، کە ساڵانە لە لایەن ئەو وەزارەتە فۆرمێکی تایبەت لە ڕێگەی پلاتفۆرمێک لەژێر ناوی ڕێگای زانکۆ ئامادە و بڵاودەکرێتەوە،

ئەگەر ئەو قۆناغە ( قۆناغی پێشکەشکردنی داوا بۆ زانکۆ و پەیمانگاکان) گرنگتر نەبێت لەو کۆششەی کە قوتابیان کردویانە بۆ بەدەستهێنانی نمرەی گونجاو ئەوا هیچی کەمتر نیە، چونکە لە ئەگەری ئەنجامدانی هەر هەڵەیەک ئەگەر بچوکیش بێت لە کاتی پڕکردنەوەی فۆڕمەکەدا ڕەنگە داهاتووی قوتابی تەواو گۆڕانکاری بەسەردا بێت، یاخود قوتابی توشی چەندان گرفت و ئاستەنگ بکات تا ڕاستکردنەوەی ئەو هەڵەیە!

بۆیە قۆناغی دوای وەرگرتنەوەی نمرەکان دەکرێت دابەش بکرێن بۆ سەر دوو تەوەری سەرەکی:

تەوەری یەکەم: قۆناغی پڕکردنەوەی فۆڕم( زانکۆ لاین) لەم قۆناغەدا چەند خاڵێکی گرنگ بە پێویست دەزانم کە تیشکی بخەمە سەر:

١_ سەرەتا هەوڵبدە هیچ پەلە مەکە لە پڕکردنەوەی فۆڕمەکەت، چونکە ساڵانە وەزارەتی خوێندنی باڵا و نوێژینەوەی زانستی ماوەیەک دیاریدەکات بۆ پڕکردنەوەی فۆڕمەکە.

٢_ کەسێکی شارەزا بدۆزەرەوە بۆ پڕکردنەوە فۆڕمەکەت ( مەرج نیە کەسە شارەزاییەکان تەنها لەو سەنتەرانە بن کە پارە وەردەگرن، هەرچەندە ڕەنگە ئەم سەنتەرانە خەڵکانێک بەڕێوەی ببەن کە خاوەنی چەند ساڵێک ئەزموونن لە پڕکردنەوەی فۆڕمەکان).

٣_ بەرلەوەی بچیتە لای کەسێک بۆ پڕکردنەوەی فۆڕمەکەت هەوڵبدە ئەو بەشانە یاخود ئەو زانکۆیە یاخود ئەو شارەی کە دڵخوازی خۆتە بیاننووسە لەلای خۆت بۆ ئەوەی بزانی چیت دەوێت ( چونکە ڕەنگە بچیت بۆ لای کەسێک زۆر سەر قال بێت، کاتی بیرکردنەوە یاخود گۆڕینی بەشەکەت پێنەدات).

٤_ زۆر گرنگە هەوڵی دۆزینەوەی قوتابییەک یاخود کەسێک بدەیت بۆ ئەوەی بەرچاوڕوونیەکت پێبدات لەسەر ئەو بەشەی کە دڵخوازی تۆیە.

٥_ هەوڵبدە بزانی کە بازاڕی کار دوای چوار ساڵی تر چ بەشێکی پێویستە ( ئەمەش بە پرسیارکردنی زۆر بۆت ڕووندەبێتەوە، بە تایبەت لە کەسانی شارەزا).

٦_ خۆت بڕیاربدە ، چونکە تۆ زیاتر لە هەر کەسێک خودی خۆت دەناسی، بڕیار لەسەر ئەو بەشەی دڵخوازی خۆتە بدە.

٧_ مەرج نیە نمرەت بەرزبێت هەوڵی بەشێکی بەرزبدەی، هەوڵبدە بەشی دڵخوزای خۆت چیە ئەوەیان هەڵبژێرە ( دڵنیابە سەرکەوتودەبیت تێیدا).

تەوەرەی دووەم: قۆناغی دەسپێکی زانکۆ یاخود پەیمانگا, قۆناغی گەڕانەوەی ناوی قوتابیان لەو بەشەی کە دڵخوازی خۆیەتی یاخود لە فۆڕمەکەدا هەڵیبژاردوە، ئەم قۆناغە بەم چەند خاڵەی خوارەوە ڕووندەکەمەوە:

١_ دوای ١٢ ساڵ یاخود زیاتر خوێندن لە قۆناغە جیاجیاکانی خوێندن لە قوتابخانەی جیاواز و ژینگەی جیاواز، ئێستا قۆناغێکی تری ژیانت دەست پێدەکات ئەویش قۆناغی خوێندنی زانکۆ یاخود پەیمانگایە.

٢_ئەم قۆناغە ( قۆناغی خوێندنی زانکۆ یاخود پەیمانگا) سەرەتایی قۆناغەکانی ڕوبەڕوبونەوەی ژیانە، ئا لێرەدا سەرەتایەکی نوێ و جیاواز دەستپێدەکات.

٣_ قۆناغی خوێندنی زانکۆ یاخود پەیمانگا بە هیچ جۆرێک قۆناغی پشودان نیە دوای ساڵانێکی زۆر لە خوێندن، چونکە قۆناغی زانکۆ ئەگەر لە قۆناغی پێشوتری قورسترنەبێت هەرگیزاو هەرگیز ئاسانتر نیە ( زۆر جار و لە زۆرێک لە قوتابیان گوێمان لێدەبێت کە دەڵێن زانکۆ یاخود پەیمانگا واتە پشوودان و کات بەسەربردن, کە ئەمەش هەڵەیەکی زۆر گەورەیە).

٤_ هەوڵبدە پلانی تایبەتی خۆتت هەبێت بۆ زانکۆ و ژیانی زانکۆ، ئامانجی گەورە لە هزرتدا جێگیر بکە ، پلانی بۆدابنێ وە کاری لەسەر بکە، بیانۆ مەهێنەرەوە بۆ ئەوەی سەرکەوتونەبیت لە گەیشتن بە ئامانجەکانت.

٥_ چێژ لە هەموو ساتێکی ئەم قۆناغە نوێیە وەرگرە، چالاکبە، هەوڵبدە، بخوێنە، بخوێنەوە، بنووسە، پێشبکەوە، مەوەستە، پێشەنگبە، مەهێلە هیچ شتێک بتوەستێنێت. چەندین خاڵی تر هەن کە لە ژیانی زانکۆیتدا بە تێپەڕبوونی کات دانە بەدانەی بۆت ڕووندەبێتەوە. بۆیە قۆناغی دوای دەرئەنجامەکانی پۆڵی ١٢ تونێلێکە و خۆت دەتووانی چارەنووست دیاری بکەی... 



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP